ئاب 23, 2019

تازەترین دیراسەی بانکی نێودەوڵەتی: عێراق موفلیسە

لەپێشینەترین ستراتیژیەتیەکانی ئەمەریکا لەناوچەکەدا چیە؟ لەکام وڵاتە یان لەکام ناوچەیەدا پێویستە ستراتیژیەتی ئەمەریکا بایەخی زیاتری پێبدرێ و چالاکتربێ؟

ناوەندی ستراتیژی و بەدواداچونی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی لەسەر گرنگی ستراتیژیەتی ئەمەریکا لەناوچەکدا بڵاوکردۆتەوە و تیایدا هاتوە، سیاسەتی ئێستای ئەمەریکا پلانێکی دیاری ئاشتی تێدا بەدی ناکرێ بۆ ئاشتی ئیسرائیل و فەلەستین، وە ئەگەر هەشبێ گەرەنتیەک نیە بۆ سەرکەوتنی پلانی ئاشتی و سەقامگیری لەو ناوچەیەدا. سەقامگیری و گەشەسەندنی هاوپەیمانیەتیە سەرەکیەکانی ئەمەریکا لەوانە وەکو میسر و ئەردەن بەبایەختر دەردەکەون لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا لەناوچەکەدا.
لەبارەی عێراقەوە لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، عێراق بۆ ئەمەریکا بەبایەختر و گرنگتر دێتەبەرچاو لەبارەی هەبوونی سەقامگیری و گەشەسەندندا، وە ڕۆڵی لەنەهێشتنی بوونی ئێراندا و، ڕۆڵی لە تێکشکانی داعش و نەهێشتنی سەرهەڵدانی هەڕەشەی توندڕەوەکاندا و، وە ڕۆڵی لە بەردەوامیدانی سەقامگیری هەناردەی پیترۆڵەکەی بۆ دەرەوەی کەنداو و کاریگەری دروستکردن لەسەر ئابوری جیهان و بازرگانی ئەمەریکادا ڕەنگدانەوەی ستراتیژی ئەمەریکا دەبێ هەبێت.
عێراق وڵاتێکی تاڕادەییەک لاوازە، بەتایبەتی بەهۆی ناسەقامگیری و نەبونی حکومەتێکی بەهێز و شەفاف لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا دەوڵەتی عێراق لەوڵاتێکی بەسەرمایە و دەست وبازوەوە بەرەو وڵاتێکی موفلیس و لاواز بردوە.
تازەترین دیراسەی بانکی نێودەوڵەتی ئەوە دەردەخات کە عێراق موفلیسە، وە یەکێکە لەخراپترین وڵاتەکانی دنیا لەڕووی بەڕێوەبردنەوە. لەتازەترین ڕاپۆرتی شەفافی نێودەوڵەتیدا دەرکەوتوە عێراق یانزەهەمین وڵاتە لەهەرە گەندەڵترین حکومەتەکانی جیهان لەڕووی شەفافیەتی نیودەڵەتیەوە.
یەکێک لەو گرفتانەی کە ئێستا ڕووبەڕووی حکومەتی عێراق بۆتەوە گێرانەوە ئاوارە سوننەکان و، ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیانە لەدوای ڕزگارکردنەوەی ناوچەکانیان لەژێر دەستی داعش، سارێژکردنەوەی ئەو برینانە توانایەکی بەهێزی دارایی و ئیداری پێویستە، وە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئاشتەوایی و یەکگرتووی عەرەبەکان هەروا کارێکی ئاسان نیە. عێراق بەشێکی زۆری بودجەکەی بۆ بواری سەربازی تەرخانکردوە کە لە (١٠%) وە یان زیاتریش لەکۆی داهاتی نیشتمانی وڵاتەکەی، وە لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە بەسەدان ملیار دۆلاریشی پێویستە بۆ هەنگاونان بەرەو سەقامگیری و کەوتنە سەر ڕێگای گەشەسەندن، کە دەبێ حکومەتێکی بەهێز لەچوارچیوەی ستراتیژیەتی بەهێزدا ئەو هەنگاوانە ببڕێ.
لەڕووی ئاسایش و سەقامگیری و هەڕەشەی گروپە توندڕەوەکانەوە بەتایبەتی داعش لەناوچەکەدا لەتوێژینەوەکەدا هاتوە، هەواڵگرە ئەمەریکاییەکان ئاماژەیان بەوەداوە ژمارەی چەکدارە ماوەکانی داعش لەڕۆژئاوای عێراق زیاتر وەکو لەسووریا، وە بەشێوەیەکی بەرفراوان ڕۆژئاوای عێراق و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەیە بۆیە ئەوە ڕوونە کە ڕۆژئاوای عێراق ناتوانێ بەئاسایش و سەقامگیربێ ئەگەر بێتو ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناسەقامگیری و نەبوونی ئاسایشدا بمێنێتەوە.
بۆ ئەوەی عێراق بەهێزبێ دەبێ یەکگرتوو و سەقامگیر بێ، ئەوە ڕوونە کە هەتا عێراق ئابوریەکی بەهێزی نەبێ، هەتا یەکگرتوو نەبێ ئەوا ناتوانێ بەتاڵ بێ لەدەستێوەردانەکانی ئێران و، ناشکرێ ببێتە مایەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە.
بۆ ئەوەی عێراق لەقۆناغی ئێستاوە بەرەو گەشەسەندن و سەقامگیری بڕوات ئەوا ئاشکرایە کە دەبێ هەوڵی بەهێز و گەشەسەندووبدات لەپێناو یەکخستنی پارچەکانی، لەپێناو یەکخستنی هێزە دابەشبوەکانی، وە کەرتی گشتی کە لەئێستادا سێکتەرێکی نەگونجاوە لەڕووی ئیداریەوە و سەرچاوەی بەفیڕۆدانی ئابوریەکەیەتی پێویستە چاکسازی تێدابکرێ بەهەمان شێوە چاکسازی لەبواری کشتوکاڵ و ئاویشدا لەعێراق زۆر گرنگ و پێویستیە.
ستراتیژیەت و پلانی ئەمەریکا لەعێراق پێویستی بەچالاککردن و کارکردنی زیاتر هەیە لەوەی کەلەئێستادا دەبینرێ، لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، بۆ ئەوەی عێراق سەقامگیر و بەتوانابێ و ڕۆڵی هەبێ لەدابینکردنی ئاسایشی کەنداو لەدژی هەڕەشەکانی ئێران، ئەوا ئەمەریکا پێویستە کاربکات لەسەر پرسە سەرەکیەکان، وە ستراتیژیەت و پلانێکی ڕوونی هەبێ بۆ مامەڵەکردن لەسەر پرسە بنەڕەتیەکان ئەو پرسانەی کاریگەرداربوون لەسەر ئاسایش و سەقامگیر و گەشەسەندنی عێراق.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler