ئازار 21, 2019

عێراق گاز لەئێرانەوە هاوردەدەکات بۆ دابینکردنی کارەبای نیشتمانی

ئەمەریکا ماوەی بەخشینی عێراقی لەسزایەکانی سەر ئێران بۆ (٩٠) ڕۆژی دیکە درێژکردەوە، ئەو دەرفەتە کاتێکی باشە بۆ عێراق و، وە بەغدا دەتوانێ بەردەوام بێت لەهاوردەکردنی گازی ئێرانی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ هاونیشتمانیان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) پێشتر حکومەتی عێراقی شاندێکی ڕەوانەی ئەمەریکا کردبوو بۆ هەوڵدان بۆ درێژکردنەوەی بەخشین لەسزایەکانی سەر ئێران و بەردەوام بوون لە کڕینی گازی ئێرانی بۆ سێکتەری کارەبای وڵاتەکەیان.
بەرپرسانی عێراقی ئەوانەی ئامادەی گفتوگۆیەکان لەگەڵ ئەمەریکا بوون، بە (ڕۆیتەرز) یان ڕاگەیاندوە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو گەرەنتی درێژکردنەوەکەیان پێدراوە و، هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لەو بارەیەوە ڕایگەیاندوە، ماوەی (٩٠) ڕۆژی دیکە گەرەنتی دراوە بە عێراق بۆ بەردەوام بوون لە پارەدان بۆ هاوردەکردنی کارەبا لە ئێران، وە بەخشینەکە بۆ کارەبا و بۆ گازیشە.
ئەمەریکا لەمانگی ئایاری ڕابردوەوە لەڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران کشاوەتەوە و، لەمانگی ئابدا یەکەم قۆناغی سزایەکانی سەر ئێرانی چەسپاندەوە، وە قۆناغی دووەمی سزایەکانیشی لەمانگی تشرینی دووەمدا سەپاندەوە کە تایبەت بوون بە کەرتی وزە و، سێکتەری بانک و، کەشتی و فڕۆکەی ئەو وڵاتە.
عێراق سەرەتا (٤٥) ڕۆژی پێدرابوو بۆ بەردەوامبون لەکڕینی گاز و هاوردەکردنی کارەبا لەئێرانەوە بەڵام بەرپرسانی عێراقی دەڵێن بەغدا دوو ساڵی پێویستە تاوەکو بتوانێ سەرچاوەی جێگرەوەی ئێران بۆ دابینکردنی کارەبا پەیدابکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەهەوڵدان بۆ ڕازیکردنی ئەمەریکا بەردەوام دەبێ.
عێراق بەشێوەیەکی چڕ پشتی بەگازی ئێرانی بەستوە بۆ وێستگەکانی کارەبای، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ڕۆژانە بەنزیکەیی ملیارونیوێک پێ سێ جا گاز لەڕێگای بۆڕییەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتەوە هاوردەدەکات.
بۆ ئەوەی پشت بەخۆی ببەستێت، ئەەمریکا هاوکاری عێراق دەکات و لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندوە واشنتن بەردەوام دەبێ بۆ ئیشکردن لەگەڵ عێراق تاوەکو کۆتایی بەپشتبەستن بەگازی سروشتی ئێران بهێنێت و سەربەخۆیی وزە لەوڵاتەکەی خۆیدا پەرەپێبدات.

کارەبا پرسێکی هەستیارە:
چەند بەرپرسێکی باڵا و بانکی ناوەندی عێراقی بە (ڕۆیتەرز) یان ڕاگەیاندوە، هەتا ڕۆژی هەینیش گفتوگۆیەکان لەگەڵ ئەمەریکا درێژەیان هەبوە بۆ تەواوکردن چۆنیەتی درێژکردنەوەکە و، شێوەی پارەدانەکە بەئێران بۆ هاوردەکردنی وزە.
ئیدارەی (دۆناڵد ترەمپ) گوتویەتی عێراق نابێ دۆلار و یۆرۆ بداتە ئێران، بۆ ئەو مەبەستە تیمێکی بانکی ناوەندی لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراقی ئامادەی گفتوگۆیەکان بوون تاوەکو چارەسەر بۆ ئەو بابەتەش بدۆزنەوە.
پرسی کارەبا لەعێراقدا پرسێکی گرنگە و بەهۆی کەموکورتی خزمەتگوزارییەکان لەعێراق و بەتایبەتی کارەبا لەهاوینی ڕابردوودا خۆپیشاندانی بەرفراون لەناوچەکانی باشوری عێراق دروستبوو، هەتاوەکوو ئێستاش ماوە ماوە ئەو خۆپیشاندانانە سەرهەڵدەدەنەوە و هێشتا هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە چاوەڕێی باشترکردن و زیاترکردنی خزمەتگوزارییەکانیانن.
(عادل عەبدولمەهدی) سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵدەدات ئەو پرسانە چارەسەربکات بۆ هاوڵاتیان، لەئێستادا بڕینی گازی ئێرانی لەسەر عێراق دۆخەکە ئاڵۆزتردەکات بۆیە لەو چوارچێوەیەدا عێراق دەیەوێ درێژە بەو ڕێکەوتنەی پێشوی لەگەڵ ئێراندا بدات. (عەبدولمەهدی) لەو بارەیەوە لە (١١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨) ەدا گوتی، ئەمەریکا کاردەکات لەگەڵ عێراقدا لەسەر پرسی گازی ئێرانی چونکە ئەو پرسە پەیوەستە بە بابەتێکی هەستیارەوە کە ئەویش کارەبایە.
شیاوی باسکردنە، لەماوەی ڕابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەناردنی شاندێکی باڵا کرد بۆ ئەمەریکا بۆ داوای درێژکردنەوەی بەخشینی عێراق لەسزایەکانی ئێران، ئەوەبوو لەڕۆژی (٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨) ەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەدوای تەواوبوونی (٤٥) ڕۆژەکەی پێشوو، ماوەی بەخشینەکەی بۆ (٩٠) ڕۆژی دیکە بۆ عێراق درێژکردەوە تا بەردەوامی بەکڕین و هاوردەکردنی گازی سروشتی و کارەبا لەئێرانەوە بدات.
ئەمەریکا دەیەوێ کاریگەرییەکانی ئێران لەناوچەکەدا کەمبکاتەوە و نەیانهێڵێت، بۆ ئەو مەبەستە دەیەوێ لەڕێگای سزا خستنە سەر ئێران توانای ئابوری ئەو وڵاتە لاوازبکات.
عێراق و ئێران بێجگە لەوەی کەسنورێکی درێژیان پێکەوە هەیە، هاوکات ئێران کاریگەری گەورەی لەسەر عێراق هەیە چ لەڕووی بازرگانی و چ لەڕووی سیاسیەوە.  ئەمەریکا دەیەوێت عێراق پشت لەئێران بکاتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا ڕابگرێت بۆ ئەوەش ئامادەیی هەیە هەماهەنگی و یارمەتی عێراق بدات لەبوارەکانی وەبەرهێنان و بازرگانیدا.
لەڕاستیدا عێراق لەپانزە ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ناسەقامگیری و شەڕ و گەندەڵی زۆرەوە نەیتوانیوە ژێرخانی ئابوری خۆی ببوژێنێتەوە و، بەشێكی زۆری کەلوپەل و پێویستیەکانیشی لەئێرانەوە هاوردەکردوە، ئەوەش وایکردوە کە سزایەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران بۆ عێراق قورس و کاریگەرتربن.
عێراق گاز لەئێرانەوە هاوردەدەکات بۆ دابینکردنی کارەبای نیشتمانی، لەماوەی ڕابردوودا ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ئاماژەیان بەڕێکەوتنی پێشوی عێراق و ئێران کردبوو کە لەساڵی (٢٠١٣) ەدا واژۆکردوە بۆ کرینی گاز ئێرانی و ڕەوانەکردنی بۆ کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەعێراقدا. وە بەپێی ئەو ڕێکەوتنە ڕۆژانە ئێران گازی پێویست بۆ عێراق دابیندەکات، هەڵبەتە عێراق دووەمین هاوردەکاری گازی ئێرانە کە زۆرترین گازی لەئێرانەوە هاوردەدەکات بۆ پڕکردنەوەی پیداویستیەکانی.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ڕۆژانە ئێران نزیکەی (٤٠ بۆ ٦٠ملیۆن مەترس سێ‌جا) گاز بۆ بەغدا و بەسڕە دەنێرێ تا ماوەی شەش ساڵی داهاتوو، وە هەردوو وڵات نزیکەی (٢،٣ ملیار) دۆلاریان بۆ ئەو وەبەرهێنانەدا تەرخان کردوە.

 

و/ خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler