ئەم پەڕەیە چاپ بکە

داعش سەرچاوەکانی ژیانی گوندنشینەکانی لەناوبردوە

ساڵیک بەسەر سەرکەوتن بەسەر داعشدا تێپەڕی و عێراق یادی ڕزگارکردنەوەی ناوچەکانی پیرۆزکرد، کەچی هێشتا بەسەدان هەزار کەس لەئاوارەیدا دەژین و ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، هەڵبەتە بەشێک لەهۆکارەکان ئاسایش و نەبوونی خزمەتگوزارییەکانە بەڵام بەشێکی دیکە ئەوەیە کە ئەو خەڵکانەی لەگوندەکانەوە ڕایانکردوە داعش باخ و بیرەکانیشی لێ تێکداون کەسەرچاوەی ژیانی جوتیارەکانی ئەو ناوچەیە بوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئەی ‌بی ‌سی) تێكچونی ژینگەی ژیان لەگوندەکانی ژێر دەستی داعش لە عێراق کەمترنیە لەتێکچونی شارەکانی عێراق کە پێشتر لەژێر دەستی داعش دابوون، بۆیە لەسەر حکومەتی عێراقی پێویستە هەرچی زووە کاربکات بۆ گێڕانەوەی ژیان بۆ گوندەکانیش.
(ڕیچارد پیێرهاوس) ڕاوێژکاری باڵای قەیرانەکان لەڕێکخراوی ئەمنستی نێودەوڵەتی لەو بارەیەوە گوتی، لەکاتێکدا کە تێكچونی گوندەکانیش وەکو شارەکان وایە بەڵام خەڵکی گوندەکان بەشێوەیەکی گشتی لەبیرکراون.
بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی ناوچەکانی باکوری عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەهۆی داگیرکاری داعشەوە دابەزیوە، ئەو ناوچانە کێڵگەکانیان بەمین چێنراون، باخەکانیان سوتاون و بیرەکانیان تێکدراون، بەو هۆیەوە بەرهەمی ئەو ناوچە کشتوکاڵیانە بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی بڵاوکراوەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، داعش باخەکانی سوتاندون یان بڕیونی، بیرەکانی خاپورکردون و پڕیکردونەوە بەپلاستیک و کەلوپەلە پاشماوەکان، هەروەها چەکدارەکانی داعش پەمپی ئاوەکان و، کەیبڵ و مەکینەکانەکانی دزیون. وە ئەمنستی داوای لەحکومەتی عێراق کردوە ژێرخانی گوندەکان چاکبکاتەوە و، قەرەبوی ئاوارەکان بکاتەوە تاوەکو بتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان.
بەپێی ڕاپۆرتەکە هۆکاری نەگەڕانەوەی بەشێکی زۆری ئاوارەکان لەناوچونی سەرچاوەکانی ژیانیانە لەگوندەکان، بەرهەمی کشتوکاڵیەکان بەڕێژەی (٤٠%) کەمتر بوە لەساڵی (٢٠١٤) ەو هەروەها بەرهەمی ئاژەڵیش لەو ناوچانە بەڕێژەی (٧٥%) لەناوچوە، کە لەهەندێک شوێن ئەو ڕێژەیە (٩٥%) یە.
داعش بەئەنقەست ئەو ناوچانەی تێکداون و ویستویەتی ژینگەی گوندەکانی عێراق بەتەواوەتی لەناوببات. ماجدال جوتیارێکی گوندەکانی باشوری شنگالە و دەڵێ کاتێ گەڕاینەوە هیچمان نەمابوو، نزیکەی (١٠٠) داری زەیتونمان هەبوون بەڵام هەموویان بڕیبون و سوتاندبویانن، ئەوان نەیاندەویست ئێمە بتوانین بگەڕێینەوە بۆ زەوییەکانی خۆمان.
ڕێکخراوی کۆچبەرانی نێودەوڵەتی لەعێراق لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەداوە هۆکارێکی سەرەکی کە ئاوارە ناوخۆییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان لەناوچونی سەرچاوەکانی ژیانیان و، تێكڕوخانی خانوەکانیانە، ئێستا بەسەدان هەزار خێزانی ئاوارە درێژە بەئاوارەیی دەدەن و ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لەبەردەم گەڕانەوەیاندا.
شیاوی باسکردنە، لەمانگی ئابی ڕابردوودا تیمێکی لێکۆڵینەوە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دروستکراوە و دەستبەکاربوە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و پاشـماوەکانی داعش لەو کردەوە تیرۆریستی و تێکدەریانەی ئەنجامیداون لەعێراق کە لەوانەیە ببنە تاوانی شەڕ و شەڕ لەدژی مرۆڤایەتی و، جینۆساید.
شارەزاییان بواری مرۆیی و یاسایی لەو باوەڕەدان هەموو ئەو کردە تێکدەریانە و تاوانانەی داعش لەدژی مرۆڤایەتی لەعێراق ئەنجامیداون پێویستە وەکو تاوانی شەڕ و دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە بەفەرمی بناسرێن و هەماهەنگی پێویست بکرێت بۆ یارمەتیدان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی دەستی ئەو گروپە.
هەروەها حکومەتی عێراقی پێویستە کاربکات بۆ چاککردنەوەی ژێرخانی ئابوری ناوچەکان بەتایبەتی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش، سەرهەڵدانی داعش بەهۆی قوڵبونەوەی کێشە سێکتەریەکان و لەبیرکردنی خەڵکی ئەو ناچانە بوە، وە (پیێرهاوس) لەو بارەیەوە دەڵێ، کاتێ داعش لەساڵی (٢٠١٤) ەدا بەعێراقدا بڵاوبۆوە لەفەقیری گوندەکانەوە گەشەی کرد بۆیە حکومەتی عێراق پێویستە ئەوەی لەبەرچاوبێ کە هەر شتێکی هاوشێوە جارێکی دیکە دەشێ ڕووبدات.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر