حوزەیران 24, 2019

لەعێراق ئاستی نەخوێندەواری بەرزبۆتەوە

لەماوەی ڕابردوودا حکومەتی عێراقی کەمتەرخەم بوە لەباشترکردنی سێکتەری پەروەردە و دابینکردنی ناوەندی خوێندن بۆ هاوڵاتیان و ئەوەش سەرەنجام کاریگەری هەبوە لەسەر بەرزبونەوەی ئاستی نەخوێندەواری لەناوچە جیاجیاکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی لەبەغدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئەلمۆنیتەر) لەعێراقدا ئاستی نەخوێندەواری بەڕێژەیەکی بەرچاو بەبەراوورد بەڕابردوو بەرزبۆتەوە، بەپێی لێدوانی سەرۆکی بەشی خوێندەواری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە لە بەسڕە بەشداری قوتابیان لەناوەندەکانی خوێندن لەساڵی (٢٠١٨) ەدا لە(بەسڕە) ی باشوری عێراق کەمبوە و دابەزیوە، ئەو ڕێژەیە بەبەراوورد بەساڵی (٢٠١٣) بەئاستی دوو لەسەر سێ دابەزیوە.
لەو بارەیەوە (کریم حنزال عبدولکریم) سەرۆکی بەشی خوێندەواری گوتی، دوو ڕێژەی زۆر جیاواز و گەورەن کە ڕێژەی بەشداری ئەو ساڵ بەساڵی (٢٠١٣) بەراوورد دەکەی، لە (٣٣٩) ناوەندی خوێندن لەبەسڕە لەساڵی (٢٠١٣) ەدا ئاستی بەشداری خوێندنی قوتابیان نزیکەی (٣٩ هەزار) قوتابی بوە، بەڵام لەساڵی (٢٠١٨) ەدا تەنها (١٢٠٠) قوتابی لە (٢١) ناوەندی خوێندندا تۆمارکراون.
شارەزایانی بواری پەروەردە هۆکاری بەرزبونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری لەناوچەکانی خوارووی عێراقدا دەگێڕنەوە بۆ ئەو مەودایەی کە عێراق بەشەڕی داعشەوە خەریک بوو، لەو ماوەیەدا واتە لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا بەشێک لەخەڵکی ئاوارەبون و هێشتاش بەشێکی هاوڵاتیان لەکەمپەکان یان لەشوێنەکانی دیکە لەئاوارەیدا دەژین.
بەپێی ڕاپۆرتەکە نزیکەی (٣،٥ ملیۆن) کەس لەئاوارەیدا بوون و نەیانتوانیوە دەستیان بەقوتابخانە یان چالاکیەکانی خوێندن ڕابگات، وە کاتێک گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان لە پارێزگایەکانی نەینەواو و، ئەنبار و سەڵاحەدین جارێکی دیکە بەهۆی ڕووخانی قوتابخانەکانەوە نەیانتوانیوە بەشداری لەپرۆسەی خوێندن بکەنەوە.
ڕێژەی نەخوێندەواری لەعێراقدا لەنێوان توێژی لاواندا لەئاستێکی بەرزدایە، بەپێی داتایەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاستی نەخوێندەواری لەنێو لاواندا بەرزبۆتەوە بۆ (٩%).
گەنجان لەعێراقدا نزیکەی (١٠،٥%) ی دانیشتوانی عێراق پێکدێنن، وە لەو بارەیەوە (سلمان ئەلجومەیلی) وەزیری پێشوی پلاندانان لەساڵی (٢٠١٧) ەدا بە (ئەلمۆنیتەر) ی ڕاگەیاندوە کە نزیکەی (٤٥٠ هەزار) گەنج لەعێراقدا نەخوێندەوارن.
هەر لەبارەی بەرزبونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری لەعێراقدا، (قوسەی الیاسری) ئەندامی پەرلەمانی عێراقی لەلیژنەی پەروەردە گوتی، ڕێژەی نەخوێندەواری لەعێراقدا لەنێوان (٤٥ بۆ ٥٠%) دا دایە، ئەو ئاستە بەرزەی نەخوێندەواریش کێشەی گەورە بۆ وڵات دروستدەکات.
ناوچەکانی عێراق ئەوانەی کە ئاستی نەخوێندەواریان تێدا بەرزە بەزۆری ئەو ناوچانانەن کە پێشتر کەوتوبونە ژێر دەستی داعش، (الیاسری) هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ناوچەکانی ژێر دەستی داعش خەڵکەکایان ئاوارە بوە و ماوەی نزیکەی چوار ساڵ لە ئاوارەیدا بوون، وە بەرزبوەنەوەی ئاستی هەژاریش هۆکارێکی دیکەی هەڵکشانی نەخوێنداری بوە.
هەر لەبارەی بەرزبونەوەی ئاستی نەخوێندەواری لەعێراقدا، (ڕێزان شێخ دلێر) ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی کاروباری ئافرەتان و منداڵان بەڕاپۆرتەکەی ڕاگەیاندوە، نەخوێندەواری بەشێوەیەکی بەرفراوان بەعێراقدا بڵاوە، بەتایبەتی لەنەوەی دوای ساڵی (٢٠٠٣) ەوە. شەپۆلی ئاوارەبونەکان لەو کاتەوەی سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکانی سێکتەری لەوڵاتدا لەساڵی (٢٠٠٦) ەوە دروستبوو کاریگەری گەورەی هەبوە لەسەر ئەو بارودۆخە. لەکاتێکدا کە نزیکەی (١٠%) ی قوتابیان تۆمارنەکراون، وە زۆربەی ئەوانەیشی ئامادەی خوێندنیش بوون وازیان هێناوە.
ڕاپۆرتەکە چەند داتایەکی لەبارەی ئەو قوتابیانەوە دەستکەوتوە، بەپێی ئەو زانیاریانە نزیکەی (١٣٢ هەزار) قوتابی لەعێراقدا لەدوای بەشداریکردنیان لەپرۆسەکانی خوێندن دواتر وازیان هێناوە.
شیاوی باسکردنە، لەساڵی (١٩٧١) دا حکومەتی پێشوی عێراق یاسایەکی دەرکردوە بۆ ڕووبونەوەی نەخوێندەواری کە بەپێی داتایەکانی یونسکۆ عێراق ئەو یاسایە سەرکەوتوو بوە و لەو ماوەیەدا تاوەکو ساڵی (١٩٨٧) ئاستی نەخوێندەواری بەڕێژەی (٢٠%) کەمکردۆتەوە.
لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەعێراق لەساڵی (٢٠٠٣) دا، عێراق ئۆقرەیی و ئاسایشی وەکو پێویست نەبوە، هەروەها لەو ماوەیەدا قوڵبونەوەی کێشەکانی سێکتەری و بەرزبونەوەی ئاستی هەژاری و، هەبوونی گەندەڵی بەرفراوان لەعێراقدا کاریگەری گەورەیان هەبوە لەسەر هەڵکشینی ڕێژەی نەخوێندەواری لەعێراق.
لەگەڵ هاتنی داعشیش بۆ عێراق لەساڵی (٢٠١٤) ەدا کاریگەرییەکان لەسەر کەرتی پەروەردە و بەتایبەتی نەخوێندەواری زۆرتر دەرکەوتون، ئەو خەڵکانەی توشی ئاوارەیی بوون نەیانتوانیوە وەکو پێویست منداڵەکانیان بنێرنە بەرخوێندن. وە شارەزاییان لەو باوەڕەدان کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوان لەلایەن داعشەوە هۆکاری گەورە بوە لەپشت بەرزبونەوەی ئاستی نەخوێندەواری، لەپاڵ ئەوەشدا کەموکورتی لە دامەزراوەکانی خوێندن و دابین نەکردنی پارەی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخە ئاستی نەخوێندەواری بەبەرزی هێشتۆتەوە.
هەر لەسەر هۆکارەکان (انس العزاوی) ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لەعێراق ئاماژەی بەوەداوە چەند فاکتەرێک بونەتەهۆی بەرزبونەوەی نەخوێندەواری لەوانە کەمی ناوەندەکانی خوێندن و پیویستیەکانی خوێندن و پەروەردە لەکەرتی پەروەردەدا، وە ئاسایش و، ئابوری و، قەیرانی کۆمەڵایەتیش لەوڵاتدا ئەو کێشەیەیان قوڵترکردۆتەوە. هەروەها گوتیشی حکومەتەکانی پێشوی عێراق شکستخواردوو بون لەهەبوونی ڕۆڵێکی کاریگەر و پێویست بۆ ئەو مەبەستە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler