کانونی یەکەم 11, 2018

ناکۆکی شیعەکان حکوومەتی پەکخستووە

ناکۆکی شیعەکان حکوومەتی پەکخستووە

 

ناکۆکی نێوان دوو لیستی باڵای شیعەکان کە لیستی سائیرون و لیستی بینایە لەسەر بەربژێرەکان بۆ وەزارەتەکان لەماوەی ڕابردوودا هۆکاری پڕنەکردنەوەی وەزارەتەکان و سەرەنجام ناتەواوی حکومەتی نوێی عێراق بوە، ئەوەش ڕەنگدانەوەی لەسەر جێبەجێکردنی ئەجێندای حکومەت هەبوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) لەدوای زیاتر لەشەش مانگ لەهەڵبژاردنی گشتی لەعێراقدا قوڵبونەوەی ناکۆکی نێوان شیعەکان بۆتەهۆی پەکخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی، لەکاتێکدا ئەرکی ئەو حکومەتە قورسە و دەرچونە بەرەو ساڕێژبونەوە و چاککردنەوەی عێراق لەدوای چەندین ساڵ لەشەڕ و وێرانبونی ناوچەکانی.
دوو گەورەترین گروپی شیعەکان کە باڵی چەکداری شیعەکانن لەدەنگدانەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێناو لیستەکانیان براوەی هەڵبژاردنەکان بوون، یەکێک بەسەرکردایەتی (موقتەدا سەدر) و ئەوەی دیکەیان بەسەرکردایەتی (هادی عامری)، لە (١٤ ئۆکتۆبەر) دا هاوپەیمانیەکی ڕێکخراویان پێکهێنابوو کاتێک (١٤) وەزیریان لە (٢٢) وەزیرەکەی حکومەتی عێراق پەسەند کرد، لەدوای ئەو کاتەوە هەتا ئێستا ئەو پرسە بەچەقیوی ماوەتەوە و وەزارەتە چۆڵەکان پڕنەکراونەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە هۆکارەکە بەهۆی بەربژێری پۆستی وەزیری ناوخۆوەیە کە ساڵانێکە لەژێر دەسەڵاتی کەسانی هاوپەیمانی (عامری) دایە و، ئێستاش ئەو پاڵپشتی سەرۆکی یەکێک لەگروپەکانی شیعەکان دەکات کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیەوە دەکرێن بۆ ئەو پۆستە، وە (سەدر) داوا دەکات کە هەردوو پۆستی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ دەبێ بەکەسانی سەربەخۆ پڕبکرێنەوە.
دەنگدان لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستانە هەتاوەکو ئێستا دواخراوە و، ناکۆکی ئەو دوو لیستەش هۆکاری سەرەکی بوە.
مەترسی ئەوە لەئارادایە کە عێراق بگەڕێتەوە بۆ چەقبەستوی سیاسی پێشوی، باڵە شیعەکان زیاتر لەناو دەسەڵاتدان لەوەی کەدەبوایە هەموو پێکهاتەکان بەتێکەڵاوی و پێکەوەیی بەشداری بکەن، ئەوەی کە ئێستا زیاتر بەدیدەکرێ بەدیاربوونی هەژمونی شیعەیە لەبڕیارداندا، ئەو بارودۆخە (ئایەتوڵلا عەلی سیستانی) مەرجەعی باڵای شیعەکانیشی هێناوەتە قسە و داوای لەبەرپرسە باڵا سیاسیەکانی عێراق کردوە کاری پێکەوەی بکەن. ئەندامەکانی هەردوو لیستی باڵای شیعەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە ناکۆکیەکان بێ چارەسەر ماونەتەوە و لەو بارەیەوە (هەنان قەدۆ) ئەندامێکی لیستی (عامری) یش دەڵێ ئێمە گەیشتوینەتە بنبەست. هەروەها پەرلەمانتار (احمد الغانی)یش لەسەر ئەو بارودۆخە بۆ راپۆرتەکە دەڵێ، ئێمە دەچینە پەرلەمان دەنگ بەتەواوی بەربژێرەکانی کابینەکەی حکومەت دەدین، هیچ پێویست ناکات چیدیکە حکومەت دوابکەوێت. وە ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەوە دەکەن بەبێ ڕازیبونی (سەدر) یش.
هەر لەسەر ئەو بارودۆخە ڕۆژی دووشەممە (موقتەدا سەدر) داوای لەسەرۆکوەزیران کردوە پەلەبکات لە پێشکەشکردنی تەواوی کابینەکەی بۆ پەرلەمان تاوەکو پەسند بکرێن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە (سەدر) کە هاوپەیمانیەتیەکەی براوەیە لەنێو لیستەکانی دیکەی عێراقدا هەڕەشەی کشانەوەی لەپرۆسەی سیاسی و خۆپیشاندانی بەرفراوانی کردوە کە لەڕابردوودا ئەنجامیداوە، ئەگەر بێتو لیستی (عامری) پەیوەست نەبێ بەڕێکەوتنەکانەوە.
لەو بارەیەوە یەکێک لەئەندامانی لیستی سەدر بەبێ ئەوەی ناوەکەی ئاشکرابکات بەڕاپۆرتەکەی ڕاگەیاندوە کە ئەگەر (بینا) لیستەکەی عامری پشتگوێمان بخەن ئەوا هەموو ئەو بژاردانە دەگرینەبەر کەدەتوانین، لەوانە جولاندنی شەقامیش.

پەکخستنی حکومەت کاریگەری لەسەر نەبوونی خزمەتگوازرییەکان هەیە:
بەهۆی ناکۆکی دوو باڵە سەرەکیەکەی شیعەکان حکومەت بەتەواوەتی پێکنەهێنراوە و بەشێک لەوەزارەتەکان بەبەتاڵی ماونەتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە کە عێراق پیویستی بەئاوەدانکردنەوەی دوای شەڕ هەیە و، هەروەها پێویستی بەکاراکردنی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت هەیە.
لەماوەی رابردوودا بەهۆی لافاوەکانەوە ژمارەیەک هاوڵاتی مردن، خەڵکی ناوچەکان گلەیی لە شەڕی سیاسیەکانیان دەکەن کە نەیانتوانیوە خزمەتگوازرییەکان بگەێننە ناوچەکانیان.
(شیخ ابو ناشان) سەرۆکی هۆزێکە لەئەنبار لەو بارەیەوە دەڵێ، هیچ ئاوەدانکردنەوە و دەرفەتێکی کارکردن لێرە نیە، ئێستاکە کارەبای سەرەکی نەماوە، پێشتر پێیان گوتین بۆ مانگی ئۆکتۆبەر بۆتان چاک دەکەینەوە و، ئێستاش دەڵێن مانگی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو. هەروەها گوتیشی بەرپرسان هیچ بایەخێک بەئێمە نادەن، ئەوە نزیکەی حەوت مانگە گفتوگۆ دەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە چەقبەستویی سیاسی لەعێراق بۆتەهۆی پاشخستنی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی نوێی عێراقی، هەروەها بودجەی (٢٠١٩) یش هێشتا تێنەپەڕیوە و پارێزگایەکان نازانن چەندیان بەشە بودجە بەردەکەوێت بۆ چاککردنەوە و خزمەتگوزارییەکان.
شیاوی باسکردنە، (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆکوەزیرانی عێراق بەکەسێکی شیاو بۆ حکومەتی نوێی عێراقی دەست نیشانکراوە و، هەموو پێکهاتەکان لە سوننە و کورد و شیعەکان پشتگیری خۆیان بۆ دەربڕیوە، هەموویان لەو باوەڕەدان کە دەتوانێ خزمەتگوزارییەکان لەعێراقدا چاکتر بکات و، بێکاری کەم بکاتەوە و عێراق لەو قۆناغەی ئێستا دەرباز بکات.
بەڵام بەهۆی کێشەکانی دەسەڵات لەنێوان (سەدر) و (عامری)یدا، دەستی عەبدولمەهدی و هەروەها پەرلەمانیشیان گرتوە لەهەنگاونان بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت و دەستبەکاربوونی حکومەت لەئیشەکانی.
(رناد مەنسور) لە چەتام هاوس لەو بارەیەوە دەڵێ، ئەوە بەپێی ویستی ئەو (عەبدولمەهدی) نیە، نەبەپێی پەرلەمانیشە، نە بەڕێوەبەران و نە لقە یاساییەکانی حکومەتیش دەتوانن شتێک بڵێن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
هەروەها گوتیشی، هەتاوەکو ئێستا کێشەکانی ئەو دوو باڵە بەقوڵی ماوەتەوە و هیچ سەرکردەیەک نیە کە ئەو دابەشبونی ئەو دوو باڵە کۆبکاتەوە.
ئەو دابەشبونەی باڵە گەورەکانی شیعەکان دەشێ لاوازی ئێران بنوێنێ لەکاریگەرییەکانی لەسەر عێراق، کە لەماوەی (١٥) ساڵی ڕابردوودا کاریگەری گەورەی هەبوە لەسەر شێوەی سیاسی و ئیداری لەعێراقدا.
ئێران نایەوێ دابەشبون لەنێوان شیعەکاندا هەبێ، ئەگەرچی ئێران دەیەوێ ئەو دابەشبونەی شیعەکان بوەستێنی بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ ناوەندگیری نێوان ئەو دوو باڵە ناکۆکە بەدیارنەکەوتوە. لەئەگەری بەردەوامی ئەو دابەشبونەدا ئێران (عامری) بەلاوە پەسندە و دەیەوێ باڵایی ئەو ببینێ.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

دوا ژمارە

  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 10 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 09 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 06 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 05 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 04 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 03 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 02 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 29 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 28 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 27 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 26 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 25 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 22 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 21 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 19 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 18 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 15 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 14 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 13 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 12 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 11 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 08 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 07 2018
  • 1
  • 2
  • 3
  • 4
  • 5
  • 6
  • 7
  • 8
  • 9
  • 10
  • 11
  • 12
  • 13
  • 14
  • 15
  • 16
  • 17
  • 18
  • 19
  • 20
  • 21
  • 22
  • 23
© 2017 Hawler