کانونی یەکەم 11, 2018

عێراق دەتوانێ وەرچەرخان لە کەرتی نەوتدا بکات و داهاتی زیاتر بەدەستبهێنێت

یەکێک لەو گیروگرفتانەی لەکەرتی وزەی عێراقدایە خراپی شێوازی کارگێڕی و بەرهەمهێنانی نەوتە، کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان دەڵێن عێراق دەتوانێ وەرچەرخان لەکەرتی نەوتدا ئەنجامبدات و داهاتی زیاتر لە بەرهەمە نەوتیەکان و بەدەستهێنانی وزە بەدەستبهێنێت ئەگەر گۆڕناکاری ئەنجامبدات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (سی‌ئێن‌بی‌سی) لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوتدا دەکرێ ئەو شوعلانەی گاز بگیرێن و بگۆڕدرێن بۆ وزەی کارەبا، واتە لەجیاتی ئەوەی بەفێڕۆبچن دەکرێ کەڵکیان لێوەربگیرێت، بەڵام پێشتر لەبەرئەوەی کەرتی نەوتی عێراقی بەشێوەیەکی گشتی لەئاستێکی پێشکەوتوودا کاری تێدا نەکراوە و ئەو وزەیەی بەفیڕۆچوە.  لەکاتێکدا ئەگەر بێتو بەشێوەیەکی سەردەمی و پێشکەوتوو نەوت بەرهەمبهێنرێ ئەوا داهاتێکی زیاتر دەخاتە نێو خەزێنەی عێراقەوە.
کۆمپانیای سێیمێنس خەمڵاندنێکی ئەنجامداوە بۆ ئەو شوعلە گازیانەی کە دەسوتێن و لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوتدا بەفیڕۆدەچن، بەپێی ئەو خەمڵاندنە لەماوەی چوار ساڵدا عێراق نزیکەی (٥،٢ ملیار دۆلار) قازانج دەکات، واتە لەسودوەرگرتن لەو گازە و گۆڕانی بۆ وزەی کارەبا.
چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراقدا کاردەکەن و پلانی گەورەیان هەیە بۆ وەرچەرخان لەکەرتی کارەبای عێراقدا بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە لەعێراقدا بیرۆکراسی بوونی هەیە و وایکردوە هەنگاوەکان بۆ ئەنجامدانی وەرچەرخان لەکەرتە خزمەتگوزارییەکاندا هێواشبن و زۆرجاریش ناکام دەرچن.
عێراق سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لەگەورەترین بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لەڕێکخراوی ئۆپێکدا بەڵام لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی کێشە و ململانێ سیاسی و تایەفیەکان و، گەندەڵی و شەڕو ئاشوبەوە نەیتوانیوە بەو داهاتە چارەسەری هەژاری خەڵکەکەی و، دامەزراوە سستەکانی بکات.
وە وەبەرهێنەرانی بیانیش ئەو ڕاستیەیان پشتڕاستکردۆتەوە کە گۆڵ و ئامانجەکانی بەرەو پێشکەوتن لەعێراقدا بەهۆی خراپی شێوەی کارگێڕی و، گەندەڵی و دیواری بیرۆکراسیەوە بەئەستەم دەگەنە شوێنی مەبەست.
(ڕۆبێرت هێڵم) سەرۆکی گەشەپێدانی بازرگانی لەخزمەتگوازی تەکنیکی وود لەو بارەیەوە دەڵێ، بڕیارەکانی کارگێڕی و پرۆسێسەکانیان کاتێکی درێژدەخایەنن، وە سەرچاوەیەکی زۆر و پاڵپشتیەکی زۆریان پێویستە تاوەکو دەگەنەجێ.
هەروەها چەند بەڕێوەبەرێکی دیکەی کۆمپانیا بیانیەکان کە گرێبەستی ملیۆنان دۆلاریان لەگەڵ عێراقدا هەیە گلەیی لەشێوەی کارگێری عێراق دەکەن و، لەو باوەڕەدان ئەو شێوە خراپیەی بەڕێوەبردن کاریگەری خراپی هەیە لەئاستی بەرەپێشچونی کاروبارە خزمەتگوزارییەکان لەعێراقدا بەشێوەیەکی گشتی.
جان کلاود نەسر جێگیری سەرۆکی سێمێنس بۆ وزە و گاز لەو بارەیەوە دەڵێ، عێراق پێویستی بەکاراکردنی بڕیاردان و خێراکردنی پرۆسێسەکان و شەفافیەت لەکەرتی کارەبادا هەیە، ئەوە دەبوایە دوێنێ ئەنجامبداریە، یان لانیکەم لەماوەیەکی کەمدا.
لەماوەی ڕابردوودا کۆنفرانسێک لەدوبەی ئەنجامدراوە، لەوێ کۆمپانیا بیانیەکانی وەکو بی‌پی و، چێڤرۆن و، شێڵ و، سێمێنس و جێنرال ئێلکتریک جی‌ئی لەنێو کۆمپانیا بەشداربوەکاندابوون بۆ پێشکەشكردنی پلانەکانیان بۆ سێکتەری وزەی عێراق. لەو کۆنفرانسەدا چاوخراوەتەسەر ڕۆڵی بیناکردنەوە و، وەبەرهێنان لەعێراقدا.
لەئێستا کۆمپانیای جی‌ئی کۆنتراکتی پاوەر جێنەرەیشنی عێراقی بەدەستهێناوە کە بەهایەکەی نزیکەی (١٥ ملیار) دۆلارە، دروستکردنی وزە یەکێکە لەپێویستیەکانی عێراق.
جی‌ئی لەسەرەتای دەستپێکردنیەوە لەڕێی گرتنی ئەو شوعلە گازیانەوە توانیویەتی (٤٠٠ میگاوات) لە (٢٠١٧) ەدا کارەبا پەیدابکات، وە بەردەوامی بەڕێوەچونی ئەو پلان و ستراتیژیەتەش کاریگەری لەسەر بەرهەمی وزەی کارەبا دەبێت و بەوەش عێراق پارە قازانج دەکات لەکڕینی وزەی کارەبا لەدەرەوە. هەڵبەتە لەئێستادا عێراق تەنها (١٥،٦ گیگاوات) کارەبای هەیە، بەڵام پێویستی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کارەبا بریتیە لە (٢٥،٢ گیگاوات).
بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە وەرچەرخان لەکەرتی نەوتی عێراقدا دەبێتەهۆی بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر بۆسەر داهاتی نیشتمانی، وە وەرچەرخانیش لەو سێکتەرەدا پێویستی بەسیستەمێکی کاراتری کارگێڕی و، هەبوونی شەفافیەت لەدامەزراوەکان و لادانی بیرۆکراسیەت هەیە.
عێراق وڵاتێکی (٣٨) ملیۆن کەسیە و، سەرەڕای دەوڵەمەندیەکەی بەنەوت بەڵام لەڕووی کارگێڕی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکان بۆ هاوڵاتیان لاواز و کەم توانایە. عێراق پێویستی بەسەقامگیری و ئاسایشی ناوخۆ هەیە، وە پێویستی بەوەرچەرخانی گەورە و بەتوانا لەدامەزراوەکانیدا هەیە تاوەکو بتوانێ خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکان گەشەپێبدات و هاوڵاتیەکانی لەئاسودەیدا بژین.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

دوا ژمارە

  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 10 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 09 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 06 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 05 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 04 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 03 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ک یەکەم 02 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 29 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 28 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 27 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 26 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 25 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 22 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 21 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 19 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 18 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 15 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 14 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 13 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 12 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 11 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 08 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 07 2018
  • 1
  • 2
  • 3
  • 4
  • 5
  • 6
  • 7
  • 8
  • 9
  • 10
  • 11
  • 12
  • 13
  • 14
  • 15
  • 16
  • 17
  • 18
  • 19
  • 20
  • 21
  • 22
  • 23
© 2017 Hawler