تشرینی دووەم 16, 2018

ئایا هیوایەک بۆ چاکسازی لەعێراقدا هەیە؟

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

 

عێراق بەرەو پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکومەت هەنگاودەنێ، سەرۆکێکی نوێ و سەرۆکوەزیرانێکی نوێی هەیە و دەستەیەکی بەڕێوەبردنی کابینەیەکی نوێش خەریکە دەستبەکاردەبن، لەعێراقدا ڕووبونەوەی گەندەڵی سەرکەوتوو نابێ ئەگەر بێتو بنەمای دەستنیشانکردن و دیاریکردنی ئەو سەرکردانە لەسەر بنچینەی مامەڵەوە و وەکو جارانی پێشوو بێت، بەڵکو پێویستە بەهۆی پەرلەمانێکی چالاک و سیستەمێکی دیموکراسیەوە ئەو ڕێکارانە ئەنجامبدرێن.

لەعێراقدا پرسی گەندەڵی و جێبەجێکردنی چاکسازی پرسێکی هەستیار و گرنگە، ئەو ئەرکە لەئەستۆی دەسەڵاتی نوێدایە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (فۆڕن‌ئەفێیەر) دروستکردنی حکومەتێکی جیاواز لەدەسەڵاتەکانی پێشوتر و، وە لادانی گەندەڵی لەو حکومەتەدا خاڵێکی وەرچەرخان دەبێ، ئەو هەنگاوەش کاتێک سەرکەوتوو دەبێ کە شێوەکانی دەوڵەتداری ڕابردوو لەکابینەی تازەدا دوپاتنەکرێنەوە.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، دواجار لەدوای چەند مانگێک لەهەڵبژاردنی نیشتمانی کە لە ئایاری ڕابردوودا ئەنجامدرا، عێراق کەوتۆتەڕێ بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ، ئێستا عێراق سەرۆکێکی نوێ و، سەرۆکوەزیرانی نوێی هەیە کە بەکەسانی تەکنۆكرات ناسراون و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هیوای لەسەر هەڵچنیون بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و لادانی گەندەڵی لەحکومەتدا، بەڵام ئاخۆ سەرکەتوو دەبن؟
هەڵبەتە لەڕابردوودا و لەدوای (٢٠٠٣) ەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەمیشە هیوای لەسەر گۆڕانکارییەکان لەعێراقدا هەبوە کەچی هیوایەکان بێ ئاکام دەرچوون، چونکە لادانی سەرکردەکان و گۆڕینیان بەسەرکردەی دیکە بەبێ هەبوونی سیستەمێکی پتەوو و سەرکەوتوو مەحاڵە بتوانرێ دەوڵەتداریەکی باش و ڕێکوپێک ئەنجامبدرێ کەبتوانێ حکومەتێکی خزمەتگوزاری دبمەزرێنێ و وڵات لەگەندەڵی خاوێنبکاتەوە.
ئەوەی ئێستا باسدەکرێ بیرەوەری ساڵانی ڕابردوو دێنێتەوە یادەوەری، بۆ نمونە لەساڵی (٢٠٠٦) ەدا بینیمان (نوری مالیکی) شوێنی (ابراهیم جەعفەری) گرتەوە، وە لەساڵی (٢٠١٤) ەیشدا بەهەمان شێوە کاتێک (حەیدەر عەبادی) لەشوێنی (نوری مالیکی) دانرا، وە هەردوو ئەو سەرکردانەش کە گۆڕدران بەوانەی پێش خۆیان شکستخواردوو بوون لەشێوەیەکی نوێی حوکمڕانی و قەڵاچۆکردنی بەرژەوەندیخوازان و لادانی بەربەستەکانلەبەردەم چاکسازی.
سیستەمی بەڕێوەبردن لەعێراق، یان دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتیەکان و کابینەی حکومەت لەسەر بنچینەی پشک لەنێوان پێکهاتەکانی (شیعە و کورد و سوننە) دا پەیڕەودەکرێ، بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەو بنچینەیە بۆ دەستنیشانکردنی سەرکردە و وەزیرەکان ناتوانێ گۆڕانکاری لەوڵاتدا ئەنجامبدا و ڕووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە، وە هەوروەها نەشتیتوانیوە ئاشتی لەنێوان ئەو پێکهاتانەدا بەشێوەیەکی دروست بەرقەراربکات.
ئەو ڕێگایەی کە سەرۆککۆماری پێ دەستنیشانکرا و، ئەو ڕێگایەش کەسەرۆککۆمار سەرۆکوەزیرانی پێ دەستنیشانکرد ڕەنگدانەوەی بەش و پشکێنەیە، یان مامەڵە سیاسیە نەک لەڕێی پەرلەمانێکی چالاک و سیستەمێکی دیموکراسی پێگەیشتوەوە، وە ئەو ڕێگایە درێژەپێدەری ڕێگایەکانی سیستەمی پێکهێنانی حکومەتەکانی پێش خۆیەتی و، ئەوەش وادەکات هە ر هەوڵێک بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی، یان ئەنجامدانی چاکسازی لەلایەن حکومەتەوە وەکو ڕابردوو سەرکەوتوو نەبێت.
شیاوی باسکردنە، لەدوای هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ڕابردوەوە، عێراق خەریکە دەگاتە قۆناغی کۆتایی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ و، دیاریکردنی کابینەی تازەی وەزیران.
(عادل عەبولمەهدی) ڕاسپێردراو بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێ، ئەگەرچی وەکو هیوایەک بۆ شێوەیەکی نوێی دەوڵەتداری لەعێراقدا دەرکەوتوە و پەسندکراوە لەلایەن هەموو لایەن و پێکهاتەکانەوە، هاوکات ئەرکی قورس و، کاری گەورەی لەبەردەمدایە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتەوایی لەنێوان پێکهاتەکان و، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و، ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبوەکان و، گەشەپێدانی ئابوری وڵات و، دروستکردنی دەرفەتەکانی کارکردن و، ئەنجامدانی چاکسازی لەوڵاتدا.
لەماوەی دەسەڵاتەکانی پێشوی عێراق لەدوای ڕووخانی ڕژێمی (سەدام)، وێڕای چاوەڕانیەکان بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی و، هەبوونی داهاتێکی زۆروزەوەند کەچی گرژی تایەفی و مەزهەبی و نەتەوەیی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا بەرزبۆتەوە، ئاستی بێکاری زیادیکردوە، گەندەڵی ڕیشەیی پەرەی سەندوە و بەدامودەستگایەکانی حکومەتدا چۆتەخوارێ، گروپی چەکداری و میلیشیای ناڕێکخراو بەشێوەی جۆراجۆر دروستبون کە مەترسین بۆ سەر ئایندەی ئاسایشی عێراق، وە هەموو ئەوانە و گرفتەکانی دیکەی ڕۆژانەی خەڵکی لەکەمی خزمەتگوزارییەکان دەبێ لەئەجێندای کابینەی نوێی حکومەتدابن بۆ ئەوەی عێراق بەرەو قۆناغێکی تازەی دەسەڵاتداری هەنگاوبنێ و وڵات لەئاسایش و ئارامیدا سەقامگیربکات.

دوا ژمارە

  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 15 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 14 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 13 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 12 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 11 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 08 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 07 2018
  • 1
  • 2
  • 3
  • 4
  • 5
  • 6
  • 7
© 2017 Hawler