تشرینی دووەم 16, 2018

بۆ ئەوەی كەركووك لە داگیركاری ڕزگار بێت دەبێت دەسەڵاتی سەربازی لەو شارە كۆتایی پێ بێت

د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە كەركووك لە دیدارێكدا لەگەڵ "هەولێر" دەڵێ، یەكێتی لە كەركووك تاكلایەنە بڕیار دەدات و خەریكە هەڵەیەكی دیكە دەكات، پۆستی پارێزگا ئیستیحقاقی كوردە و لەناو كوردیش دەبێت لایەنە سیاسییەكان رێككەوتنی لەسەر بكەن، بەڵام یەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ حزبە كوردستانییەكان، یەكلایەنە لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و دەرەوەی ئەنجوومەنیش كار بۆ ئەوە دەكات پۆستی پارێزگاری كەركووك وەربگرێتەوە.

* دۆخی كەركووك بە چ میكانیزمێك ئاسایی دەكرێتەوە؟
- دۆخی كەركووك بەپێی ئەو پێشنیازانەی كە وەفدی پارتی و حكوومەتی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی ئیتحادی ئامادەی كردووە، وەكو ڕێكاری سەرەكی بەو شێوەیە ئاسایی دەكرێتەوە، كە كۆمەڵێك خاڵ لە خۆ دەگرێت، بریتین لە 14 خاڵ، بەشێكی زۆری ئەو خاڵانە پەیوەندی بە ناوچە كێشە لەسەرەكانەوە هەیە، بەتایبەتی كەركووك.
* بۆچی پارتی پێیوایە كەركووك هەتا ئێستا هەر لە سایەی داگیركاریدایە؟
- دەرئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرە كە لەژێر داگیركاریدایە، بۆ نەمانی ئەو داگیركاریە دەبێت هەموو لایەنەكان بە یەكڕیزی لە ڕێگەی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی، ئەو حكوومەتەی كە بڕیاروایە دروست بێت قسە بكرێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سەربازی لەو شارە كۆتایی پێ بێت و دەسەڵاتی مەدەنی كارا بكرێتەوە، ئەنجوومەنی پارێزگا كارا بكرێتەوە، پارێزگارێكی كورد هەڵبژێردرێت، ئەو پۆستانەی كە بە ناحەق و بە بڕیارێكی سەربازی لادراون، بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و بارودۆخی شارەكە ئاسای بكرێتەوە، هێزی هاوبەش لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی ئیتحادی دروست بكرێت بۆ ئەو ناوچانەی كە پێویستە پێكەوە بەڕێوە ببرێن، بەو شێوەیە بارودۆخە ئاسایی دەكرێتەوە.
* بۆچی پارتی ئامادەنیە بەو شێوەیە بگەڕێتەوە شارەكە؟
- لەبەر ئەوەی بارەگاكانی پارتی داگیركراون، لەبەر ئەوەی بەرپرسانی پارتی دەركراون، ئاڵای كوردستان لەو شارە قەدەغەكراوە، دەسەڵاتی سەربازی لەو شارە حوكم دەكات، دەسەڵاتی مەدەنی نیە، پارتی شەڕی كرد، بەرگری كردووە لە شكۆی هەرێمی كوردستان، ئەوانە هەموو هۆكارن كە پارتی نەگەڕێتەوە شارەكە.
* بۆچی ئەنجوومەنی پارێزگا كۆنابێتەوە و پۆستی پارێزگار یەكلا ناكرێتەوە؟
- بابەتەكە پەیوەندی بە ئاسای كردنەوەی بارودۆخی شارەكە هەیە، بەو شێوەیە نیە كە هەندێك لایەن باسی لێوە دەكەن، لایەنێكی سیاسی تەنیا ویستوویەتی لەگەڵ عەرەب و توركمان بكەوێتە گفتوگۆی یەكلایەنانە و نوێنەرایەتی كورد بكات لە ئەنجوومەنی پارێزگا، ئێمە لەگەڵ ئەوە نەبووینە، پێشنیازمان بۆ یەكێتی كردووە كە بگەڕێنەوە بۆ لای حزبە كوردستانییەكان بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم پۆستە، لەگەڵ لایەنە كوردییەكان ڕێك بكەوێت، نەك تاكلایەنە كورد تووشی كارەساتێكی دیكە بكات، چونكە ئەم پۆستە ئیستیحقاقی كوردە و لەناو كوردیش دەبێت لایەنە سیاسییەكان رێككەوتنی لەسەر بكەن، هەر كەسێكیان دەستنیشان كرد، پارتی لەگەڵیەتی، بەڵام یەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ حزبە كوردستانییەكان، یەكلایەنە لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و دەرەوەی ئەنجوومەنیش كار بۆ ئەوە دەكات پۆستی پارێزگاری كەركووك وەربگرێتەوە، بەڵام یەكێتی بەوەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار ناتوانێت ڕەوشی كەركوك ئاسایی بكاتەوە".


 

ڕائیب جادر ـ هەو‌لێر

دوا ژمارە

  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 15 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 14 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 13 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 12 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 11 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 08 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 07 2018
  • 1
  • 2
  • 3
  • 4
  • 5
  • 6
  • 7
© 2017 Hawler