ئەم پەڕەیە چاپ بکە

هێزه‌كانی ئەمەریکا له‌ عێراقدا دەکرێنە ئامانجی داهاتوی هێزەکانی حەشدی شەعبی گرنگ

شەڕی داعش بەشێوەیەکی زۆرینە لەعێراق کۆتایی هاتوە، لەدوای داعش بەشێک لەگروپی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کە ئێران پاڵپشتیان دەکات ئامانجێکی تازەیان خستۆتەڕوو، بەپێی چەند ڕاپۆرتێک ئامانجی نوێیی ئەو چەکدارانە شاڵاوکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکایە لەعێراق.

چەند پێگەیەکی ئەمەریکایی لەڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان بەو مەترسیانەداوە، کە گروپەکانی ئەو هێزە چەکدارانەی کە ئێران دروستیکردون و پێشتر لەدژی داعش لەعێراق دەجەنگان، ئێستا کە داعش کۆتایی هاتوە لەوە دەڕوانن سوپای ئەمەریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لەعێراق بکەنەدەرەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان دۆخی دوای داعش لەعێراق قورستر و مەترسیدارتر دەبێ، وە باڵادەستی ئێران لەعێراق ڕێگانادات ناکۆکیەکان کۆتاییان بێ و ئامانجی دوای داعش ئاستەنگ دروستکردن دەبێ بۆ هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق، لەڕاپۆرتێکی (فۆکس‌نیوز) دا ئەندامێکی باڵای هێزەکانی حەشدی شەعبی لەبارەی ئەو ئامانجە تازەیە ئەو لێدوانانەی پشتڕاستکردونەتەوە، وە ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمەریکا دەبێ تەنها لەسەر ئاستی باڵوێزخانە لەعێراقدا بن، ئەگەر هەر هێزێکی دیکەیان لێرە بمێنێ ئەوا دەکرێنە ئامانجی داهاتوی هێزەکانی حەشدی شەعبی. ئەو ئەندامەی حەشدی شەعبی بەبێ ئەوەی ناوی ئاشکرابکرێت لەڕاپۆرتەکەدا درێژەی بەقسەکانی داوە و دەڵێ، لەدوای (٢٠٠٣) ەوە شەڕی ئەمەریکاییەکانی کردوە، وە لەدژی هێزەکانی بەریتانیایش لەباشوری عێراق شەڕی کردوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە بەرپرسان و شارەزاییانی سیاسی لە ئەمەریکا ئەو لێدوانانەی ئەندامانی حەشدی شەعبی بەئاسایی وەرناگرن، بەڵکو لەو باوەڕەدان ئەو گوتانە ڕاستیەقینەن و ئاگاداری ئەو هەڵوێستانەی گروپەکانن.
هەر لەڕاپۆرتەکەی (فۆکس‌نیوز) دا هاتوە، ئەندامێکی دیکەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمەریکا لەشەڕی داعشدا درەنگ هاتۆتە سەرخەت بۆ بەرگریکردن لەعێراق، دەبوایە زووتر پاڵپشتی عێراقی بکردبایە، وە لەدرێژەدا دەڵێ، کاتێ پێویستیمان بوو بۆ شەڕی داعش ئەمەریکا لێرە نەبوو، ئێستا بەهێزین، تا ئەو کاتەی شەڕ هەبێ لەعێراق ئێمە شەڕدەکەین و پێویستمان بەئەمەریکا نیە.
هەر لەسەر بارودۆخی ئاڵۆزی عێراق لەدوای داعش، (تۆم باومان) پەیامنێری (ئێن‌پی‌ئاڕ) لەپێنتاگۆن لەمانگی تشرینی یەکەمدا لەسەرنجێکدا دەڵێ، ئەوەی هێزەکانی کۆکردبۆوە شەڕی داعش بوو، وە داعش گیروگرفتە سیاسیەکانی ناوخۆی عێراقی داپۆشیبوو. ئێستا کە داعش تەواو بووە دۆخێکی تازەی ئاڵۆزاوی لەپێشە و ئەو دۆخە ڕووبەڕووبونەوە و کۆنتڕۆڵکردنی قورسە. هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە یەکێک لەبەرپرسانی پێنتاگۆن پێی ڕاگەیاندوە، (ئێمە ئێستا دەچینە قۆناغێکی تازەوە کە زۆر مەترسیدارترە و ئاڵۆزترە لەشەڕی دژی داعش)
ئەمەریکا بۆ شەڕی زەمینی لەدژی داعش پشتی بەهێزە لۆکاڵیەکان بەستبوو و زۆر گرنگی بەشێوە و پێکهاتەیان نەدەدا ئەوەش هەندێک گیرگرفتی بەدواوەبوە گرنگترینیشیان سەرهەڵدانی ئەو گروپانەی حەشدی شەعبیبون کە ڕاستەخۆ لەگەڵ شەڕی داعشدا دامەزران و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و بەشێکیان ستراتیژی ئێرانیش لەناوچەکەدا جێبەجێدەکەن، بەپێی ڕاپۆرتەکە لەگەڵ قوڵبونەوەی کێشەکانی ئەمەریکا و ئێران ئەو هێزانەش زیاتر دەبنە هەڕەشە و وا بەئاسانی پاشەکشێ ناکەن.
شیاویباسکردنە، عێراق لەدوای شەڕی داعش لەبەردەم دۆخێکی دیکەی هەستیاردایە ئەویش ڕێکخستنی ئەو هێزانەی حەشدی شەعبیە و کۆنتڕۆڵکردنیانە لەژێر ئیدارەی دەسەڵاتی عێراقدا.
بەشێک لەو گروپانەی حەشدی شەعبی دەیانەوێت بەشداری لەهەڵبژاردنەکانی عێراق لەساڵی (٢٠١٨) ەدا بکەن و نوێنەر و کورسیان هەبێ، ئەگەرچی یاسا لەدژی بەشداری ئەو کەسایەتیە سەربازیانەیە لەهڵبژاردنەکاندا بەڵام ئەوە فەرامۆشکراوە، بەتایبەتی ئەو گروپانەی کە نزیکن لەئێرانەوە فەرمانەکانی بەرپرسانی عێراقی جێبەجێناکەن.
(جەیمس فیلیپ) بەرپرسی باڵا لە دامەزراوەی فەرهەنگی بۆ توێژینەوە لەکاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێکدا بۆ (فۆکس‌نیوز) گوتی، ئێستا داعش زۆر مەترسیدار نیە، ئەوەی کە مەترسیە ئەوەیە کە حەشدی شەعبی وادەردەکەوێ کە پلان دەبنێن بۆ شاڵاوکردن لەدژی سەربازەکانی ئەمەریکا لەعێراق، وە هەر کاتێک لە تارانەوە ئەو فەرمانەیان پێبدرێ ئەوەش دەکەن.