تشرینی دووەم 16, 2018

شەڕ و توندوتیژییەکان هۆکاری گەورەی مردنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن

ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوو دەیەی ڕابردوودا و توندوتیژی و شەڕەکان بونەهۆکاری بەرزبونەوەی مردن لەڕێگای خۆکوشتن و، نەخۆشیە مێشکی و دەرونیەکان و، هەروەها زیادبونی توندوتیژی و شاڵاوی سێکسی لەناوچەکەدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (نیوزویک) زانکۆی واشنتن لە ئەنستیتیۆی سیتڵ بۆ کاروباری هەڵسەنگاندنی بواری تەندروستی ئەنجامی دیراساتی (٢٥) ساڵەی هۆکارەکانی مردن و قوربانیەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەی بڵاوکردۆتەوە، تیایدا دەرکەوتوە کە شەڕ و ناسەقامگیری هۆکارێکی بنەڕەتی و سەرەکین بۆ مردنی خەڵکی ئەو ناوچەیە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، سوڕی بەردەوامی توندوتیژی و ئاڵۆزییەکان کە بەهۆی شەڕەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرهەمهاتون کاریگەری گەورەیان هەبوە لەسەر تێداچون و توانەوەی دانیشتوان لەو ناوچەیەدا، کە تیایدا ڕێژەی کوشتن بەرزبۆتەوە و، وە دیاردەی خۆکوشتن زیادیکردوە و، هەروەها توندوتیژی و شاڵاوە سێکسیەکانیش بەهەمان شێوە زیادیانکردوە.
بەگوێرەی ڕاپرسی و هەڵسەنگاندنەکانی ڕاپۆرتەکەی زانکۆی واشنتن، ڕۆژهەڵاتیە ناوەڕاستیەکان لەنێویاندا پێنج نەتەوەی جیاکردۆتەوە کە بەهۆی شەڕەوە توشی ئەو گرفتانە هاتون کە پێشتر ئاماژەی پێداون، لەو نەتەوانە خەڵکی وڵاتانی ئەفغانستان و، عێراق و، سووریا و، لیبیا و، یەمەنن. بەپێی ڕاپۆرتەکە لەو پێنج وڵاتە شەڕ و ناسەقامگیری و توندوتیژی هۆکاری سەرەکی مردن بوە، بەجۆرێک کە بەهۆی ئەو هۆکارانەوە لەساڵی (٢٠١٥) ەدا نزیکەی دوو ئەوەندە و نیو زیاتربوە بەبەراوورد بەساڵی (١٩٩٠)، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ناسەقامگیری ناوچەکە.
یەکێک لەلایەنەکانی دیکەی لەناوچونی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەبوە کە بەهۆی ناسەقامگیری و توندتیژیەکانەوە کاریگەری دروستبوە لەسەر بەردەوام نەبونی کەرتی پەروەردە و، هەروەها کەرتی تەندروستی، چونکە لەو شوێنانەی شەڕی تیدابوە ئەوانیش نەیانتوانیوە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن سەرەنجام کاریگەری هەبوە لەلەناوچونی میللەتدا. لەو بارەیەوە (د.عەلی مقداد) لەبەڕێوەبەرایەتی ئەنستیتیۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوەداوە کە بەردەوامی شەڕ و ناسەقامگیری بۆتەهۆی لەدەستدانی نەوەیەک لە منداڵان و تازە پێگەیشتوان.
هەروەها زیاتر لەسەر ئەو بابەتە گوتی، دواڕۆژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێڵە، تەنها کاتێک نەبێت کە بتوانرێت سەقامگیری لەناوچەکدا دروستبکرێت.
لەبارەی عێراقەوە، ڕاپۆرتەکە باسی لەوەکردوە، کە عێراقیش لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام لەساڵی (٢٠٠٣) ەدا ئەو وڵاتە لەڕووی سەقامگیری و ئاسایشەوە لەشەڕێکی بەردەوامدایە ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر سەرهەڵدانی کێشەکانی مردن لەڕێگای کوشتن و، دیاردەی خۆکوژی و، ناڕێکی باری مێشکی و دەروونی هاوڵاتیان و، هەروەها زیادبونی شاڵاوی سێکسی و، ئەنجامدانی سێکسی ناتەندروست هەبوە، هەموو ئەو دیاردانە سەرەنجام تێکدانی کۆمەڵگا و لەناوچونی لێکەوتۆتەوە. بێجگە لەوانەش ڕێژەی فەقیری هەڵکشیوە بەجۆرێک خەڵکی عێراق بەڕێژەی (٢6%) ی لەژێر هێڵی فەقیریدان و، نزیکەی (٣٠%) یان پەیداکردنی خواردنیان بەزەحمەتە و ناجێگیرە.
شیاوی باسکردنە، شەڕ و ئاژاوەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکاری گەورەی مردنی دانیشتوانەکەی بون، هەروەها بەهۆی شەڕەوە نەوەیەک لەمنداڵان و گەنجان دەرفەتی خوێندنیان لێ زەوتکراوە کە سەرەنجام ئەو نەوەیەش جارێکی دیکە هۆکاری درێژەپێدان و بەردەوامی کێشە و ئاستەنەگەکان دەبێ بەهۆی نەبونی پەروەردەیەکی پێویست و، ژینگەیەکی لەباری ژیانیان، زۆرجار میلیشیا و گروپە چەکدارەکان بەهۆی لاوازیانەوە بەکاریان دەهێنن بۆ بەردەوامی توندوتیژیەکان.
کاتێک شەڕ ناوچەکان دادەگرێت، نەخۆشی و ناخۆشیەکانیش زیاددەکەن، ڕاپۆرتەکە باسی سەرهەڵدانی کۆلێرای لە یەمەن کردوە کە بەهۆی خراپی دۆخی مرۆیی خەڵکیەوە بەتوندی لەو وڵاتەدا بڵاوبۆتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەنێوان مانگی (نیسان بۆ تەمموز) ی ئەو ساڵدا نزیکەی (١٨٨٩) کەس لەیەمەن بەهۆی بڵاوبونەوەی کۆلێراوە مردون، وە نەخۆشیەکە هێشتا لەزیادبونیشدایە و بەهۆی خراپی دۆخی ژیانی خەڵکیەوە کۆنتڕۆڵکردنی بەزەحمەتە.
شەڕ کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر تێکدانی کەرتەکانی پەیداکردنی خزمەتگوزاریی هاوڵاتیان، لەوانە کەرتی تەندروستی و، کەرتی پەروەردە و، دابینکردنی ئاو و، کارەبا و، خۆراک و، پاکوخاوێنی و، گواستنەوە، تێکچونی ڕێگاوبانەکان و ماڵ و خانوی هاوڵاتیان و شوێنی حەوانەوەیان. هەڵبەتە کاریگەری شەڕ و توندوتیژیەکان تا ماوەیەکی درێژ لەسەر هاوڵاتیان دەمێنێتەوە، هەروەک ڕاپۆرتەکە ئاماژەیداوە گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە تاکە کلیلی ژیانێکی سەلامەت و بەئاسایشە بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، هەروەها ڕێژەی مردنیش کەمدەکاتەوە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

دوا ژمارە

  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 15 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 14 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 13 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 12 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 11 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 08 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 07 2018
  • 1
  • 2
  • 3
  • 4
  • 5
  • 6
  • 7
© 2017 Hawler