ئەیلول 20, 2019

بەبێ ئامادەبوونی كورد و عەرەبی سوننە ، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای بوودجە كرا

دوێنێ جارێكی دیكە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ ئامادەبوونی كورد و عەرەبی سوننە كۆبوویەوە و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای بوودجە كرا، كوتلە كوردستانییەكانیش دەڵێن، ئەگەر تێبینی و داواكارییەكانی ئێمە لە بەرچاو وەرنەگیرێن دەنگ بە پرۆژە یاساكە نادەین و كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بایكۆت دەكەین.

فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەڵێن، لەسەر پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق تێبینیمان زۆرە، تاوەكو ئێستا حكوومەتی عێراق ئامادە نەبووە گۆڕانكاری تێدا بكات و ئەگەر گۆڕانكاریش تێدا نەكرێت، رێگە نادەین ئەو پڕۆژە یاسایە تێپەڕێنرێت.
نەدا مێرگەسۆری، بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ "هەولێر" گوتی: ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەتا ئێستا ڕژدین لەسەر ئەوەی كە بایكۆتی هەر كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی نوێنەران بكەین كە باس لە پرۆژە یاسای بوودجەی 2018 بكات، چونكە حكوومەتی حەیدەر عەبادی، داخوازی و تێبینییەكانی ئێمەی لەبەرچاو وەرنەگرت، هەر لەبەر ئەوە ئێمە بڕیاری بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانمان داوە و كۆبوونەوەكەمان بایكۆت كرد.
گوتیشی: دوێنێ خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای بوودجە كرا، كە ئەوە بەپێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقە، لەگەڵ ئەوەی نیساب تەواو نەببوو، سەرەڕای ئەوەی كوتلە كوردستانییەكان، لەگەڵ عەرەبی سوننە داوایان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد، كە ئەو بابەتە گفتوگۆی لەسەر نەكرێت تا ڕێككەوتن لەسەر نەكرێت، بەڵام بەداخەوە بەشێوەیەی نایاسایی داخیلی جەلسەكە كرا.
مێرگەسۆری، ڕوونیشیكردەوە، لەهەر دانیشتنێكی پەرلەماندا كە باسی پرۆژە یاسای بوودجە بكرێت، ئێمە بەشداری كۆبوونەوەكان نابین و بایكۆت دەكەین، ئەگەر خوێندنەوەی دووەمیش بۆ كرا، ئێمە دەنگ لەسەر بوودجە نادەین".

© 2017 Hawler