نیسان 02, 2020

نەبوونی ئاشتەوایی پێکهاتەکان و ئاستەنگەکانی دواڕۆژی عێراق

لەدوای شەڕی داعش، ئاشتەوایی نیشتمانی پێکهاتە سیاسی و نەتەوەیی و مەزهەبیەکانی عێراق وەکو خاڵێکی بنەڕەتی لەبەردەم ئاسۆی دواڕۆژی عێراق هەژماردەکرا بەڵام هێشتا هەر گوتەیە و دابەشبونەکان وەکو خۆیان ماونەوە.

حکومەتی زۆرینە شیعەی عێراق نەیتوانیوە ئاشتەوایی لەنێوان پێکهاتەکاندا فەراهەم بکات، وە ئەوەش وەکو زەنگێکی مەترسیدار لەبەردەم گێڕانەوەی ئاڵۆزییەکان دادەنرێ و ئەگەرێکی بە‌هێزە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (زە‌ناشناڵ) عێراق هێشتا کێشە سەرەکی و ئاڵۆزەکەی چارەسەرنەکردوە کە ئەویش ئاشتەوایی سیاسی و نێوان پێکهاتە جیاوازەکانە، هەر ئەوەش بوو لەماوەی ڕابردوودا بوو بەهۆی گرژی تایەفەگەری و، سەرهەڵدانی داعش و ناسەقامگیری لەوڵاتدا.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، بەبێ ئاشتەوایی ناتوانرێ ئاوەدانکردنەوەی عێراق و، دواڕۆژێکی سەقامگیری بۆ عێراق فەراهەم بکرێ، وە ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە و، بەغدا و هەولێریش ناتوانن درێژە بەپەیوەندییەکانیان بدەن.
لەمانگی شوباتی ڕابردوودا، (نانسی لیندبۆرگ) سەرۆکی ئەنستیتۆی ئەمەریکا بۆ ئاشتی سەردانی عێراقی کردوە و نیگەرانی خۆی دەربڕیوە کە هێشتا عێراق لەقۆناغێکی پڕ دژواری کێشە و ئاستەنگە تایەفیەکاندایە، وە بەو شێوە هەڵبژاردن و دواڕۆژی عێراق ڕێگای سەقامگیری ناگرێ.
(لیندبۆرگ) لەڕاپۆرتەکەدا دەڵێ، دابەشبونی عێراقیەکان هێشتا ماوە و گرفتێکی چارەسەرنەکراوە، ئەوەش مەترسیە لەسەرهەڵدانەوەی توندتیژییەکان.
لەکۆتایی ساڵی ڕابردوودا حکومەتی عێراقی سەرکەوتنی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند، ئەگەرچی کەمپەینی سەربازی کۆتایی هاتوە بەڵام هزری داعشی و، کارکردن بۆ چارەسەرکردنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش هێشتا وەکو خۆیان ماون و هەڕەشەن لەسەر ئایندەی عێراق.
سیاسیەکانی عێراق دابەشبوو و پەرتەوازەن و، کێشە سێکتەرییەکانیان چارەسەرنەکردوە، شیعە کە پۆپی دەسەڵاتی بەدەستگرتوە و جومگەسەرەکیەکانی دەسەڵات لەداهات و ئاسایش و هێزی سەربازی لەدەستی خۆیدایە، بەردەوام لەهەوڵی کەمکردنەوەی مافەدەستورییەکانی سوننە و کوردەکاندایە. وە کێشەکانی بەغدا و هەولێر هێشتا چارەسەرنەکراون و متمانەی کورد بە بەغدا بەهێز نیە ئەوەش دیسان ئاستەنگ دەبێ لەسەر دواڕۆژی سەقامگیری عێراق، کەواتە ئەرکی سەرەکی حکومەتی عێراقی لەئێستا و لەداهاتوودا پێویستە کارکردنبێ بۆ پردی پێکەوەبەستنەوەی پێکهاتەکان و جێبەجێکردنی دەستور.
بەلای سەرۆکی ئەنستیتۆی ئەمەریکا بۆ ئاشتی ئاشتەوایی خاڵی بنەڕەتیە بۆ پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق و دواڕۆژی سەقامگیری ئەو وڵاتە، وە داوایکردوە پێویستە میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دابەشبونەکان لەناو کۆمەڵگاکانی عێراقدا لەپێناو چارەسەرکردنیان و ڕێگرتنی لەدروستبونەوەی توندوتیژیەکان.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە پێویستە حکومەتی عێراقی مافی پێکهاتەکان بەتەواوەتی بدات، وە هەمووان لەنێو حکومەتدا جێبکاتەوە بەبێ جیاوازی و بەڕێوەبردنێکی ڕێکوپێک لەوڵاتدا فەراهەم بکات، بەشێوەیەک کە حکومەت بۆ هەمووان بێ.
گرفتێکی دیکەی ئاڵۆز لەبەردەم دواڕۆژی سەقامگیری عێراقدا هەبوونی گەندەڵیە، گەندەڵی لەعێراقدا لەئاستێکی بەرزدایە، ئەگەرچی بانگەشەی چاکسازی و شۆڕشی دژی گەندەڵی لەلایەن حکومەتەکەی (عەبادی) یەوە بەردەوام دەگوترێتەوە بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان تاوەکو ئێستا هەنگاوی گرنگ لەو بارەیەوە نەهاوێژراوە.
لەکۆنفرانسی کوێت بۆ هاریکاری عێراق کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کۆمپانیاکان زۆر دەستکراوەنەبوون لەگەڵ عێراقدا، شارەزاییان هۆکاری ئەوە دەگێڕنەوە بۆ هەبوونی گەندەڵیەکی زۆر و بەرفراون لەعێراقدا و نەبوونی متمانەی وەبەرهێنەران بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لەعێراقدا.
لەو بارەیەوە (لیندبۆرگ) گوتی، ئەگەر حکومەت بیەوێت سەرنجی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان بۆلای خۆی ڕابکێشێت دەبێ متمانەیان بۆ دروستبکات تاوەکو وەبەرهێنان بکەن، وە ئاشتەوایی و شەفافی و چارەسەرکردنی گەندەڵی لەفاکتەرە بنەڕەتیەکانن بۆ ڕاکێشانی سەرمایەدارانی بیانی بۆ وەبەرهێنان لەعێراقدا.
عێراق پێویستی بەچارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان هەیە، خولەکانی ڕابردووی حکومەتی عێراقی نەک هەر نەیتوانیوە دابەشبونە سیاسی و نەتەوەیی و مەزهەبیەکان چارەسەربکات بەڵکو دەسەڵاتدارانی ناوەند و بەهێزی دەسەڵاتی شیعە لەبەغدا ئەو دابەشبونانەی بەرفراونترکردوە و مافە دەستورییەکانی پێکهاتەکانی دیکەی پشتگوێ خستوە.
تاوەکو مافە دەستورییەکانی پێکهاتەجیاوازەکان عێراق بەتەواوەتی نەدرێن، ئاشتەوایی و پێکەوەژیان و یەکتری قبوڵکردن قوڵنابێتەوە و سەرکەوتوونابێ، وە لەنەبونی ئاشتەوایشدا دواڕۆژی عێراق بەلاوازی و ناسەقامگیری دەمێنێتەوە.

© 2017 Hawler