نیسان 02, 2020

ستانداری ژیان لە عێراقدا لە ئاستێکی خراپدایە

ستانداری ژیان لەعێراقدا لەئاستێکی خراپدایە و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان لەدوای رووخانی ڕژێمی پێشوی عێراق چەند جارێک داتاکانیان لەسەر ئاستی هەژاری و چۆنیەتی ژیان لەعێراقدا بڵاوکردۆتەوە و دەرکەوتوە وێڕای ئەوەی چاوەڕواندەکرا عێراقی نوێ ئاستی هەژاری تێدا بنەبڕبێ و سامانی وڵات بەیەکسانی دابەشبکرێ بەڵام بەپێچەوانەوە لە (١٥٠) وڵاتی جیهان پلەبەندی عێراق لەڕووی ئاستی هەژارییەوە (١٤٣) هەمینە، لەو هەڵسەنگاندنەدا زۆر لایەن پێوەریان بۆ کراوە کە گرنگترینیان ئاسایش و ئابوری و پەروەردە و تەندروستین.

ئەنستیتیۆی لاگاتیوم کە نوسینگەکەی لە (لەنەدەن) ی پایتەختی بەریتانیایە لەتوێژینەوەیەکیدا کە دوو ساڵ لەمەوپێش ئەنجامیداوە لەبارەی وڵاتە دەوڵەمەندەکان ئەوانەی ئاستی ژیانیان خۆشگوزەرانی و دەوڵەمەندیە لەسەر ئاستی جیهانی ئەنجامی ڕاپرسی و توێژینەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە.
ئاستی ژیان باشی و خۆش گوزەرانی تەنها لەسەر (پارە) پێوەرنەکراوە بەڵکو زۆر شتی دیکە پەیوەستکراون بەخۆشگوزەرانیەوە، لەوانە داهاتت تاک و، ڕێژەی خەڵکی کە ئیشیان سەقامگیریان هەیە و، گەشە و هۆشیاری کۆمەڵایەتی و، چەند لایەنێکی دیکەی ژیان.
وە لەبەشێکی دیکەدا هەڵسەنگاندن بۆ یەکسانی ئابوری و، ژینگەی بازرگانیکردن و، چۆنیەتی بەڕێوەبردن و کارگێری و، پەروەردە و، تەندروستی و، تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتیان و، ئاسایش و، ئازادی تاک و، پەروەردەی کۆمەڵایەتی و، سروشت و ژینگەش وەکو لایەنی دیکە پەیوەستکراون بەپێوەرەکانی ئاستی ژیانی هاوڵاتیان.
هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە لەو ڕاپۆرتەدا وەکو پێوەر دیاریکراون بۆ چۆنیەتی ئاستی ژیان و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و پلەبەندی وڵاتانیان لەسەر ئەنجامدراوە.
زۆربەی ئەو وڵاتانەی لەپلەبەندیەکەدا لەخوارەوەن بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان و گەندەڵی و، خراپی ئاستی کارگێڕی و بەڕێوەبردنەوە پێکراون و لەپێشکەوتن کەوتوون، لەو وڵاتانەدا سیستەمەکانی پەروەردە و، ئابوری و، تەندروستی لەئاستێکی لاوازدا ڕۆڵیان گێڕاوە بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی.
ڕاپۆرتەکە کە لە (ئیندیپێندێنت) دا بڵاوکراوەتەوە، تیایدا تەماشای (١٤٩) وڵات کراوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە، پلەبەندی عێراق لەحەوتەم وڵاتی خوارەوەیە واتە ژمارەکەی (١٤٣) هەمین وڵاتە لەڕوی خراپی ئاستی ستانداردی ژیانی خەڵکی و هەژاری گشتیەوە، شەڕی بەردەوامی سێکتەری و ناکۆکی سیاسی و، شەڕی داعش و گەندەڵی لەعێراقدا دوو هۆکاری بنەڕەتی دەرکەوتوون بۆ خراپی ستانداردی ئاستی ژیان لەعێراقدا.
چەند ڕاپۆرتێکی دیکەی نێودەوڵەتی ئاستی بێکاریان لەعێراقدا بلاوکردۆتەوە کە تیایدا دەرکەوتوە گەنجان لەعێراقدا ڕێژەییەکی بەرزی بێکاریان لەکۆمەڵگادا هەیە، بەشێکی زۆریان بەهۆی بێکارییەوە پەنا بۆ بەشداری سەربازی و خۆتۆمارکردن لەهێزە ئاسایشیەکان دەبەن، یان پەیوەندی بەمیلیشیا نایاساییەکانەوە دەکەن.
ڕێژەی بێکاری لەگەنجان لەعێراقدا زۆرە و بەبەردەوامیش ئەو ڕێژەیە لەهەڵکشاندایە، بەپێی ڕاپۆرتێکی (کۆڕا) زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو گەنج لەعێراقدا بێکارن وە بەشێکی زۆری ئەوانەی زانکۆ تەواودەکەن ناتوانن کاری ئەکادیمیان دەستکەوێت بەهۆی کەمی دەرفەتەکانی کارکردنەوە. نزیکەی (٨٠%) ی ئەوانەی کە خوێندنی زانکۆیان ساڵانە تەواودەکەن ناتوانن دابمەزرێن.
شیاوی باسکردنە، هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتیەکان بۆیان دەرکەوتوە دەوڵەمەندی کەرتی نەوت و وزەی عێراق نەبۆتەهۆی باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیەکانی و بەجۆرێک نەتوانراوە پێداویستیە سەرەتاییەکان بۆ ژیان بۆ بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی عێراقدا بۆ هاوڵاتیان دابین بکرێ.
ئاستی خراپی کارگێڕی و، گەندەڵی و کێشە و گیرگرفتە سێکتەرییەکان ڕێگربوون لەبەڕێوەبردنێکی باش و باشترکردنی ئاستی ستانداردی ژیان بۆ هاوڵاتیان عێراقی، وە بەردەوامی ئەو گیروگرفتانەش دیسان ڕێگردەبن لەبەرەوپێشبردنی ستانداری ژیان لەو وڵاتەدا.
لەدوای شەڕی داعش عێراق بەچەند قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕی، ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان و، گێڕانەوەی ژیان بۆ ئەو ناوچانە و، گێڕانەوەی ئاوارەکان و ئاشتەوایی پێکهاتەکان لەو خاڵە گرنگ و بنەڕەتیانەن کە دەبنەهۆی سەقامگیری لەوڵاتدا، سەقامگیریش وەکو هۆکارێک بۆ بەرجەستەکردنی ژیانێکی باشتری هاوڵاتیان دیاریکراوە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler