ئەیلول 20, 2019

"لە هەڵبژاردنی دابێ، تەنیا شیعە و هێزە چەکدارەکانیان سوودمەند دەبن"

بڕیارە لە مانگی ئایاری دابێت، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ ئەنجام بدرێت، سەرۆکفراکسیۆنی پارتییش لە بەغدا، پێیوایە لە بەرژەوەندیی شیعە و هێزە چەکدارەکاندا دەبێت، کورد و سوننە تێیدا زەرەرمەند دەبن.

كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی یەکشەممە بەرواری 22/10/2017 رایگه‌یاند، 12/5/2018 هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، عەرەفات کەرەم سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هێما بۆ ئەوە دەکات، هەوڵی زۆریان داوە، کە بە شێوەی یەک بازنە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵام شیعەکان رازی نەبوون و سوننەش بێدەنگ بوون.
عەرەفات کەرەم، راگەیاند: یاسای هەڵبژاردنەکان، لە پەرلەماندا چەند گۆڕانکارییەکی کەمی تێدا کرا، نموونەی بەوەش هێنایەوە، کەوا دەبێت دەنگدان ئەلیکترۆنی بێت، هاوکات مەرجە کاندید بڕوانامەی بەکالریۆسی هەبێت.
هەرچەندە پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی دا، کورد، بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرنی عێراق بکات، بەڵام هەندێ لایەن قبووڵیان نەکرد، بۆیە کەرەم، پێی وایە، ئەو لایەنانەی، کە بوونە هۆکاری پەرتەوازەیی کورد و یەکلیستنەبوونی کورد، لەدەستدانی دەنگی کورد، دەکەوێتە ئەستۆیان.
سەرۆکفراکسیۆنەکەی پارتی ئەوەشی خستە روو، وەک فراکسیۆنەکەیان داوایان کردووە، گه‌رەنتییان پێ بدرێت، تاوەکو حەشدی شەعبی لە دەنگدانی تایبەتدا بەشدار نەبن، بەڵکو وەک هاووڵاتیانی ئاسایی، لە دەنگدانی گشتیدا بەشدار بن، وەکخۆی روونی کردەوە، لە پێناو ساختەنەکردنی دەنگ. هێماشی بۆ ئەوەکرد، کە داوایان کردووە، سەرجەمی ئاوارەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر کار ئاسانیان بۆ بەشداریکردنیان لە پرۆسەی دەنگداندا بکرێت.
عەرەفات کەرم، بە خوێندنەوەی خۆی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی دابێی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەیە، کەوا شیعە و هێزە چەکدارەکانیان سوودمەند دەبن، کورد و سوننە زیانمەند دەبن، پێشی وایە بۆی هەیە، لە کابینەی دابێی حکوومەتی عێراقدا، یەکێتی و پارتی ببنە ئۆپۆزسیۆن.
گوتیشی کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڵێنیان داوە، کارئاسانی بۆ ئاوارەکانی کەرکووک و ناوچەانی تر بکەن بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژرادن.
لە KDPەوە

© 2017 Hawler