حوزەیران 05, 2020

خۆپیشاندان و ناسەقامگیری لە عێراق بەرهەمی ڕووداوەکان و خراپی بەڕێوەبردنن لەدوای (٢٠٠٣)ـوە

خۆپیشاندانەکانی پارێزگاکانی باشوری عێراق لەهەڵکشان و بڵاوبونەوەدان بەهۆی خراپی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و، بەرزی ئاستی بێکاریەوە لەناوچەکانیاندا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (جەزیرەی ئینگلیزی) لەدوای ئەوەی خۆپیشاندانەکان بەخێرایی بەپارێزگاکانی باشوردا و بەرەو پایتەخت بڵاوبونەوە حکومەتی عێراقی هێزەکانی ئاسایشی خستە ئامادەباشیەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی توندتویژییەکان و خۆپیشاندەران، پاراستنی کێڵگە نەوتیەکان و، دامەزراوەکانی دەوڵەت.
بەفەرمانی (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەشەممەوە هێزەکانی ئاسایش و سوپا کەوتنە ئامادەباشیەوە بۆ ڕێگرتن لەناسەقامگیری و ئاڵۆزبونی دۆخەکە.
هێزەکانی دژە تیرۆر و، فیرقەی (٩) پێشتر لە بەسڕە بڵاوەیان پێکرابوو کە لەوێ خۆپیشاندەران بۆ ماوەی نزیکەی حەفتەیەک لەسەر یەک گردبونەوەی ناڕەزاییەکانیان دەستپێکردوە، ئەو هێزانەی عێراقی لەوێن بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتیەکان.
خۆپیشاندەران لەبەسڕە ڕێگایەکانی نزیک لە بەندەری ئوم قەسڕ بۆ شارەکانی عەمماڕە و، ناسریە و، نەجەفیان گرتوە.بێجگە لەئامادەباشی هێزەکانی ئاسایش، بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵ حکوومەتی عێراقی لە بەغدا ئینتەرنێتیشی داخستوە بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەبڵاوبونەوەی ناسەقامگیرییەکان بۆ شوێنەکانی دیکە وڵات.
خۆپیشاندرەران هوتافی دژی ئێران دەدەن:
پارێزگاکانی بەسڕە و، میسان و، زیقار و، نەجەف و کەربەلا بەبەربڵاوی خۆپیشاندانەکانیان تێدا ئەنجامدەدرێ و، چاوەڕێدەکرێ شوێنەکانی دیکەی عێراقیش بگرێتەوە.
خۆپیشاندەران وێڕای ئەوەی لەدژی گەندەڵی و، خراپی خزمەتگوزارییەکان ڕژاونەتە سەرشەقامەکان، بەڵام لەنێو خۆپیشاندەراندا هوتافی دژی ئێرانیش دەبیسترێن و بەئێران دەڵێن چیدیکە نامانەوێی.
خەڵکی بەسڕە نیگەرانن کە ناوچەکەیان نەوتێکی زۆری تێداهەیە کەچی خزمەگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین نەکراوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە عێراق لەبەرهەمی کێڵگە نەوتیەکانی بەسڕە ڕۆژانە نزیکەی (٣ ملیۆن) بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، بەڵام ئەو شارە هێشتا لەخوار گەشەپێدانەوەیە و کێشەی گەورەی کارەبای هەیە و، کوالێتی ئاوەکەی خراپە و پاشماوەکان و خاشاکی سەر شەقامەکانی کۆناکرێنەوە.
یەکێک لەخۆپیشاندەران لەڕاپۆرتەکەدا دەڵێ، خۆپیشاندانەکان بۆ دەربڕینی بێزاریە، ئێمە داوای شایستەکانمان دەکەین و بەس، حکومەت پێویستە ئاوی پاک و، دەرفەتەکانی کارکردن و، کارەبا و، خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکانمان بۆ دابین بکات، ئەو خزمەتگوزارییە بنەڕەتیانە لەلێپرسراویەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق و پارێزگاری شارەکەماندایە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە لەدوای لێدوانی نوێنەری (ئایەتوڵڵا سیستانی) گەورە مەرجەعی شیعەکان و دەربڕینی پاڵپشتی بۆ خۆپیشاندەران خۆپیشاندانەکان بەربڵاوتربوون، کە لەدوای نوێژی هەینی (عەبدولمەهدی کەربەلایی) نوێنەری (سیستانی) گوتی، گونجاو نیە و هەرگیز قبوڵناکرێ ئەو پارێزگا بەخشندەیە یەکێک لەشوێنە خراپ و ناخۆشەکانی عێراق بێ، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ و، حکومەتی ناوچەیی بەجیدی مامەڵە لەگەڵ پێداویستیەکانی هاوڵاتیاندا بکەن. هەروەها داوایشی لەخۆپیشاندەران کرد کە خۆبەدووربگرن لەتوندوتیژییەکان.
یەکێک لەهۆکارەکانی دیکەی خۆپیشاندانەکان لەپارێزگاکانی باشوری عێراق بەرزی ئاستی بێکاریە، بەپێی ڕاپۆرتەکەی (جەزیرە) لەعێراقدا نزیکەی (١٠.٨) خەڵکی بێکارن و، ڕێژەی گەنجانی بێکار دوو ئەوەندە بەرزە لەوڵاتدا، دەبوایە عێراق کار لەسەر وەبەرهێنان لەسەر گەنجان بکات چونکە کۆمەڵگەی عێراقی بەڕێژەی (٦٠%)ی دانیشتوانەکەی تەمەنیان لە خوار (٢٤) ساڵیەوەیە.
عێراق کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەڕێکخراوی (ئوپێک) دا، وە نەوتی یەدەگی نزیکەی (١٥٣ ملیار) بەرمیل هەیە بەڵام نەیتوانیوە گەشەپێدان لەبواری دابینکردنی خزمەگوزارییە بنەڕەتیەکاندا بۆ هاوڵاتیەکانی ئەنجامبدات.
کەرتی نەوتی عێراق نزیکەی (٨٩%) ی بودجەی عێراق دروستدەکات، وە نزیکەی (٩٩%) سامانی هەناردەی عێراق نەوتە، بەڵام تەنها (١%) دەرفەتی کاری ڕەخساندوە و زۆربەی پۆست و دەرفەتەکانی کارکردنی ئەو کەرتەش بەبیانیەکان پڕکراونەتەوە.
کێشەکانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەتایبەتی کێشەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەمەیدانی عێراقدا یەکلایی دەکرێنەوە کاریگەرییان هەیە لەسەر قەیرانەکان و بێزارکردنی هاوڵاتیان، ئێران بە ئەمەریکا دەڵێ ئەگەر کێشەمان بۆ دروستکەی ئەوا ئێمەش دەتوانین لەشوێنی دیکە شەڕ و کێشەت بۆ دروستبکەین.
عێراقیەکان بەشێکی گرفتەکانیان دەگێڕنەوە بۆ ئێران بۆ نمونە کەمی ئاو و، هەروەها کارەباش، (سەعد جەواد) پرۆفیسۆری زانستە سیاسیەکان لە سکوڵی لەندەن بۆ ئابورییەکان گوتی، ناسەقامگیرییەکان لەعێراقدا ئەنجامی ئەوەن کە لەدوای (٢٠٠٣) ەوە چی لەعێراقدا دەگوزەرێ. خۆپیشاندانەکان لەبارەی خراپی خزمەتگوزارییەکان و، گەندەڵی و، بێکاری و، خراپی کارەباوەن، هەموو ئەو شتانە بۆ ماوەیەکی درێژە خەڵک بەدەست نەبونیانەوە و کێشەکانیانەوە گرفتاریانن.
هەروەها گوتیشی، (عەبادی) لەڕووی سیاسیەوە پێگەی لاوازە و ناتوانێ چارەسەر بۆ ئەو کێشانە پەیدابکات، ئێران ڕۆڵی سەرەکی هەیە لەقەیرانەکانی عێراقدا و بەهۆی و لەدوای کشانەوەی ئەمەریکا لەڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێراندا و هەڕەشەکانی دانانەوەی سزایەکان ئەو گرفتانە هاتونەتە پێش.
(جەواد) لەسەر ڕۆڵی ئێران لەکێشەکاندا دەڵێ، لەدوای هەڕەشە ئابورییەکان لەسەر ئێران، ئەوان سەرچاوەکانی کارەبا و سەرچاوەکانی ئاو لەسەر عێراق دەبڕن، کە پێشتر نۆرماڵ و ڕێک بوون، ئەو هەنگاوانە کێشە بۆ عێراق دروستدەکەن، وە لەو باوەڕەدام ئێرانیەکان دەیانەوێ بەئەمەریکا بڵێن ئەگەر ئێوە کێشە بۆ ئێمە دروستبکەن، ئەوا ئێمەیش دەتوانین لەشوێنی دیکە شەڕی ئێوە بکەین لە سووریا، لەعێراق، لە کەنداو، هەر شتێک کە پێمان بکرێ دەیکەین

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

© 2017 Hawler