تشرینی دووەم 16, 2018

کاتێكی درێژی دەوێ بۆ ئاشتەوایی لەموسڵ

موسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە، ئەو شارە گەورە و پڕ لەشارستانیەت و مێژوویە لەحوزەیرانی ساڵی (٢٠١٤)ەدا کەوتە ژێر دەستی داعش و ژیان و ئاوەدانی و شارستانیەتی تێدا لەناوبرا، بێگومان بەشێک لەخەڵکی موسڵ پاڵپشتی و پێشوازیان لەهاتنی داعش بۆ شارەکە کرد و هۆکاربوون بۆ زیان گەیاندن بەناوچەکەیان و هاوسێیەکانیان. موسڵ نزیکەی ساڵیکە ڕزگارکراوەتەوە و بەشێکی خەڵکەکەی گەڕاونەتەوە، ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەکانیش کەم کەم دەگەڕێنەوە بەڵام ئاشتەوایی لەنێوان ئەو خەڵکانەی کە قوربانی ئەو دۆخەبوون و، ئەوانەی کە پاڵپشتی هاتنی داعش بوون ڕێگایەکی قورس و بەردرێژەدەبێ.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (دەچیس‌وێڵس) خەڵکی موسڵ لەکەشێکی گوماناویدا دەژین و بەئاسانی ناتوانن متمانە و ئاشتەوایی لەنێو یەکتریدا پەیدابکەنەوە. ڕاپۆرتەکە نمونەی زیندووی هێناوەتەوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەند کەسێک لەموسڵدا کردوە، (احمد عەبدلرحمن) موختاری ناوچەی (حەمام مەنقوش)ی موسڵە لەبارەی کێشە و ئاریشەکانی کە بەهۆی داعشەوە دروستبون گوتی، کێشەکانی دەستی داعش بە (١٠٠ ساڵ) ی دیکەش تەواو نابن.
موختاری ئەو ناوچەیە نیگەرانی خۆی دەربڕی کە تێکەڵابونەوەی ئەو خێزانانەی کە لەموسڵ ڕایانکردبوو لەبەر داعش و ئەوانەیش کە پاڵپشتی داعشیان کردبوو و ئێستا بەیەکەوە لەیەک ناوچەدا دەژین کارێکی قورس و دژوارە، لەو بارەیەوە گوتی، منداڵەکانی خێزانەکانی داعش و منداڵەکانی دیکەی خەڵکی ئاسایی کە قوربانی دەستی داعش بوون بەبەردەوامی شەڕ دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێک هەبێ بۆ شەڕەکانیان، ئەوان وەکو دوژمن تەماشای یەکدی دەکەن.
موختاری ئەو ناوچەیە لەو باوەڕەدایە بێجگە لەهۆکاری ئەوەی کە خەڵکەکە متمانەیان بەیەکدی نیە، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و یاریگە و شوێنی سەرگەرمی منداڵان لەناوجەکانی موسڵ هۆکارێکی دیکەی بەردەم ئەو کێشانەیە.
ناوچەی حەمام مەنقوشی موسڵ دەکەوێتە موسڵی کۆن و نزیکە لەمزگەوتی ئەلنوری ئەو مزگەوتەی کە (بەغدادی) خەلیفەی داعش دەوڵەتەکەی لێ ڕاگەیاند، پێش داعش نزیکەی (٤٠٠) خێزان لەو ناوچەیە دەژیان، وە بەپێی زانیارییەکانی خەڵکەکە بۆ ڕاپۆرتەکە نیوەی خەڵکەکەی ئەو ناوچەیە پاڵپشتی هاتنی داعش بوون و هەندێكیان گەڕاونەتەوە، موختاری ئەو ناوچەیە کە تا نزیکەی کۆتایی هاتنی داعش لەو ناوچەیە ماوەتەوە دەڵێ ژیان لەو کاتەدا زۆر قورس و ناخۆش بوە، خەڵک بەهۆی بۆمب و، گوللە و برسیەتیەوە لەناوچون، داعشەکان مێشک نەخۆش و خراپ بوون، خەڵکیان بەئازار و دەردەسەری لەناوبرد.
ئێستا لەدوای ساڵێک لەڕزگارکردنەوەی ئەو ناوچەیە تەنها (٧٥) ماڵ گەڕاونەتەوە، ناوچەکەیان وێرانەیە و بەپەرتوی خانوە ڕووخاوەکان داپۆشراوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە وێڕای نەبوونی ژیان و ئاوەدانی کەچی بێ متمانەیەکی قوڵیش لەنێوان خەڵکەکەیدا هەیە لەهەردو بەرەدا کە ئەویش بڵێسەی ئاگرێکی کپە لەناو موسڵدا. هیچ کەسێک لەو ناوچەیە و بەشەکانی دیکەی موسڵیش دان نانێت بەوەی کە پاڵپشتی داعشی کردبێ، وە بۆ ئەوانەی کە کەس و کاریان لەدەستداوە زامەکانیان ساڕێژنەبوە و، کاتێکی درێژی دەوێ بۆ گێڕانەوەی هەستی تەبایی و ئاشتی لەگەڵ ئەوانەدا کە پاڵپشتی ئەو خراپەکارانە و بێڕەحمانەی داعش بوون بۆ ناوچەکانیان.

خانوی جیرانەکەی هێشتا چۆڵە:
کێشەکانی خەڵکی موسڵ قوڵترن لەوەی کە بەڕواڵەت باس دەکرێن، بێ متمانەیی قوڵ هەیە لەنێو خەڵکەکەدا هەیە بەهۆی ئەوەی کە بەشێک لەخەڵکەکە پاڵپشتی داعشیان کردوە، ئەو بێ متمانەیە پێویستی بەپرۆژەی گەورەی گەشەپێدان لەبواری کۆمەڵایەتی و هاریکاری شارەزاییانی ئەو بوارە هەیە تاوەکو بتوانرێ لەداهاتوودا کاریگەرییەکانی کەمبکەنەوە.
(عمر محسین) دانیشتویەکی دیکەی موسڵە و، کوڕە تەمەن نۆ ساڵانەکەی بەگوللەی قەناسێکی داعش گیانی سپاردوە، وە دواتر بەهۆی هێرشی فڕۆکەکانەوە هەموو خێزانی برایەکەی لەدەستداوە.
ئەو خانوەی جیرانی (عمر) هێشتا چۆڵە و خێزانی ماڵەکە نەگەڕاونەتەوە، بەگوتەی (عمر) ئەو خێزانە یەکێکەبوون لەوانەی کە پاڵپشتی داعشیان کردوە و ئەو هەر کات تەماشای ماڵەکەیان دەکات ڕق و کینە دایدەگرێت.
(عمر) داوادەکات ئەو ماڵەی جیرانی نەگەڕێنەوە و ئازارەکەیشی ڕوونە لەبەرچی نایەوێ بگەڕێنەوە، ئەو لەو باوەڕەدایە کە ئەوان پاڵپشتیکەری داعش بوون و، هۆکاربوون بۆ لەدەستدانی ئازیزەکانی ئەو و سەدانی دیکەی نێو موسڵ.
شیاو باسکردنە، شەڕی داعش یەکێک بوە لەو شەڕانەی کە جگە لەقوربانیە گیانی و زیانە ماددییەکان ئاریشە و کێشەی کۆمەڵایەتی گەورەی دروستکردوە، وە برینەکانی دەستی داعش لەئازارەکان و، بێ متمانەیی کاتێکی زۆری دەوێ تاوەکو ساڕێژدەبنەوە. لەو بارەیەوە شارەزاییانی بواری کۆمەڵایەتی هۆشداری دەدەن لەئەگەر نەگەڕانەوەی ژیان و خزمەتگوزارییەکان و، وە لەنەبوونی پلانێکی باشی پەروەردەی کۆمەڵایەتی بۆ ناوچەکە لەپێناو ئاشتی و پێکەوەژیاندا ئەوا قەیرانەکان لەشوێنی خۆیان و بەبێ چارەسەرکردن دەمێننەوە و ئەوەش سەردەکێشی بۆ کێشە و گیروگرفتی دیکەی لەداهاتوودا.
نزیکەی (٤٠ هەزار) کەس لەوڵاتانی بیانیەوە پەیوەندییان بەداعشەوە کردبوو، وە نزیکەی (١٠ هەزار) عێراقیش لەناوچەکەدا چەکداری داعش بوون بەڵام بەهێز و توانای هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان و پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لەماوەی نزیکەی سێ ساڵدا خەلافەتی داعش ڕووخێنرا و لەناوبران، ئەوانەی کوژران دەنا گیران و زیندانی کران.
دیارنیە چەند چەکداری داعش لەزیندانەکانی عێراقدان، وە ژمارەی ئەو خەڵکانەی لەگەڵ داعشیش بوون ئەوەیش هێشتا ڕوون نیە، وە بەشێکی خانە نوستوەکانی داعشیش هێشتا لەناوچەکاندا ماون، بەڵام ئەوەی کە گرنگ و پڕ بایەخە بەلای خەڵکی موسڵ و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەستی داعش بەتایبەتی ئەوانەی قوربانی دەستی داعش بوون چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتیەیە کە لەموسڵ و ناوچەکانیاندا هەستی پیدەکرێ ئەوەیش بێ متمانەییەکی قوڵە لەنێوان خەڵکەکەدا، خەڵکی موسڵ و ناوچەکانی دیکەی کە کەوتبونە بن دەستی داعش پێویستیان بەئاشتی نیشتمانی بەردەوام و درێژخایەن هەیە و، وە بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی داهاتووی عێراق ئەرکی گەورەی لەئەستۆ دەبێ بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە و، گێرانەوەی ژیان و ئاشتی و ئاوەدانی بۆ ناوچەکانیان

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

دوا ژمارە

  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 15 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 14 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 13 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 12 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 11 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 08 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 07 2018
  • 1
  • 2
  • 3
  • 4
  • 5
  • 6
  • 7
© 2017 Hawler