تەمموز 16, 2019

عەبادی و عامری ددان لەیەکتر دەسوون

حزب و لایەنە شیعەکانی عێراق تا رادەیەکی زۆر بەرەی خۆیانیان بۆ هەڵبژاردنەکانی دابێ، یەکلا کردووەتەوە. حەیدەر عەبادی و هادی عامری لە ناو هاوپەیمانیی "نەسر"دا یەکیان گرت. ئەوان لەژێر پەردەی ئەو یەکگرتنە رووکەشیەدا، ددان لە یەکتر دەسوون.

هاوپەیمانیی "نەسر" سێ لایەنی شیعەی بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، عەمار حەکیم و هادی عامری لەخۆ گرتووە. بڕیار بوو موقتەدا سەدریش بچێتە ناو ئەو هاوپەیمانێتییەوە، بەڵام دوای یەکگرتنی عەبادی و عامری، ئەو کارە نەکرا.
وەک عەرەفات کەرەم سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، "سەدر لەوباوەڕەدا نەبوو عەبادی و عامری یەک بگرن و ئێستایش کە ئەو کارە کراوە، سەدر خۆ لەو هاوپەیمانێتییە بە دوور دەگرێ.
هادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدر و یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبییە و خاوەنی زیاتر لە ١٠ هەزار چەکدارە.

لەیەکترازانی دەعوە
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێ حەشدی شەعبی بچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە و سەرکردە عێراقییەکان و بەتایبەت حەیدەر عەبادییش لەسەر ئەمە کۆک بوون. هۆی نەچوونی سەدر بۆ ناو هاوپەیمانێتیی "نەسر"، پێشێلکردنی ئەو رێککەوتنەیە لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە و رێگەپێدانی هاتنی هادی عامرییە بۆ ناو هاوپەیمانێتییەکە.
سەدر خۆی یەکلا کردووەتەوە کە نەچێتە ناو هاوپەیمانێتییەکەوە، بەڵام ئەوەی یەکلا نەکردووەتەوە لەگەڵ چ حزب و لایەنێک دەبێت.
هاوپەیمانێتیی "نەسر"، حزبی دەعوەشی تووشی لەیەکترازان کرد و ئێستا نووری مالیکییش لیستێکی جیای بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە.
عەرەفات کەرەم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "لیستەکەی نووری مالیکی زۆر لاوازە."
سوپرایزەکەی هەڵبژاردن
رێککەوتنی نێوان هادی عامری و حەیدەر عەبادی بۆ زۆربەی لایەنەکان، بە تایبەت موقتەدا سەدر، دوور لە چاوەڕوانی بوو. ئەمەریکا بە تەواوی پشتی عەبادیی گرتووە بۆ ئەوەی وەک سیاسییەکان دەڵێن، "هەژموونی ئێران کەمتر بکاتەوە،" هاوکات بە تەواوی دژی چەکدارانی حەشدی شەعبی بووە و جەختی کردووەتەوە نابێ بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بکەن، ئەمەش لەبەر نزیکیی حەشدی شەعبی بووە لە ئێران.
سەرەڕای ئەو دوو هەڵوێستە جیایەی ئەمەریکا، ئێستا ناوی حەیدەر عەبادی و هادی عامری لەپاڵ یەکترەوە نووسراون.
کەسانی سیاسی لە بەغدا، پێیان وایە ئەمە هەمان سیناریۆی ساڵی ٢٠١٠ـیە کە بەهۆیەوە نووری مالیکی بوو بە سەرۆکوەزیران. لەو ساڵەدا ئەمەریکا و ئێران لەسەر سەرۆکایەتیی مالیکی رێک‌کەوتبوون.
عەرەفات کەرەم، هەمان بۆچوونی بەشێک لە سیاسییەکانی عێراقی هەیە. ئەو دەڵێ، "پێموایە ئەمجارەش ئەمەریکا و ئێران لەوبارەیەوە رێککەوتوون. ئەمەریکا لەبارەی حەشدی شەعبییەوە بێدەنگ بووە و لەبەرانبەریشدا ئێران رازی بووە عەبادی بۆ جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران."

پشتی پەردەی هاوپەیمانێتییەکە
ئەمەریکا و ئێران لەسەر ئەو هاوپەیمانێتییە رێک‌کەوتوون، بەڵام هەر کامەیان سیاسەتی خۆیان هەیە و هەر دوولایش، پلانەکانی بەرانبەریان دەخوێننەوە. ئەمە لە نێوان عەبادی و عامریشدا هەربەو شێوەیەیە.
ئەگەرچی هێشتا بە فەرمی ڕانەگەیێندراوە، بەڵام هەندێ سەرچاوە ئاماژە دەدەن لەوەی، لیستی "فەتح" کە لە سەرکردەکانی حەشدی‌شەعبی پێک‌هاتووە و هادی عامری سەرۆکایەتیی دەکات، لە هاوپەیمانیی نەسر کە عەبادیی سەرۆکایەتیی دەکات دەکشێتەوە.
زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان لەسەر زاری سەرکردەیەکی نزیک لە عامرییەوە ئەوەی درکاندووە، پیشتر عامری هەڕەشەی ئەوەی لە عەبادی کردووە، کە ئەگەر بێت و ڕەوتی سەدر و حیکمەی عەممار حەکیم بچنە نێو هاوپەیمانەتییەکەوە، ئەوا ئەو لێی دەکشێتەوە.
بە بڕاوی عەرەفات کەرەم، ژێربەژێر رکابەرییەکی زۆر لە نێوان عامری و عەبادی لە ناو لیستە هاوبەشەکەیاندا هەیە. ئەو دەڵێ، "عەبادی لەسەر ئەو بڕوایەیە بەو کارەی دەتوانێ حەشدی شەعبی و سەرکردەکانی کۆنترۆڵ بکات. سەرکردەکانی حەشدیش هەمان شت دەڵێن، بەڵام پێچەوانەکەی. حەشد دەیەوێ لەو رێگەیەوە حەیدەر عەبادی کۆنترۆڵ بکات".
تا ئێستا ٢٠٤ حزب و ٥٥ هاوپەیمانی ناویان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا تۆمار کراوە. سەرەڕای ئەمە دیار نییە هەڵبژاردنەکان لە رۆژی ١٢ـی ئایاری ئەمساڵدا بەڕێوە دەچێت یان نا. بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و کوتلەکانی ناو پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە کۆ ببنەوە و بڕیاری کۆتایی بدەن.
لە KDPەوە

© 2017 Hawler