ئەیلول 20, 2019

گەندەڵیی گەورە لە گرێبەستەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراقدا

ڕاپۆرتی شەزا خەلیل
سەنتەری ڕەوابت بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ستراتیژی

ڕۆشنایی خستنەسەر گەندەڵییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، بەملداهێنانێکی سیاسی نییە، یان بۆ بانگەشەی هەڵبژادن نییە، بەڵکو بە فەرمیی پشتڕاستکراوەتەوە و بە بەڵگەی بنجبڕ لە نووسینگەی پشکنینی گشتیی وەزارەتی پەروەردەی عیراقی و دەزگایی هەواڵگریی عێراقیییەوە سەلمێنراوە.
بەڵگەنامە فەرمییەکان گەندەڵی لە گرێبەستێکی وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ کۆمپانیایەکی لوبنانیدا دەردەخەن، ئەویش بە گوێرەی بەڵگەنامەی فەرمیی ڕێکەوتی 2/4/2017، کە "لەژێر ناونیشانی وردبینی گرێبەست" لە ژمارە 3623ی ڕێکەوتی 26/4/2018دا، وردبینیی بۆ کراوە.
بە گوێرەی ئەم بەڵگەنامەیە، وەزارەتی پەروەردەی عێراقی بانگهێشتێکی ئاراستەی کۆمپانیایەکی لوبنانیی بە ناوی "دار گارنێت" کرووە بۆ چاپکردنی 24 کتێب (بە تیراژی جیاواز) لە کتێبە مەنهەجییەکانی خوێندنی زمانی ئینگلیزی بۆ ساڵی 2018، بە بڕی 38 ملیار دیناری عێراقی. ئەگەرچی کۆمپانیای نیشتمانیی عێراقی و خۆماڵی هەن بە کواڵێتیەکی باش دەتوانن هەمان ئەو مەنهەجە و هەمان ئەو کتێبانە بە بڕی 29 ملیار دینار چاپ بکەن، کەچی وەزارەت بە هاوکاری لەگەڵ لیژنەی هەڵسەنگاندنی نرخەکان لەلایەن کاروباری کارگێڕییەوە، ئەم جیاوازییەی تێچوونەکەیان لەبەرچاو نەگرت کە نزیکەی "10" ملیار دیناری عێراقییە، بۆیە کتێبەکانیان دا بە "دار گانێت". واتە بە کۆمپانیا لوبنانییەکە.
لیژنەی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی نرخەکانی کتێبەکان ئەوەی ڕوونکردۆتەوە کە بە گوێرەی بڕی خوازراو لەلایەن کۆمپانیا لوبنانییەکەوە کە وەزارەتی پەروەردە مامەڵەی لەگەڵ دەکات، نرخی هەر کتیبێک 231 دینارە، ئەمە ئەو نرخەیە کە پێشکەش بە نووسینگەی چاودێریی گشتیی لە وەزارەتی پەروەردە کراوە، کە لای خۆیەوە ئاماژەی بەوە کردووە بڕی 10 ملیار دیناری عێراقی بە هەدەر دراوە، ئەمە جگە لەوەی کە لیژنەکە خۆپارێزیی بەرامبەر هەندێ لە بڕگەکانی گرێبەستەکە هەیە، هەڵبەت نرخی کتیبێک لە ساڵی ڕابردوودا 225 دیناری عێراقی بوو.
بە قسەی دەزگای هەواڵگیریی نیشتمانی، کۆمپانیای دار گارنێت هیچ لقێکی دیاریکراوی لە عێراق نییە، سەرمایەکەیشی دەگاتە 2500 پاوەند (واتە نزیککەی 3500 دۆلاری ئەمریکی) لە کاتێکدا چەندین فەرمانبەری وەکیلی هەیە.
ئەو بەڵگەنامەیەی لە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانییەوە، لە 2ی نیسانی ساڵی 2017 بە ناونیشانی "بۆ وەزارەتی پەروەردە/نووسینگەی وەزیر" جەخت لەسەر بەهەدەردانی سامان دەکاتەوە لەو گرێبەستەدا وا پێشتر باسمان کرا. لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە: "دەمانەوێت لەبارەی نووسراوتانەوە، ژمارە 4931، لە 27/2/2017دا، لەم خاڵانەی خوارەوە ئاگادارتان بکەینەوە:
1-بە گوێرەی وردبینیی لە ڕێسای داتاکانی ئەو کۆمپانیا بیانییانەدا کە لە عێراق تۆمار کراون، لای ئێمە ناونیشانێک یان بارەگای لقێک بە ناوی کۆمپانیای (دار گارنێت، بۆ بڵاوکردنەوەی پەروەردەیی) بوونی نییە.
2- دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەربارەی کۆمپانیای بەریتانیی "لوبنانی"، کە لە بڕگەی 1ی سەرەوەدا ئاماژەی پێکراوە، بۆمان دەرکەوت ئەم کۆمپانیایە لە ڕێکەوتی 1/3/1991، لە بەریتانیا دامەزراوە، کۆمپانیایەکی تایبەت و خاوەن بەرپرسیارێتییەکی سنووردار بووە، بۆیە لە ڕیزی کۆمپانیا بچووکە تایبەتییەکانی بواری چاپکردنی کتێبدا پۆلێن کراوە.
3- ناتوانین لە ئێستادا بۆچوونی ئەمنیی دەربارەی ئەم بابەتە دەرببڕین بەهۆی ئەوەی ئەم کۆمپانیایە بەم ناونیشانەی ئێستایەوە لە عێراقدا بوونی نییە.
دواجار دەزگای هەواڵگری ستایشی هەوڵەکانی چاودێریی گشتیی وەزارەتی پەروەردە دەکات، بەهۆی ئەوەی خۆی پاراستووە لە چاپکردنی مەنهەجەکە، ئەگەرچی وەزیری پەروەردە فشاریشی لێکردوون.

سەرچاوە:

http://rawabetcenter.com/archives/66061

 

و/ هاوار محە‌ممە‌د - هه‌ولێر

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 10 ئایار 2018 07:24
© 2017 Hawler