ئەیلول 20, 2019

جەزیرەی ئینگلیزی: بەهۆی گەندەڵیەوە لەعێراق ٣٢٠ ملیار دۆلار دزراوە

عێراق یەکێکە لەوڵاتە هەرە گەندەڵەکانی جیهان کە لە (١٥٠) وڵاتی جیهاندا پلەی (١٤٣) هەمینی وەرگرتوە، وە بەشێکی زۆری گەندەڵیەکان لەعێراقدا بەهۆی گرێبەستی ناڕاستەوە ئەنجامدراون. لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەساڵی (٢٠٠٣)دا وە دروستکردنی حکومەتی نوێی عێراقی چاوەڕێدەکرا سیستەمی دیموکراسی و دادی کۆمەڵایەتی و، ئابوری و، دامەزراوەیی لەعێراقدا دروستبکرێ گەشەبکات بەڵام بەپێچەوانەوە دەسەڵاتداران ئەو دەرفەتەیان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکارهێنا و، بەشێکی زۆری سامانی وڵاتەکەیان بۆ خۆیان بردوە، ئێستا عێراق لەدۆخێکی خراپی ئابوریدایە بەهۆی گەندەڵیەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (جەزیرەی ئینگلیزی) لەماوەی پانزە ساڵی ڕابردوو لەعێراقدا و لەماوەی دەسەڵاتداریەتی حکومەتەکانی نوێی دوای (ڕووخانی ڕژێمی بەعس) سامانێکی زۆری وڵات دیارنەماوە و بەهۆی گەندەڵیەوە پارەیەکی زۆر دزراوە.
لەعێراقدا لەماوەی ئەو (١٥ ساڵ) ەدا نزیکەی (٣٢٠ ملیار) دۆلاری ئەمەریکایی دزراوە، بەشێکی زۆری ئەو پارانە و ئەو گەندەڵیانەی ئەنجامدراون لەڕێگای گرێبەستی ناڕاستەوە پارەکانیان دزراوە، بۆ نمونە فڕۆکەی سەربازی نرخەکەی تەنها نزیکەی ملیۆنێکە بەڵام گرێبەستی چەندان ملیۆن دۆلاری بۆ نوسراوە.
ئێستا عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنەکاندایە لە (١٢ی ئایار) دا، وە ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی یان نەهێشتنی گەندەڵی زیاتر یەکێک دەبێ لەکارە هەرە قورسەکانی بەردەم کابینەی نوێی عێراقی، بەڵام ئاخۆ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراقی دەتوانێ گەندەڵی چارەسەربکات و، وە دەستپێکێکی نوێی دەسەڵاتداری لەعێراقدا دروستبکات؟
لەڕاپۆرتەکەدا چەند کەسێک لێدوانیان داوە لەسەر پرسی گەندەڵی لەعێراقدا، لەو بارەیەوە (ڕەحیم دەڕاجی) ئەندامی پەرلەمانی عێراقی و لە لیژنەی نەزاهە دەڵێ، شارەزاییانی بواری داراییمان لەعێراق خەمڵاندنیان بۆ گەندەڵیەکانی عێراق کردوە و بەداتا ئاشکرایان کردوە کە لەعێراقدا لەماوەی ئەو پانزە ساڵەدا (٣٢٠) ملیار دۆلاری ئەمەریکی دیارنەماوە و دزراوە، وە بەدواکەوتنیشی ناکرێ. زۆربەی ئەو پارانە بۆ گرێبەستی گەندەڵی و ناڕاست ڕۆیشتون یەکێک لەو نمونانە مامەڵەی کڕینی فڕۆکەیە، هەر (جێتێک) نرخەکەی نزیکەی (نۆسەد و حەفتاو پێنج هەزار دۆلاری ئەمەریکاییە) بەڵام حکومەتی عێراقی هەر فڕۆکەیەکی کڕیوە (لەنێو گرێبەستەکەدا) بە (١٣ ملیۆن دۆلار).
(دەڕاجی) هەروەها گوتیشی هۆکارەکانی گەندەڵی لەعێراقدا ڕوونن کە نەبوونی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەیە، وە لەعێراقدا پارەیەکی زۆری نەپارێزراو هەیە کە ئەوەیش هاندەرە بۆ دزی و ونبونی.
شەقامی عێراقی لەهەبوونی گەندەڵی نیگەران و توڕەیە، ئەوان چاوەڕێی ژیانێکی باشتربوون لەدوای ڕووخانی ڕژێم نەک حکومەتێکی گەندەڵکار. ڕاپۆرتەکە دەڵی بۆ ئاگاداربوون لەگەندەڵی پێویست ناکات لەبەغدا دووربکەویەوە و لێرە چەندین چیرۆکی لەو بارەیەوە لەهاوڵاتیانی سادە و بازرگانان گوێبیست دەبیت، بۆ ئەو مەبەستە لەبەغدای پایتەختی عێراق لەناو بازاڕێکدا ڕاپۆرتەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ خاوەن کارەکانی لەبارەی گەندەڵیەوە ئەنجامداوە.
(سەرمد جمال) فرۆشیاری میوە و سەوزە دەڵێ گەندەڵی لەعێراقدا بەزۆری بوونی هەیە نمونەیەکی سادەش لەو بارەیەوە ئەوەیە عێراق هاوردەی کەلوپەلەکانی ڕۆژانە و، میوە و سەوزە و وشکە لە کوێت و، عەرەبستان و، ئیمارات و، میسر و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەوە دەکات، حکومەت هانی جوتیارەکان نادات و پاڵپشتیان ناکات بۆ ئەوەی پەرە بەکشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆیی بدەن، بۆیە لێرەوە گەندەڵی سەرهەلدەدات و بەرپرسانی حکومەت دەرفەتیان دەبێ لەو گرێبەستانە پارەی زۆریان دەستبکەوێ. لەعێراقدا ئاستی هەژاری زۆر بەرزە، وە بەهەمان شێوە ئاستی بێکاریش لەئەوپەڕی خراپیدایە کە گەندەڵی بەشێکی گەورەی هۆکارەکانی هەژارییە و، وە پەرەپێنەدانی کەرتی پیشەسازی و ئابوری و بازرگانی و کشتوکاڵیش لەعێراقدا کاریگەری خراپیان هەیە لەسەر نەبوونی دەرفەتەکانی کارکردن.
لەماوەی ڕابردوودا ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان لەسەر هەژاری و نەبوونی دەرفەتەکانی کارکردن و هەروەها گەندەڵی چەندین ڕاپۆرتیان بڵاوکردۆتەوە، خەڵکی عێراق بەتایبەتی گەنجان توڕەن لەدەسەڵاتدارانی وڵات بەهۆی نەبوونی دەرفەتەکانی کارەوە. لەعێراقدا بەشێکی زۆری ئەوانەی زانکۆ تەواودەکەن ناتوانن کاری ئەکادیمیان دەستکەوێت وە بەهۆی کەمی دەرفەتەکانی کارکردنەوە نزیکەی (٨٠%) ی ئەوانەی کە خوێندنی زانکۆ ساڵانە تەواودەکەن ناتوانن دابمەزرێن.
هەروەها ڕاپۆرتەکەی (جەزیرە) یش ئاماژەی بەنیگەرانی شەقامی عێراقی داوە لەسەر نەبوونی دەرفەتەکانی کارکردن، لەو بارەیەوە (عباس علی) دوکاندار لەبەغدا دەڵێ، خێزانەکەم حەوت ساڵە دەرچویە و خوێندنی ئەکادیمی تەواوکردوە بەڵام تاوەکو ئێستا دەرفەتی کاری لەدامەزراوەکانی حکومەتدا دەستنەکەوتوە.
شیاوی باسکردنە، ئەگەرچی حکومەتەکەی (حەیدەر عەبادی) لەساڵی (٢٠١٧) ەدا بانگەشەی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی ڕاگەیاند بەڵام لە پڕاکتیکدا هەنگاوەکان وەکو پێویست نەبوون، وە شارەزاییانی بواری سیاسی و توێژەرانی کەیسی گەندەڵی لەعێراق دەڵێن زۆر درەنگە بۆ ئەوەی ئەو پارە دزراوانەی بەرپرسانی عێراق بردویانن بتوانرێ بگەڕێندرێنەوە نێو داهاتی نیشتمانی.
لەو بارەیەوە (هاشم ئەلهاشمی) شیکەرەوەی سیاسی دەڵی لەڕاستیدا ناتوانرێ ئەو پارانە بگەڕێندرێنەوە، کەس ناتوانێ ڕووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە چونکە گەندەڵی بەقوڵی بەنێو دامەزراوەکانی عێراقدا چۆتەخوارێ، بەڵام ئاخۆ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەتوانێ دەستپێکێکی نوێ دەستپێبکات لەنەهێشتنی ڕوودانی گەندەڵی زیاتر لەعێراقدا، چونکە ئەوەی لەماوەی رابردوودا ڕوویداوە ناتوانرێ بسەندرێتەوە

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

© 2017 Hawler