کانونی یەکەم 14, 2019

زۆربەی لیستەکانی عێڕاق بانگەشەکانیان وەکو یەکە و گۆڕانکاری تێدانیە

بەشێکی زۆری پارتە عێراقیەکان بەتایبەتی شیعەکان وێرای ئەوەی بانگەشەی تێپەڕینی سنوری ناسنامەیی دەکەن، بەڵام لەڕاستەقینەدا هێشتا دەنگە ڕەسەن و زۆرەکان و، هیوای پارتەکانیش لەزۆنی ناسنامەیی خۆیاندایە بۆ نمونە سەرکردە شیعەکان دەنگی شیعەکان دەبەنەوە و، سەرکردە کوردەکان دەنگی کوردەکان دەبەنەوە و، سەرکردە سوننەکانیش دەنگی سوننەکان بەدەستدەهێنن بۆیە سنوری ناسنامەیی ناگۆڕێت

عێراق نزیکبۆتەوە لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە (١٢ی ئایار) دا بۆ خولێکی نوێی پەرلەمان و دواتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی فیدڕاڵی.
ئەو هەڵبژاردنە یەکەم هەڵبژاردنە کە لەدوای کۆتایهێنان بەشەڕی داعش ئەنجامدەدرێ و هەروەها یەکەم هەڵبژاردنیشە لەدوای خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بەغدا و شوێنەکانی دیکەی عێراق کە لەساڵی (٢٠١٥) دەستیان پێکرد بۆ لادانی دەسەڵاتدارانی ئێستا و ئەنجامدانی چاکسازی لەسیستەمی سیاسی و ئابوریدا کە لەدوای ساڵی (٢٠٠٣) ەوە دروستبوە، بۆیە ئەو دەنگدانە بەلای خەڵکیە لەقۆناغێکی چارەنوسدایە بەرەو هەنگاونان بۆ دواڕۆژێکی سەقامگیر لەعێراقدا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (واشنتن‌پۆست) ئەو دەنگدانە و، قۆناغەکانی دروستکردنی حکومەتی نوێ شێوەی سیاسی دواڕۆژی عێراق دیاریدەکەن، ئەگەرچی وێڕای ڕاپرسی و ناوەندەکانی دەنگدان لەسەر بڵاوکردنەوەی داتاکان لەبارەی پارت و کاندیدە بەهێزەکانەوە بەڵام هێشتا ناڕوون و لێڵە بتوانرێ بزانرێ کێ سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق و زۆرینەی پاڵپشتی بەدەستدەهێنێ. هێشتا بارودۆخەکانی پێش هەڵبژاردن و، ستراتیژییە بڵاوکراوەکان ڕوون بەرچاونین لەبەردەم سەقامگیری و، ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەدا کەدواڕۆژی عێراق لەدرێژمەودادا پێویستی بەسەقامگیری درێژخایەن و باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان و، پێکەوەژیانی ئاشتیانە هەیە.

شکانی هاوپەیمانیە شیعەکان:
لە یەکەم هەڵبژاردنی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس کە لەساڵی (٢٠٠٥) دا ئەنجامدرا هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەکان نوێنەرایەتی زۆرینەی زۆری پارتە شیعەکانیان دەکرد کە لەهەڵبژاردنەکەدا بەڕێژەی (٥٦%) سەرکەوتن و کورسیەکانی پەرلەمانیان بەدەستهێنا.
لەهەڵبژاردنەکانی دواتردا لەساڵی (٢٠١٠) و (٢٠١٤) ەدا ئەو لیستە هێواش هێواش لێکترازا و شکا، ئێستا گەورەترین بەربەرەکانێ لەنێوان پارتە شێعەکاندایە بۆ بردنەوەی زۆرینە و گەیشتن بەکورسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی. هەروەها بەهەمان شێوە پارتە سوننەکان و کوردییەکانیش کە جاران لەلیستێکدا یەکگرتوو بون ئێستا ئەوانیش دابەشبوون بۆ چەند پارتێکی بەرانبەریەک.
شیعەکان کە زۆرینەی عێراقن و دەرفەتی بردنەوەی زۆرینەی کورسیەکانی عێراقیان هەیە، لەو هەڵبژاردنەدا سیاسیەکانیان لەچەند ڕێگایەکی جیاوازەوە بەربەرەکانێی یەکتری دەکەن لەپێناو سەرکەوتندا، بەشێکیان کەمپەین لەناوچە سونیەکان و هەروەها ناوچە کوردییەکانیش دەکەن بۆ ئەوەی دەنگ لەو ناوچانەش کۆبکەنەوە.
بەڵام کاتێ بەناو قوڵایی ستراتیژی و بانگەشەکاندا شۆڕدەبیەوە ئەوەت بۆ دەردەکەوێ کە زۆربەی لیستەکان بانگەشەکانیان وەکو یەکە و گۆڕانکاری تێدانیە، زۆر قورسە بتوانی جیاوازی لەنێوان کەمپەینەکاندا لەنێوان مەنێفیستۆ و، قسەکانی نێو بانگەشەکاندا بکەیت. هەموویان لەقسەکانیاندا بانگەشەی سێکتەری دەکەن، هەمان بەڵێنی جاران دەدەن بۆ شەڕی دژی گەندەڵی و باشترکردنی خزمەگوزارییە گشتیەکان و، دەرفەتەکانی کار و، گەشەپێدانی ئابوری بۆیە جیاکردنەوەی ڕاستەقینەیی ئاڵۆز و دژوارە.
بەشێکی زۆری پارتە عێراقیەکان بەتایبەتی شیعەکان وێرای ئەوەی بانگەشەی تێپەڕینی سنوری ناسنامەیی دەکەن، بەڵام لەڕاستەقینەدا هێشتا دەنگە ڕەسەن و زۆرەکان و، هیوای پارتەکانیش لەزۆنی ناسنامەیی خۆیاندایە بۆ نمونە سەرکردە شیعەکان دەنگی شیعەکان دەبەنەوە و، سەرکردە کوردەکان دەنگی کوردەکان دەبەنەوە و، سەرکردە سوننەکانیش دەنگی سوننەکان بەدەستدەهێنن بۆیە سنوری ناسنامەیی ناگۆڕێت.
بانگەشەی گۆڕانکاری و بەرهەڵستیەکان هێشتا وەکو خۆیان ماون، هێشتا لەنێوان هاوڵاتی و بەرپرسە باڵاکاندا مەوداییەکی بەرفراوان هەیە کە ئەو مەوادایە بۆتەهۆی لەدەستدانی متمانەی خەڵک بۆ سەرکردەکانیان. لەدوای شەڕی عێراق لەساڵی (٢٠٠٣) ەوە شێوەیەک لەپێکەوە گونجان یان هاوپەیمانیەتی لەنێوان پارتەکاندا لەسێکتەر و پێکهاتە جیاوازەکاندا دروستبوە کە هێشتاش تاڕادەییەک بوونی هەیە.
شیاوی باسکردنە، دواڕۆژی عێراق پێویستی بەسەقامگیری سیاسی و ئاشتەوایی نێوان کۆمەڵگاکان و، باشترکردنی سیستەمی خزمەتگوازاری هەیە، هێشتا شەقامی عێراقی دوودڵە لەوەی کە داواکارییەکان لە ستراتیژی حکومەتی ئایندەی عێراقدا بۆ دێتەی دی یان نا.
بەشێکی زۆر دەڵێن هیوایان هەیە کە ئەو بەڵێنانەی دەدرێن بەهێواشی دەبنەهۆی تۆکمەیی و سیستەمێکی کارگێڕی و خزمەگوزاری گونجاو بۆ خەڵکی، بەڵام لەکاتێکدا کە هێشتا سیستەمی دادوەری چالاک نیە و بەتەماشاکردن لەمێژووی تازەی عێراقی ئەوە دەردەکەوێ کە گۆڕانی ڕاستەقینە بەتەنها لەڕێگای قۆناغەکانی دەنگدانەوە نایەتەدی

 

و/ خالید ئه‌حمه‌د - هه‌ولێر.

© 2017 Hawler