
بەپێی ئاماری ڕێكخراوی «په‌یامنێرانی بێ‌سنوور» عێراق یەکێکە لە خراپترین وڵاتەکان بۆ رۆژنامەنووسان و مەترسی لەسەر دۆخی ڕۆژنامەنووسان هەیە. هەر بە پێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە لە دوای ساڵی 2003 ەوە 462 رۆژنامەنووس لە عێراقدا کوژراون.
ڕێكخراوی «په‌یامنێرانی بێ سنوور»، کە ڕێكخراوێكی مه‌ده‌نییه و گرنگی ده‌دات به ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری و ژیان و گوزه‌رانی ڕۆژنامه‌نووسان له‌جیهاندا، ساڵانه ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی رۆژنامەوانان بڵاوده‌كاته‌وه، به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته بێت، ساڵی ڕابردوو 2017 ره‌وشی ڕۆژنامه‌نووسان له‌چاو ساڵانی تردا باشتر بوو، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا 65 ڕۆژنامه‌نووس له‌جیهاندا كوژراون. لەنێو ئەو وڵاتانەی کە خراپترین جێگەن بۆ رۆژنامەوانان سوریاش ترسناكترین وڵاتی جیهانه بۆ كاری رۆژنامه‌گه‌ری و لە دوای سوریا، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە مەترسی لەسەر ژیانی ڕۆژنامەوان هەیە .
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە له‌ته‌واوی جیهاندا ساڵی 2017 له‌چاو ساڵانی تردا، كه‌متر خوێناویی بووه بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و له‌ته‌واوی جیهاندا 65 رۆژنامه‌نووس كوژراون. ئه‌مه‌ش له‌ماوه‌ی 14 ساڵی پێشوودا، كه‌مترین ژماره بووه. له‌درێژه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه، له‌ناو ئه‌و 65 كه‌سه‌دا، 50یان ڕۆژنامه‌نووسی پیشه‌یی بوون. 15یان هاوكاری ڕۆژنامه‌نووسان بوون. لەو ژمارەیەش حەوت رۆژنامەنووسیان لە عێراق کوژراون. له‌باره‌ی چۆنێتی كوژرانی ئه‌و ڕۆژنامهنووسانهشهوه، ڕاپۆرته‌كه‌دا ده‌ڵێت: له‌و ژماره‌یه‌دا 39 یان تیرۆر‌كراون. به‌ڵام 26 یان له كاتی كاركردندا كوژراون. به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته بێت، 2017 له‌چاو ساڵی 2016 دا، ژماره‌ی كوژراوی ڕۆژنامه‌نووسان به‌ڕێژه‌ی 18% كه‌مبۆته‌وه. ساڵی 2016 ژماره‌ی كوژراوه‌كان گه‌یشته 79 كه‌س، به‌ڵام ئه‌مساڵ بۆ 65 دابه‌زیوه.
به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته بێت، هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڕێژه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆمه‌ڵێك هۆكار، له‌لایه‌كه‌وه بۆ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته گه‌وره‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه بۆ پاراستنی ژیانی ڕۆژنامه‌نووسان له‌جیهاندا ده‌كرێت. له‌لایه‌كی تریشه‌وه جەنگ لەو وڵاتانەی کە ساڵانی پێشووتردا رۆژنامەنووسانی بە رێژەی زۆر تێدا دەبووە قوربانی، به‌تایبه‌تی له سوریا و عیراق و ئه‌فغانستان و یه‌مه‌ن و لیبیا. له‌م وڵاتانه، كاری ڕۆژنامه‌نووسی به‌ڕێژه‌یه‌كی ترسناك كه‌مبۆته‌وه. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژیانی رۆژنامەنووسانی عێراق لە مەترسیدایە و بەردەوام پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت.
کۆمەڵەی بەرگری لە مافی رۆژنامەنووسانی عێراق نیگەرانە لە ڕەوشی ڕۆژنامەنووسانی عێراق و لە راپۆرتێکیدا سەبارەت بە رەوشی رۆژنامەنووسان رایگەیاندووە: لە سەرەتای ساڵی "٢٠١٧"ەوە ٢٠٠ رۆژنامەنووس لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراقدا رووبەڕووی پێشێلکاری بوونەتەوە. پێشێلکارییەکانیش سەرجەم توندوتیژییەکانی وەک "لێدان و رێگریکردن و ھەڕەشە و دەرکردن و دەستگیرکردن و پەلاماردانی دەزگاکانی راگەیاندن و کوشتن" دەگرێتەوە.
سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراق، لە راپۆرتێكدا ئاماری كوژراونی رۆژنامەنووسانی لە ماوەی ١٣ ساڵی رابردوو بڵاوكردەوە و رایگەیاند: لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ئەمساڵ 462 رۆژنامەنووسی عێراق كوژراون. بەپێی راپۆرتەكە، ٢٠ رۆژنامەنووس تەنها لە ساڵی ٢٠١٦دا كوژراون و حەوت رۆژنامەنووسیش لە 2017 کوژراون، كە بەشێکیان لەسەر دەستی داعش بووە، ئەمەش عێراقی کردۆتە یەکێک لە شوێنە مەترسیدارەکانی عێراق.
سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراق ئاماژەی بەو مەترسییە گەورانە داوە كە رووبەڕووی رۆژنامەنووسان دەبنەوە لە عێراق و روونیكردووەتەوە كە "كاری رۆژنامەوانی لە عێراق زۆرێك لە كارەسات و دەردەسەری بەخۆوە بینی و هەروەها رۆژنامەنووسان رووبەڕووی ھەڕەشەی كوشتن و تۆقاندن بوونەتەوە، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ ئەوەی رێگە بە دەسەڵاتی چوارەم نەدرێت تا رۆڵی پیشەیی و چاودێری خۆی ببینێت".
چاودێران پێداگری لەسەر مەترسی دۆخی رۆژنامەنووسانی عێراق دەکەمەوە و ئەم مەترسییەش ئەو ئامارە تۆقێنەرە دروستی کردووە کە تەنها لە ماوەی 14 ساڵدا 462 ڕۆژنامەنووس و تیرۆر و کوژراون، ئەمە بێجگە لە هەزاران پێشێلکاری کاری رۆژنامەنووسی و رێگریی جۆراوجۆر لە رۆژنامەنووسان
ئارام كۆشكی ـ سلێمانی
.