ئەیلول 20, 2019

هەژاری تەنگی بە عێراقییه‌كان هەڵچنیوە

هەژاریی یەكێكە لە دیاردە كۆمەڵایەتییە بەربڵاەوەكان لەو وڵاتانەی كە سەقامگیریی سیاسییان تێدا نیە، ئێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانەی كە ئاستی هەژاریی تێیدا بەتایبەت لەم یەك دوو ساڵەی دواییدا نزیكە لە سەدا چل كە ئەمە كارەساتێكی گەورەیە كە كۆمەڵگا مرۆییەكان تێی دەكەون. كۆمەڵناسەكان ئاست و پێوەرەكانی هەژارییان دیاریكردووە، بەگوێرەی ئەو پۆلینبەندییە بێت ئێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی هەژارییەكەی سەرتاپاگیرە. ئاست و پێوانەكانی هەژاری بەم چەشنەیە: یەكەم: هەژاری سەرتاپاگیر یان ڕەها: مەبەست لەم جۆرە هەژارییە ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە كە هیچ توانایەكی دارایی و مادییان نییە بۆ ئەوەی بتوانن ژیانێكی شایستە بۆ تاكەكانی فەراهەم بكات بەتایبەت وەك نان و شوێنی مانەوە، هەر كاتێ وڵاتێك وابوو ئەوا گوزارشت لە داتەپینی ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە دەكات، دەكرێ بڵێین ئێراق لە ئێستادا لەو دۆخەدایە. دووەم: هەژاریی رێژەییانە: ئەم جۆرەی هه‌ژاری گوزارشتە لەوەی وڵات و تاكەكان توانای دەستەبەركردنی پێدوایستییە سەرەكییەكانی وەك خۆراك و ئاوویان هەیە و پێویستیان بە لایەنی هەیە بۆ ئەوەی بەشێك لە پێداویستییەكانیان بۆ پڕ بكاتەوە، ئێراق تارادەیەك لە دوای 2003 تا 2013 لەم ئاستەدا بوو، چونكە دەیتوانی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان بۆ تاك دەستەبەر بكات. بەگوێرەی دوایین داتا كە وەزارەتی پلاندانانی ئێراقی بڵاوی كردۆتەوە ریژەی هەژاری لە ئێراقدا نزیكەی سەدا چلە و ئاستە تاكو ئێستا زۆر بە زەحمەت لە ئاستی دونیادا بینراوە، چونكە لەم ئاستەدا تاكەكان توانای دەستەبەركردنی هیچ پێداویستییەكانی ژیانیان نامێنێت و كێشە كۆمەڵایەتیەكان بەرادەیەك پەرەدەستێنێت كە چارەسەركردنیان دەبێتە كارێكی زەحمەت. هۆكارە سەرەكییەكەی بەرزبوونی رێژەی هەژاری ئە‌و قە‌یرانە‌ داراییە‌ی لە‌چە‌ند ساڵی رابردووە، كەبە‌هۆی نزمبوونە‌وە‌ی نرخی نە‌وت و شە‌ڕی داعشە‌وە‌ حكومە‌تی ئێراق روبە‌روی بۆوە‌، هەر لەبەر ئەمەئاستەكانی هە‌ژاری لە‌عێراقدا بە‌شێوە‌یە‌كی بەرچاو بە‌رز بۆوە‌ بەرادەیەك بە‌پێی ئە‌و داتایانە‌ی لە‌لایە‌ن لایە‌نە‌ وەزارەتی پلاندادانەوە بڵاوكراونە‌تە‌وە‌، لە‌ئێستادا رێژە و ئاستەكانی هە‌ژاری لە‌ناوچە‌ رزگاركراوە‌كانی عێراقدا گە‌یشتۆتە‌ لە‌ 41 %، كە بەرزترین ئاستی هەژارییە لە هەموو مێژووی ئێراقدا. بەڵام ئەم رێژەیە لە‌ناوچە‌كانی باشوری عێراق كەمترە و رێژە‌ی هە‌ژاری لە‌ 32% یە‌ و لە‌ناوچە‌كانی ناوە‌راستی عێراقیش رێژە‌ی هە‌ژاری بە نزیكەیی لە‌ سە‌دا 25%، بە‌پێی ئە‌و زانیاریانە‌ش كە‌ لە‌لایە‌ن رێكخراوەنێودەوڵەتییەكانەوە بڵاوكراوە‌تە‌وە‌، بە‌شێكی زۆر لە رێژەی هە‌ژاریی لەئێراق منداڵن بەرادەیەك لە‌نێو هەر چوار منداڵدا یە‌كێكیان هە‌ژارە‌، و رێژە‌ی منداڵە‌ هە‌ژارە‌كانی عێراق لە‌ سەرووی سە‌دا 52% وەیە

 

دانـا شوانی - هه‌ولێر
‌.

© 2017 Hawler