ئەیلول 21, 2019

پارە نەقدەکەی قەتەر و بەهێزبونی میلیشیاکان لەبەردەم هەڵبژاردنەکانی عێراقدا

قەتەر بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی نزیکەی (٢٧٥) ملیۆن دۆلاری داوەتە گروپە چەکدارەکان، لەو پارەیە (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی سوپای پاسداران و چەند گروپێکی نێو حەشدی شەعبی و لایەنی دیکە لێی سودمەندبوون کە بەو بڕە پارەیە دەتوانن خۆیان بەهێزبکەن و بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە و سەرخستنی کاندیدەکانیان لەهەڵبژاردنەکان بەکاری بێنن.

لەڕاپۆرتێکدا (زە‌ناشناڵ) نوسیویەتی، ئەو بڕە پارەیە کە قەتەر بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی داویەتیە میلیشیاکانی عێراقی بەقەد نیوەی ئەو پارەیە کە ئێران ساڵانە وەکو یارمەتی و پاڵپشتی چەکداری دەیانداتێ، ئەو پارەیە ترسی دروستکردوە لەوەی کە دەستی ئەو میلیشیایانە بەو پارەیە بەهێزتربوبێ و بۆ کاریگەری دروستکردن لەسەر هەڵبژاردنەکانیش بەکاری دێنن.
ئەو پەیام و بەڵگانەی دەست (واشنتن‌پۆست) کەوتوون ئەوە دەردەخەن کە قەتەر بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی بەسەدان ملیۆن دۆلاری داوەتە هەندێک لەو گروپانە، کە لەنێو لیستەکەدا (قاسم سولەیمانی) یش هەیە و مامەڵەکەش لەسلێمانی ئەنجامدراوە، بەشێک لەو گروپانەی ناویان هاتوە لەو یەکە تیرۆریستیانەن کە دوژمنی سەرسەختی ئەمەریکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لەبەڵگەکاندا دەرکەوتوە کە بەملیۆنان دۆلار دراوەتە بەرپرسە باڵاکانی گروپەکان لەوانە بەرپرسانی (کەتائیب حیزبوڵلا) کە ئەو گروپە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێ و وە ئەمەریکایش وەکو یەکەیەکی تیرۆریستی ناساندویەتی، هەروەها بەرپرسانی جەماعەتی (جەبهەتولفەتح شام) و (بەرەی نوسرە) ش کە شوێنکەوتوی قاعیدەن پارەیان وەرگرتوە.
(ئەبو مەهدی موهەندیس)ی سەرکردەی كەتائیب حیزبوڵلا یەکێکە لەوانەی کە لەساڵی (١٩٨٣)دا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە بەهۆی ڕۆڵگێڕانی لەتەقینەوەیەک لە باڵوێزخانەکانی ئەمەریکا و فەرەنسا لەکوێت، ئەو یەکێک بوە لەو سەرکردانەی حەشدی شەعبی کە بەملیۆنان دۆلاری لەو پارەیە قەتەر پێبڕاوە.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە گروپەکەی (کەتائیب حیزبوڵڵا) کە لەلایەن قەتەرەوە (٢٥ ملیۆن دۆلاری) دەستکەوتوە، ئەو گروپە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە لەساڵی (٢٠٠٩) دا خراوەتە لیستی تیرۆرۆرەوە، کە بەچەندین تاوانی تیرۆری لەعێراقدا تاوانبارکراون.
لەبارەی مەترسی ئەو گروپانەی حەشدی شەعبی لەسەر ئایندە و ئاسایشی عێراق (ئەلێکس مێلۆ) شیکەرەوەی ئاسایش لە (ئەکسێس هۆریزن) بە (زەناشناڵ) ی گوتوە، ئەو گروپانە بەشێوەیەکی فەرمی لەنێو سێکتەری ئاسایشی عێراقیدان، ئەو گروپانە و هاوشێوەکانیان بەردەوام دەبن لەئەجێندای سەربەخۆییانەی سێکتەری خۆیان کە لینکیان هەیە بەتۆڕی هەرێمایەتی ئێرانەوە کە لەو ئەجێندایەدا ڕفاندن و بارمتەکردنیش هەیە.
هەروەها گوتیشی، ئەو بڕە (٢٥ ملیۆن) دۆلاری قەتەر بۆ ئەو گروپەی کەتائیب حیزبوڵلا دەبێتە سەرچاوەیەکی باشی دارایی بۆیان و کاریگەری لسەر خۆبەهێزکردنیان دەبێ بەتایبەتی لەو کاتەی ئێستادا کەعێراق لەبەردەم هەڵبژاردنەکاندایە.
هەر لەسەر ئەو پارەیەی قەتەر بۆ ئەو گروپانە، (مایکڵ پرێجنت) ئەفسەری پێشوی هەواڵگری سەربازی ئەمەریکا گوتی، ئەو پارەیە بۆ ئەو گروپانەی کە ئێران سپۆنسەریان دەکات، بەقەد نیوەی ئەو بڕە پارەیە کە سوپای پاسداران ساڵانە دەیانداتێ بۆ کردەی چەکداری و بەرژەوەندییەکانیان لەو ناوچەیەدا.
هەروەها لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، (کەتائیب حیزبوڵلا) لەو گروپانەیە کە تیمێکی باوەڕپێکراوی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر بە(قاسم سولەیمانی) یە، ئەوان توانای ڕفاندن و بارمتەکردنیان هەیە و یەکەیەکی تایبەتن.
شیاوی باسکردنە، شارەزاییانی سیاسی دەڵێن ئەو گروپانە دەبنەهۆی لەکەدارکردنی سەروەری عێراق چونکە ئەو گروپانە لەلایەن ئێرانەوە ئیدارەدەدرێن و ئەجێندای تۆڕی هەرێمایەتی ئێران لەناوچەکەدا جێبەجێدەکەن، وە مەترسی دەبن لەسەر خودی سەقامگیری عێراقیش.
ئەو ئەفسەرەی پێشوی هەواڵگری ئەمەریکا لەو بارەیەوە لەڕاپۆرتەکەدا دەڵێ، گروپەکانی وەکو (کەتائیب حیزبوڵلا) و (عەسائیبولحەق) و ئەوانی دیکە سەروەری عێراق دەخەنە ژێرپرسیارەوە، وە کەشوهەوای سیاسی ئەوان لەبەغداد سەروەری عێراق لەکەداردەکەن.
لەبارەی پارەکەی قەتەر بۆ ئازادکردنی بارمتەکان چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕەدان ئەو بڕە پارەیە کاریگەری دەبێ لەسەر هەڵبژاردنەکان چونکە بەشێک لەئەندامانی باڵای حەشدی شەعبی بۆ هەڵبژاردنەکان کاندیدن و لیستی (فەتح)یش لەلایەن (هادی عامری) یەوە سەرکردایەتی دەکرێ بەیەکێک لەسێ بەرە بەهێزەکەی شیعە دادەنرێ، هەروەها ئەو پارەیە توانایەکی دارایی باشیان پێدەدات بۆ ڕاکێشانی خەڵکی و کاریگەرییان لەسەر سەرخستنی لسیتەکەیان لەهەڵبژاردنەکاندا.
وە (ئەلێکس میلۆ)یش لەو بارەیەوە دەڵێ، ئەو بڕە پارەیەی دەست کەتائیب حیزبوڵلا کەوتوە خزمەتیان دەکات بۆ ڕۆڵ و کاریگەری دروستکردن لەچونەپێشەوەیان لەهەڵبژاردنەکان و، هەروەها بەردەوامبونیان بۆ چالاکی و ئۆپەراسیۆنی چەکداری، وە هەندێک جار ئەو توانایەیان کاریگەری و مەترسی دروستدەکات بۆ دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی عێراقیشدا

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

© 2017 Hawler