تشرینی دووەم 13, 2019

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق: لەرووی مرۆییەوە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە چەند پابەندبوونێكی نێودەوڵەتی لەسەرە كە تایبەتن بە مافی مرۆڤەوە

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند لە میانەی ئەو رێككەوتننامانە نێودەوڵەتیانەی كە حكومەتی عێراق پابەند دەكات بە پێشكەشكردنی راپۆرتەكانی بەشێوەیەكی بەردەوام، هەرێمی كوردستانیش بەشێكی سەرەكییە لەو راپۆرتانە و پێویستە لەو چوارچێوەیەدا راپۆرتی تایبەتی خۆی پێشكەش بكات و بەشدار بێت لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەتی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ.

لە میانەی دیدارێكی نێوان د.دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و د. ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی حكومەتی فیدراڵی كە لە دیوانی وەزارەتی دەرەوە، دیندار زێباری تیشكی خستە سەر ئەو هەنگاوانەی كە حكومەتی هەرێمی ناویەتی لەپێناو پابەندبوون بە پرەنسیپە سەرەكییەكانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی دوای شەڕی تیرۆریستانی داعش، چونكە لە ئێستادا چەند رێكخراو و لایەنێكی نێودەوڵەتی گرنگییەكی زۆر بەم لایەنە دەدەن وەك بابەتی گیراوانی داعش و دادگایی و بێسەروشوێن كردنی بە زۆرەملێ و راگواستنی خەڵك لەسەر شوێنی خۆیان و چەند بابەتێكی دیكەی تایبەت.
سەبارەت بە رووداوەكانی دوای هاتنی داعش دیندار زێباری وتی: لە دوای هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان و پارێزگای نەینەوا و ئاوارە بوونی بە سەدان هەزار كەسی ئەو ناوچانە و نیشتەجێ بوونیان لە هەرێمی كوردستان. دواتریش لەدوای پرۆسەكانی ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانەی داعش دەستی بەسەرداگرتبوون لەلایەن هێزی پێشمەرگە و سوپای چەند لایەنێكی نێودەوڵەتی راپۆرت و لێدوان و بەیاننامەیان سەبارەت بە رەوشی ئەو ناوچانە و هەڵسوكەوتی پێشمەرگە ولایەنە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سوپای عێراقی بڵاوكردۆتەوە و تێبینی و سەرنجی زۆریان هەبووە كە پەیوەندییان بە پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤەوە هەبووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگای ئۆفیسی راسپاردە نێودەوڵەتییەكان بە بەڵگە و داتاوە لە وەڵامی تێبینی و سەرنجی لایەنە نێودەوڵەتییەكانی داوەتەوە و بۆ رای گشتی رایگەیاندووە، چونکە راپۆرتەکانی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بە بێ بەشداریی هەرێمی کەموکوڕی تێدا دەبێت.
زێباری زیاتر وتی: لەرووی مرۆییەوە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە چەند پابەندبوونێكی نێودەوڵەتی لەسەرە كە تایبەتن بە مافی مرۆڤەوە و پێویستە بەردەوام راپۆرتی خۆی پێشكەش بكات لە چوارچێوەی میکانیزمی گرێبەستیی (الالیات التعاقدیە) وەك (بەڵێننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەكان و بەڵێننامەی نێودەوڵەتی بە مافە ئابووری وكۆمەڵایەتی و كەلتووریەكان رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە نەهێشتنی ئەشكەنجەدان، و بێسەروشوێنكردنی بە زۆرملێ، لیژنەی تایبەت بە نەهێشتنی جیاوازی رەگەزپەرستی، لیژنەی تایبەت بە نەهێشتنی جیاوازی رەگەزی دژی ئافرەتان، لیژنەی تایبەت بە پاراستنی مافی منداڵان، لیژنەی کرێکارە بیانییەکان، لیژنەی تایبەت بە خاوەن پێداویستیی تایبەت(. بۆیە بەشداری كردنی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ دەبێتە تەواوكەر و بەهێزبوونی هەڵوێستی راپۆرتی عێراق، چونكە بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری هەرێمی كوردستان ناتوانرێ وێنایەكی راستەقینەی واقعی رەوشی مافەكانی مرۆڤ و هەنگاوە پراكتیكییەكانی حكومەتی هەرێم لەو رووەوە پێشكەش بکات كە خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی بەهێزتر بوونی زیاتری هەڵوێستی عێراق.
لەلایەن خۆیەوە دكتۆر ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق ستایشی هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و وتی: سەبارەت بە پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی دوای هێرشەكانی داعش رۆڵێكی بەرچاو و دیاری هەبووە ئەمەش زۆر گرنگە بۆ بەهێزبوونی هەڵوێستی عێراق لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەتی لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ و رێككەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتیانەی كەعێراق پابەند دەكەن بە ئەنجامدانی چەند رێوشوێنێك سەبارەت بە پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ.
وەزیری دەرەوەی عێراقی فیدراڵ ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەر جۆرە هەماهەنگییەك لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەم رووەوە و وتی: ئێمە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنین و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی فیدراڵی سوودیان لێ وەربگرێت لە زۆر رووەوە بۆ نموونە ئێستا ئێمە كار دەكەین بۆ بە تاوان ناساندنی كردەوەكانی داعش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیارە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی زۆری ناوە لە رێگای ئۆفیسی راسپاردە نێودەوڵەتییەكان زانیاری و داتای زۆری هەیە، بۆیە بەشداری كردنی راستەوخۆی هەرێم لەو رووە و لە گشت كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ گرنگە و هەڵوێستی عێراق بەهێزتر دەكات.

© 2017 Hawler