تشرینی دووەم 19, 2019

ملوانکە ڕەنگاڵەییەکەی عێراق

(بەشی سێیەم)

بە پێی ڕاپۆرتی تایبەت بە گەندەڵی لە ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن شەفافیەتی نێونەتەوەیی، لە سێ گرووپی گەندەڵی پۆلێنکراوی دونیا، ١٠ لە گەندەڵترین وڵات دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە. عێراق و لیبیا لە وڵاتە گەندەڵ و نائەمنە بەردەوامە جیۆپۆلیتەکانن و هەر ڕۆژەی دانیشتووەکانی گیان لەدەست دەدەن و دەوڵەتەکانیان توانای کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەیان نییە.

پلەبەندی گەندەڵی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفەریقا MENA:
لە نێو ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە نێو ئەم دوو ناوچە بەرفراوانەوە ساڵانە هەڵسەنگاندنیلن لە بواری گەندەڵییەوە بۆ دەکرێت و لە نێو ١٧٣ وڵات کە لەم هەڵسەنگاندنەدا کاریان لەسەر دەکرێت عێراق پلەی ١٧٠ هەمینی هەیە کە ئەویش تەنیا ١٦ خاڵی لە ١٠٠ خاڵ پێ دراوە. دکتۆر ئومێد ڕەفیق لە وتارێکیدا سەبارەت بە گەندەڵی عێراق دەنووسێت:
"لە پاڵ ئەم مۆدێلە ناشیرینە لە دەوڵەتی ناشەفاف و گەندەڵ و ئاستنزم لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندرووستیی خۆراک و دۆزینەوەی هەلی کار، سەرۆکوەزیرانەکەی عێراق سەرەڕای ئەوەی نەیتوانیوە بەربەست و ڕێگری درووست بکات و تاوانباران بداتە دادگا و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی بگەڕێنێتەوە بۆ میللەتەکەی، کەچی خەریکی شانبادانە بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، داوای شەفافییەت دەکات وەکو ئەوەی عێراقه‌كه‌ی 99ی له‌ شه‌فافییه‌تدا هێنابێت، نازانێت هەموو جار ڕاپۆتە نێودەوڵەتییەکان سنگدەرپەڕاندنەکەی پووچەڵ دەکەنەوە و پێی دەڵێن سەرکردایەتیی وڵاتێک دەکەیت کە نوقم بووە لە گەندەڵی، هاووڵاتییەکانی بێ خزمەتگوزاری و بێکارن و بەشێکی زۆر لە گەنجەکانی سەرگەردان و وڵاتەکەیان بە جێدەهێڵن، وڵاتەکەت پڕ بووە لە مافیا و بازرگانیی (چەک و ماددەی بێهۆشکەر و…)".

نمونەگەلی تایبەت بە گەندەڵی لە عێراق:
ماوەیەک دۆسیەی کڕینی چەک لە ڕوسیا لە لایەن دەوڵەتەکەی مالیکییەوە، دەنگۆیەکی گەورەی لێ دروست بوو لەسەر ئەوەی کە سەرۆکوەزیران دەستی لە سەدان ملیۆن دۆلاری گەدەڵی لە کڕینی ئەو چەکانە هەیە، بەڵام بە هۆی حوکمی شێعیزم لە ئێران و بێدەنگکردنی دۆخەکە و خەریککردنی عێراق بە شتی دیکەوە و تووشکردنی خەڵک بە شەڕی داعش و نەبوونی مووچە، وردە وردە ئەم باسە بەردی لەسەر دانرا.
دەنا سەباح ساعدی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەری 'ناس'ـی گوتبوو "لیژنەی لیکۆڵینەوە لە دۆسییەی گەندەڵی سەرەتا داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد کە بێتە ئەنجوومەنی نوێنەران و لە بارەی ئەو دۆسییەوە ڕوونکردنەوە بدات، کەچی ئامادە نەبوو بێتە ئەنجوومەن، پاشان داوامان کرد ئێمە سەردانی نووسینگەکەی بکەین لەوێ روونکردنەوە بدا، هەم دیسان ئامادنەبوو، دواتر داوامان کرد لە رێگای نامەوە وڵامی پرسیارەکانمان بداتەوە ئەو کاتیش نووری مالیکی هەر ئامادەنەبوو وڵامی پرسیارەکانمان بداتەوە، شایەنی باسە بەمەبەستی لێکۆلێنەوە لە گەندەڵییەکانی گرێبەستی چەکی رووسیا لەگەڵ عێراق کە گومان هەیە بە دەیان ملێۆن دۆلار گەندەڵی تێدا کرابێت، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆلێنەوە لە دۆسێیەکە پێک هێناوە".

لەدەستدای ١٦٥ ملیار دۆلار:
سەنتەری جیهانی بۆ توێژینەوەکانی گەشەپێدان کە بارەگاکەی لە شاری لەندەنە لە نوێترین راپۆڕتیدا بڵاوی کردەوە کە سندووقی گەشەپێدانی عێراق کە بە پێی بڕیاری ژمارە 1483 لە ساڵی 2003 بۆ دانانی پارەی فرۆشی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق دامەزرا، تا ساڵی 2009 بڕی پارەی داندراو لە سندوقی گەشەپێدان گەیشتە 165 ملیار دۆلار، بەڵام بەهۆی گەندەڵی هەر لە ساڵی 2003 بڕی 17 ملیار دۆلار دیار نەما، لە ساڵی 2010 سندوقی گەشەپێدانی عێراق دیارنەمانی بڕی 40 ملیار دۆلاری راگەیاند".
بەپێی راپۆڕتەکە "خراپمامەڵەکردن و گەندەڵی دارایی و کارگێڕی وای کرد سەرمایەی عێراق لە نێو سندوقی گەشەپێدان لە ساڵی 2012 بۆ 18 ملیار دۆلار كەم بكات، لەساڵی 2013ش بڕی داهاتەکە بۆ 7 ملیار دۆلار كەمی كردووە، هاوكات حکومەتی عێراقیش نەیتوانیوە ئەو 11 ملیار دۆلارە ئاشکرا بکات، کە لە سندوقی گەشەپێدانی عێراق راکێشرابوو". راپۆڕتەکەی سەنتەری جیهانی بۆ توێژینەوەکان هەروەها دەڵێت: "ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە نێو سندوقی گەشەپێدانی عێراقدا نەماوە، لە ساڵی 2013 یەدەگی بانکی عێراق 76.3 ملیار دۆلار بووەو لە ساڵی 2014 بۆ 68 ملیار دۆلار کەمی کردووە، لە کاتێکدا بانکی ناوەندی عێراق داوا دەکات بۆ راگرتنی بەهای دیناری عێراقی بەتایبەتی لەبەرامبەر دۆلار، نابێ بە هیچ شێوەیەک دەست لەو پارەیە بدرێت".
بەپێی ئەم راپۆڕتە لەماوەی چەند ساڵێکدا عێراق زیاتر لە 203 ملیار دۆلاری لەدەست داوە، لە کاتێکدا بودجەی گشتی عێراق لە ساڵی 2003 تا 2015 ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاند.

فەزاحەتی گەورەی کەرتی نەوت و حوسێن شەهرستانی:
بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوە رۆژنامەوانییەی هەردوو ماڵپەڕی فایەرفاکس میدیا و هافنتگۆن پۆست لە 30ی ئاداری رابردوو بڵاویان کردەوە، گەورەترین گەندەڵی و بەرتیلخۆری لە مێژوودا لە عێراق لەژێر چەتری گرێبەستی نەوتی ئاشکرا کراوە کە ژمارەیەک گەورە بەرپرسی عێراقی تێوە گلاون و راپۆرتەکە ئاماژەی بۆ چەند ناوێکی دیار کردووە کە راستەوخۆ پێوەندییان بە گەندەڵییەکەوە هەیە و دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گەندەڵیی گەورە لە کەرتی نەوتی عێراق و گرێبەستەکانی لە سەردەمی حوسێن شەهرستانی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە لە سەردەمی نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، پەرلەمان لێژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ دۆسیەکە پێک هێنا.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ناوی هەریەک لە حوسێن شەهرستانی وەزیری نەوت و جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە، عەبدولکەریم لعێبی وەزیری پێشووی نەوت، زیا جەعفەر مووسەوی بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باشوور و کیفاح نوعمان کە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بووە لە سەردەمی سامر غەزبانی وەزیری نەوتی پێشوو، عودەی قرشی گەورە بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی باشوور، هەروەها باسل جەڕاح کە ئەڵقەی پێوەندی لە نێوان بەرپرسانی عێراق و کۆمپانیایunaoil ی نەوتی کە ئیحسان عەتای ئێرانی خاوەنداریەتی دەکات، کراوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی هەردوو دەزگەکە، بە ملیۆنان دۆلار گەندەڵی لە گرێبەستەکانی نەوتی عێراق کراوە و لەو چوارچێوەیەدا ئەرکی کۆمپانیای یونیائۆیڵ، یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکانی نەوت بووە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی بەرتیلیان بە بەرپرسانی عێراق داوە. بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە کوردییەکان، ئاشکرابوونی دۆسیەکە، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ئاستی میدیاکانی جیهان و ناوخۆی عێراق دروست کردووە، لە دووی نیسان حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە لێژنەی نەزاهە کرد کە دەست بەلێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بکات، داوایشی لە پەرلەمانی عێراق کردووە رێنمایی بداتە لێژنەی وزە و نەوتی پەرلەمان بەهەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی نەزاهەی پەرلەمان بۆ لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی پێویست، لە چواری ئەم مانگەیش سەلیم جبووری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە لێژنەی نەوت و وزەی پەرلەمان کرد کە بەهەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی نەزاهەی پەرلەمان، لێکۆڵینەوە لە بوونی گەندەڵییەکە بکات.

فەزاحەتی گەورەی چەک و چۆڵ:
جێگرێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد کە دەوڵەت میراتگری گەندەڵییەکی گەورەی ماڵییە کە دەوڵەتەکانی پێشوو بەرهەمیان هێناوە و پێڕاگەیشتن بە دزی و دۆسییە تاوانکارییە مادییەکان قورس و مەحاڵە. سەلام زەعابی ڕاوێژکار لە دەوڵەتی عێراق گوتی کە وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینییەوە تا ئێستا ڕووبەڕووی گەندەڵی ئیداری و دزی گەورە بووەتەوە. بەڕێوەبەری ئۆفیسی پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی عێراق بە بی.بی.سی گوتووە کە لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٧.٥ ملیار دۆلار لە ماڵ وموڵکی گشتی دەوڵەتی عێراق دزراوە و نادیارە. هەر ماوەیەک بەر لەو قسەیە، وەزیرێکی عێراقی گوتبووی کە بەرپرسانی دەوڵەت لە کاتی دروستبوونی حکومەتی کاتی عێراقی، نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار کە تایبەت بوو بە کڕیی پێویستییە سەربازییەکان، دزراوە. وەزیری دارایی عێراقیش بە بی.بی.سی گوتبووی کە ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی پێویستی سەربازی تایبەت کرابوو و نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کەلوپەل کڕدرا و ئەوی تری خرایە گیرفانەکانەوە.
هەر ئەم بەرپرسە دەڵێت کە بابەتی دزیی سەدان ملیۆن دۆلار بە شێوەیەکی جددی بەدواداچوونی بۆ نەکراوە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە عێراقی ئێستادا زۆرێک دەستیان تێوە گلاوە بۆیە کارکردن لەسەر ئەم بابەتە زۆر زەحمەتە و ئەو تاوانبارانەی کە دەستیان لەمەدا هەیە خۆیان بەرپرسی گەورە. دادوەر ڕازی ئەڵڕازی سەرپەرشتی کۆمسیۆنی بەرژەوەندی گشتی لە دەوڵەتی عێراق کاتی خۆی گوتی کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٥ حوکمی دەستبەسەرکردنی هەندێک لە دزەکانی دەرکردووە، بەڵام زۆرینەیان دەرچوون لە وڵات و زۆرێکیشیان هەر نەناسراو بوون. بەڵام تۆڕی میدیایی بی.بی.سی دەنگی زیاد قەتانی بڵاو کردەوە کە پێشتر بەرپرسی کڕینی پێویستییە سەربازییەکان بووە. دەنگەکە کە وا پێدەچوو لە عەمانی پایتەختی ئوردن تۆمار کرابێت، باسی پێدانی پارە دەکات بە بەرپرسانی عێراقی.

© 2017 Hawler