ئەیلول 20, 2019

موسا فەرەج:

تێبینیی: ئەم وتارەی لێرەدا دەخوێنرێتەوە، هەندێ بەشی وتارێکی درێژتری "موسا فەرەج"ـی سەرۆکی پێشووی دەستەی دەستپاکیی عیراقە، کە لەبارەی چاوپێکەوتنێکی 19 بەشییەوە لەگەڵ ڕۆژنامەی "ڕۆشنبیر"دا، نووسیویەتی. وتارەکە باسێکی گشتییە دەربارەی گەندەڵی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی لە عێراق.


گەندەڵی لە عیراق وەک گەندەلی نییە لە هیچ وڵاتێکی دیکە، نە لە ڕووی چەندێتییەوە و نە لە ڕووی چۆنییەتییەوە، نە لەڕووی هۆکارەوە و نە لە ڕووی ڕووبەڕووبوونەوەیە.
- گەندەڵی لە عێراق چیتر حاڵەتێکی ئاوارتە نییە، بەڵکو خۆی بۆوتە ڕێسا.
- گەندەلی لە عێراق بۆ خۆی مومارەسە دەکرێت و وەک چەک لە جەنگی حوکمڕانیکردندا بەکاردەهێنرێت.
- گەندەڵی لە عێراق بە ملیاران هەژمار دەکرێت نەک بە تاک.
- کردەی گەورە بەرپرسیان و سیاسەتمەداران و ئەندام پەرلمانانە، ئەوان بۆ خەڵکانی تر پێشەنگ و مامۆستای گەندەڵین.
- بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە نییە بۆ گەیشتن بە ئیمتیازی کەسی، وەک ئەوەی لە پێناسەکەی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتیدا هاتووە بۆ گەندەڵی، بەڵکو بەهۆی بەگەڕخستنی دەسەڵاتەوە بۆ مومارەسەکردنی گەندەڵی و بەگەڕخستنی گەندەڵییە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات.
- هۆکاری گەندەڵی لە عێراق بەهۆی گەندەڵی سیاسەتمەدارانەیەوە، گەندەڵیی سیاسییش باوکی هەموو گەندەڵییەکانی ترە، ئەمە پسپۆڕییەکی تایبەتی چینی سیاسیی جێبەجێکارە، ئەمەیش مۆنۆپۆلی ئەم جۆرە چالاکییەیە.
- چیتر گەندەڵی شەرماوەر نییە، بەڵکو بەیاسایی دەکرێت و بە تەکنیکی دەکرێت، ئەوانەیشی مومارەسەی دەکەن هیچ شەرمێک ناکەن.
- لە خۆشی و ناخۆشیدا گەندەڵی دەکرێت، ئەوان لە کاتی ئاشتەواییدا پێکەوە لە ژوورەکاندا کۆدەبنەوە و کاتێکیش نەیارییەکان تووند دەبنەوە، هەمووان جەنگی مەلەفەکان دژ بە هەمووان ڕادەگەیەنن، هەمووانیش بەسەر هەموواندا هاوار دەکەن: مەلەفت دەردەخەن، دەستت کەشف دەکەم. بۆیە پەنا دەبەنەوە بەر ئاشتی چونکە هەمووان مەلەفیان هەیە.
- لە عێراق، هەڵوێست بەرامبەر گەندەڵی وەکو هی هیچ وڵاتێکی دیکە نییە، لێرە خەڵکی بەسەر سێ بەرەدا دابەش بوون: بەرەیەک نکوڵی لە بوونی گەندەڵی دەکات، هەرکەسێکیش ئەم بابەتە بورورژێنێت یان بیەوێت ڕووبەڕووی ببێتەوە، ئەوا بە ئەجندا و دەستی دەرەکی تۆمەتبار دەکرێت!.. بەرەی دووەم، لە یەکەمیان گەندەڵترە، بەڵام لەبەر ئامانجێک لە دەروونی خۆیدا، کە گەندەڵی بە ملی ئەوانیتردا دەهێنێت، هەوڵ دەدات بارودۆخەکان بچنەوە بەر لە 2003؛ بەڵام بەرەی سێیەمیان بەهۆی ئیلتیزامکردن بە بنەماکان و ئایدیاڵەکان، لە پێناو گەل و لەپێناو نەوەیەک حوکمڕانی چاکسازیخوازدا لە عێراق، ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبێتەوە، بەڵام ئەمانیش پەراوێزخراو و بێ پشت و پەنان، بۆیە لەنێوان دوو بەرەکەیتردا دێت و دەچێت. لایەکیان بەوانە دەلێن دوژمنی حزب و مەزهەب، لایەکەی ترەیان پێیاندەڵین بەکرێگراوی داگیرکەر!. بەڵام لە ڕاستیدا دژایەتیکردنی گەندەڵی واتای دژایەتیکردنی ستەمکارییە.
-    لە عێراق کاتێک مشتومڕ لەنێوان ئەو دوولایەنەدا تووند دەبێتەوە، یەکێکیان بەویتریان دەڵێت: (تۆ کاڵەک خۆریت یان بێستان ڕنیت..؟)منیش لای خۆیمەوە لە بێستانڕنەکانم. دەستم چۆتە گیرفانی گەندەڵییەوە، نەک بۆ هاودەمی بەڵکو بۆ کەمکردنەوە...! هاوسەردەمی دەیان ساڵ ستەمکاوری و گەندەڵی بووم لە عێراقدا، شارەزاییشم هەتاوەکو سەردەمی خۆشگوزەرانی و دیموکراسییەت لە زەمینی ڕەشدا درێژبۆتەوە. کێ چووزانێت..؟ بەڵام ئایا بابەتەکە ئەوەیە مرۆڤ تەسلیم ببێت، چونکە هیچ شتێک لە ئاسۆوە دیار نییە؟ پێموایە پێویستە مرۆڤ ئەوپەڕی هەوڵی خۆی بدات تاوەکو ئەم هەوڵە بکاتە پاڵنەرێک بۆ نەوەکانی داهاتوو کە بەرەو پێشەوە بچن و وەک ئەوە نەوەیەی ئێستا نەبنە بارگرانی. کە خەونەکەیشمان نەهاتۆتە دی، هەست بە غەمگینی و دڵتەنگی ناکەم، چونکە نەوەکانی داهاتوو میراتگرمانن. خەونی ئێمە بۆ حوکمێکی چاکسازیخواز و دەستپاک لە سەر خاکی ڕافیدەین نەهاتە دی، ئێمە هەموومان لەم دڵتەنگییەدا هاوبەشین، تەنانەت ئەو برایانەمان کە ئومێدیان بە بەهای عەرەبی هەبوو، هەر وەکو ئێمە بێ ئومێد بوون.
دەبوو چیرۆکی گەندەڵی لە عیراق بگێرمەوە وەک ئەوەی لەنێویدا ژیام و بینیم، ئەم گیرانەوەیەش بۆ ئەوانەیە کە شوێنەوارو کاریگەرییەکانی گەندەڵی ماندووی کردوون و لێیی زیانمەند بوون، بەڵام تەنیا گوێیان لە دیوە شاراوەکانی بووە. دەستپێشخەرییەکەی هی دەزگا و ڕۆژنامەی "ڕۆشنبیر" بوو، کە هاوڕێ "ماجید غەرباوی"ی سەرۆکی دەزگاکە و هاوکارەکانی، پێشنیاریان کرد هەلێمک بۆ بڕەخسێنن، تاوەکو هەندێ لە بەشەکانی چیرۆکی گەندەڵی لە عیراق بگێڕمەوە، ئەویش لە گفتوگۆیەکی کراوەکاندا، کە نزیکەی 19حەڵقە یان زیاتر دەردەچێت، بەشداریی ڕۆشنبیران و ئەدەیبان و نووسەران زۆر بەخشندانە بوو، لە ڕێگەی بەشدارییەکی کارای ویژدانییەوە لە حەڵقەکان و کارلێک لەگەڵ باسەکاندا. پێموایە دژایەتیکردنی گەندەڵی تەنیا بەوانە دەکرێت کە نیازی شەرەفمەندانەیان هەیە، ئەوانەی کە لە پێناویدا داوای هیچ ناکەن جگە لە هاودەنگی و خولیای گەل بۆ حوکمڕانییەکانی باش و پێگەیشتوو، کە لە چارەنووسی خۆیدا مافەکانی مرۆڤ دیاریی دەکات و ڕێزیان لێدەگرێت.
پێموایە دژایەتیکردنی گەندەڵی لە عێراق شەڕێکی کراوە و بەرفراوانە، داخوازییەکەیش هەندێجار لە نیازپاکییەوە دێت و هەندێجاریش ڕووپۆشی نیازی دیکەیە بۆ کوتانی ئەویتر و لابردنی حوکمڕانێک و جێگرتنەوەی بە یەکێکی دیکە. ئەمە ئەگەر بۆ ئەوە بێت کەسی شیاوتر بێتە شوێنی شیاو، ڕەوایە، بەڵام زۆرجار هەردوولا وەکو یەکن..!
ئەوەی من لەو نۆزدە بەشەدا گێڕاومەتەوە هەموو چیرۆکەکە نییە، بەڵام بۆیە ئەوەم گێراوەتەوە تاوەکو ببێتە چەکێک بەدەست نەوەکانمانەوە دژ بە گەندەڵان و نەوەی گەندەڵان بەکاری بهێنن. ڕاستە پێمان دەڵێت "موسا فەرەج" و دەستەی دەستپاکی گەندەڵانیان دادگایی نەکرد و پارە تاڵانکراوەکانیان نەهێنایەوە. ئەم قسەیە تاڕادەیەکی زۆر ڕاستە، بەڵام منیش دەڵێم: نیوەی ئەرکەکەی لە ئەستۆی دەستەی دەستپاکی بوو. نیوەکەی دیکەی شکستەکە لە ئەستۆی بەرپرسانی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی بوو. هەموو سێ ڕۆژ جارێک یەکێک بە کۆمەڵێک فایلی زەردەوە دەهات و دەیویست یەکێک لە نەوەکانی مامەی و خزم و خوێشانی خۆی بە "پاسەوان" لە دەستەی دەستپاکی دابمەزرێنێت، بۆیە فایلەکانی فڕێ دەدایە شوێنی شیاوی خۆیەوە، ئەگەریش سەرپێچیت بکردایە هەریەک و شتێکی دەوت، تا ڕادەی تۆمەتبارکردنت بە دژایەتیکردنی پرۆژەی نیشتمانیییش...؟ یان تۆمەتبارکردنت بە نزیکبوونەوە لە کوردەکان کە بڕوایان بە مارشی یشتمانی نییە کە دەڵێت عێراق لە زاخۆوەیە تاوەکو باشووی کوەیت.
بازرگانی عێراقی خۆراکی ژەهراوی و بەسەرچاو، بە تیشکی کوشندەوە، هاوردەی عێراق دەکات، کەچی خۆی نیوەی ڕۆژەکە بەدوای چێشتخانەیەکدا دەگەڕێت تاوەکو ژەمە گۆشتێک بخوات کە ئاژەڵەکە بە ڕێگەی ئیسلامی سەربڕدرا بێت. ئەگەر لای مەرجەعە ئاینییەکانیش سکالا بکەیت بە ئومێدی ڕاستکردنەوەی ڕەفتاری شوێنکەوتەکانیان، یەکەم شتێک کە بە ناوچەوانتدا دەیداتەوە، ڕیشتە کە داخۆ بە مووس تاشراوەیە یان بە مقەست.
دوا شتێک کە لێرەدا دەیڵیم، ئەمەیە: وەدیهێنانی بەرەنجامی یەکلاییکەرەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە ڕای گشتیی بەهێز هەیە، داخۆ لە عێراقدا شتێکی وا هەیە..؟ بەدوایدا بگەرێن و ئاوەدانی بکەنەوە و هەوڵ بدەن بۆی، ئەو کاتە سنوورێک بۆ گەندەڵی لە عێراقدا دادەنێن، بە بێ ئەوە سەرکەوتوو نابن

 

و/هاوار محە‌ممە‌د - هه‌ولێر
.

© 2017 Hawler