ئەم پەڕەیە چاپ بکە

رووحیەتی پێكەوەژیان لەعێراقدا داتەپیوە

لە دوای رووخانی رژێمە دیكتاتۆرییەكەی ئێراق لە 2003، كەئێراق توانی بگاتە قۆناغێكی رزگاری لە رووی سیاسیی و تەنانەت كۆی كایەكانی كۆمەڵگە، بەڵام ئەم قۆناغە رزگارییە ماوەیەكی زۆری نەخایاند و، تەنانەت دواجار نەشبووە مایەی خێر و خۆشبەختی بۆ میللەت و كەمە نەتەوایەتییەكانی، لە كاتێكدا هەموو كەمە نەتەوایی و مەزهەبییەكان هەوڵەكانیان لە بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتەدا خستەگەڕ.

لەدوای 2003ـەوە بەشێوەیەكی بەردەوام رووبەرووی تیرۆریزم و توندوتیژی هەمەچشنە بوینەتەوە، ئەویش هەر لە تیرۆری كەسییەوە بیگرە تا دەگاتە تیرۆری بەكۆمەڵ و تەقینەوە و پەراوێزخستنی كەمە نەتەواییەكان. هەر بۆیە زۆر تویژەر لە ئاستی نێودەوڵەتی عێراقییان بە سەرزەمینی پێكەوەژیانی مەرگ و ژیان ناوزەد كردووە، چونكە هاووڵاتی و هاونیشتیمانیانی عێراق بە بەردەوامی لە دۆخێكی ناسەقامگیری دەروونی و كۆمەڵایەتیی و سیاسییدا ژیان بەسەر دەبات، بێجگە لە كورد لە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەك توانی ژێرخان و سەرخانی تارادەیەكی باش بەڕێوەبەرێت، هەر ئەم جۆرە لە گەشەیەش بووە مایەی سەرەنج بۆ زۆربەی هاوڵاتیانی شارەكانی تری ئێراق.
وێرای ئەوەش، تیرۆر و رەشكردنەوەی بوونی نەتەوەكانی تری ئێراق و توندرەوبوونی كایەی سیاسیی بە ئاراستەیپەراوێزخستن و ماف پێنەدانی نەتەوەكانی وەك كورد و پێدانی كایەی سەربازی و سیاسیی بەشێوەیەكی تەواو بەدەست شیعەكانەوە، بووە هۆی دروستبوونی كەلێن و بۆشاییی لە رووی بەرێوەبردنی ئەم وڵاتە، هەر ئەمەش دۆخەكەی ئاڵۆزتر كرد و بووە میكانیزمێك بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژی زیاتر و پەیدابوونی گرووپەیلی تازەی وەك داعش كە دواجار ئێراقییان خەڵتانی خوێن كرد، چونكە كەم خێزانی عێراقی هەیە كە پریشكی ئەو توندوتیژییەی بەر نەكەوتبێت و یەكێك لە خێزانەكانی نەبووبێتە قوربانی، كە ئەمە لە رووی سۆسیۆسایۆكۆلۆژییەوە كارەساتێكی گەورەیە و دەرچوون لەو دۆخەش پێویستی بە كاتێك و دەرفەتێكی یەكجار زۆر هەیە.

توندوتیژی وەك رۆتینێكی رۆژانە
دەرمارگیری و پەرگیری لە نێو ئێراق لەم دەیەی كۆتایی تارادەیەك پەرەی سەندووە، كە دەرفەتی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوەكان بەرتەسك بۆتەوە، بەرادەیەك كە رەشكردنەوە و پەراوێزخستنیان بۆتە كارێكی ئاسایی و وەك رۆتینێكی رۆژانە لێی دەڕوانن، هەر بۆیە كوردەكان لە هەرێمی كوردستان هەوڵی ریفراندەمیان دا و ویستیان لە ئێراقێكی پڕ زەبروزەنگ خۆیان رزگار بكەن، چونكە لە كۆیادەوەری تاكی كوردیدا ژیان لەگەڵ نەتەوەیەك كە بەردەوام لە هەوڵی رەشكردنەوەییدایە كارێكی نەكردەیە و زەحمەتە بتوانرێ جار دوای جار پینە و پەڕۆ بكرێت. هەر بۆیە لەدۆخی لەم چەشنەدا پەروەدە و كایە پەروەردەییەكان ئەركێكی قورسییان لەسەرشانە بۆ ئەوەی نەوەیەك پەروەردە بكەن كە بڕوایان بە ژیان لەگەڵ نەتەوەكانی تر هەبێت و ئەو رقە بكوژن كە دامەزراوە فەرمیی و نافەرمییەكانی ئێراق لە هەوڵی بەرهەمهێنانەوەییدان، چونكە لە دۆخی لەو چەشنە رەچاوی زۆرینە و كەمینە دەكەن لەگەڵ نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی تر.

داعشو وێرانكردنی ژیان
پاش ئەوەی داعش وەك گرووپێكی تیرۆریستی بەشیكی زۆر لە خاكی ئێراقییان بە كوردستانیشەوە داگیركرد و كولتووری توندرەوەیی هەزار ساڵەیان زیندوو كردەوە، ئەو برە لاوازەی پێكەوە ژیانیان لە ناوچەكە بەتەواوی مردار كردەوە و هیچ دەرفەتێكیان بۆ جیاوازیی و تێگەیشتنی هەمەچەشن نەهێشتەوە، كوشتن و پەلاماردان و بە كەنیزەكردنی یەزیدییەكان باشترین نموونەیە بۆ داتەپینی دۆخی پێكەوەژیان لە ئێراق بەتایبەت لە ناوچە سوننەنشینەكاندا. بەداخەوە ئێمەمان وەك كۆمەڵناس و دەروونناس باشتر لەو دۆخە تێدەگەین كە داعشیزم چۆن ئێستا بۆتە كولتوورێك و بەشێك لە دەسترۆیشتووە عەرەبەكان بە سوننە و شیعەوە هەمان رەفتار جێبەجێدەكەن و خەریكن بچوكترین دەرفەت بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانە ناهێڵنەوە وهەموو شتێك بخەنە بۆتەی نەتەوە و مەزهەبگەراییەوە، كە ئەوەش بۆ خۆی گەورەترین مەترسییە لەسەر بوونی ئایین و ئایینزا و نەتەوەی جیاواز، هەر چەندە لە دوای ئازادكردنی موسڵ بە هاوكاری پێشمەرگە دەرفەتەكانی پێكەوەژیانی بەرفراوانتر كرد، بەڵام هەنوكە واهەست دەكرێت داعشیزم بە سەدان شێوەیلی جیاواز خەریكی خۆبەرهەمهێنانەوەیەو گەل ونەتەوە جیاوازەكان بوونەتە قوربانی یەكەم لەم دۆخدا، بۆی باشترین بدیلبۆ ئەو نەتەوانەبریتییە بووە لە هەوڵی خۆرێخستنەوە و دروستكردنی كیانێكی جیاوازتر كە بتوانن لە دەرەوەی ئێراق درێژە بە ژیانیان بدەن.

 

دانـا شوانی - هه‌ولێر