حوزەیران 05, 2023

زۆرترین بینراو

Error: No articles to display

تەندورستیی عێراق هۆشداریی لە هاتنی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا دەدات

وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداریی لە هاتنی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا دەدات، ئەندامێكی لیژنەی تەندروستی و ژینگەش دەڵێت، پێویستە سنوور و فڕۆكەخانەكان دابخرێن.
 
فالح زیادی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی بەدواداچوونەكانیان لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە ژمارەی تووشبوون بەكۆرۆنا لە وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی، ئێران، توركیا و ئوردن و ناوچەكە روو لە هەڵكشانە، "ئەمەش ئاماژەیەكی ترسناكە و ئەگەر هەیە ژمارەی تووشبوون لە عێراقیش بەرزبێتەوە."
 
بەگوتەی زیادی پێویستە رێكاری پێشوەختە بگیرێنەبەر و دەشڵێت، بە ئامانجی رێگرتن لە هاتنی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا، "پێویستە حكومەت دەستبەجێ سنوورەكان و فڕۆكەخانەكان بەڕووی گەشتیاراندا دابخات، تەنیا بۆ پرسی زۆر گرنگ و ئابووری نەبێت نەكرێتەوە، سەرەڕای گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزی كە لەلایەن حكومەت و لیژنەی تەندروستی دەردەكرێن."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروست و ژینگە پێیوایە دەبێت حكومەت پەلە بكات لە دابینكردنی پێكوتەی دژە كۆرۆنا و تەنیا پشت بە كۆمپانیایەك نەبەستێت، لەپێناو دابینكردنی زۆرترین پێكوتە پێویستە جگە لە كۆمپانیای فایزەر كە ژمارەیەكی سنووردار دەداتە عێراق، پێكوتە لەچەند كۆمپانیایەكی دیكە دابینبكات.
 
بەپێی راگەیێندراوەكانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تاوەكو ئێستا هیچ تووشبوویەکی بە كۆرۆنای گۆڕاو لە عێراق تۆمار نەكراوە، بەڵام بەگوێرەی ئاماژە زانستییەكان عێراق لەسەر لێواری دەستپێكردنی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنایە.
 
پێشتر وەزارەتی تەندروستیی عێراق هۆشداریدا لە هاتنی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا لە وڵات و  لە راگەیێندراوێكدا گوتی "بەوردی بەدواداچوون بۆ رەوشی كۆرۆنا لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی دەكەین، كە ئێستا ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەكەی گرتووەتەوە، داواش لە هاووڵاتیان دەكەین پابەندی رێكارەكانی خۆپارێزی بن." 
 
رۆژی 18-01-2021 جەواد موسەوی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی "وەزارەتی تەندروستی چەندین رێککەوتنی کردووە بۆ دەستخستنی ڤاکسینی کۆرۆنا، ڤاکسینەکەش بێ بەرامبەر دەدرێت بە هاووڵاتیان و سەرەتاش کارمەندانی تەندروستی، بەتەمەنەکان، نەخۆشە درێژخایەنەکان و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان." 
 
بەپێی ئامارەی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، تاوەکو ئێستا 609 هەزار و 29 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 571 هەزار و 198 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 12 هەزار و 953 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
 
© 2017 Hawler