حوزەیران 29, 2022

زۆرترین بینراو

Error: No articles to display

ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردن خاون و دۆخی کەرکووکیش پێویستە ئاسایی بکرێتەوە

بڕیارە ساڵی داهاتوو لە عێراق هەڵبژاردنێکی دیکە بەڕێوە بچێت . کاوە گەردی، بەرپرسی بەشی تەکنیکی دەزگای هەڵبژاردنی  پارتی دیموکراتی کورستانیش پێی وایە لە عێراق هەڵبژاردنەکان نەیانتوانیوە ئەو وڵاتە بەرەو ئاقارێکی باش بگۆڕن و بۆیە پێشبینی ناکرێت لەم هەڵبژاردنەش عێراق بۆ دۆخێکی باشتر بگۆڕدرێت چونکە بە شێوەی سیستماتیک وڵات بەڕێوە نەچووە.

 

بڕیارە لە حوزەیرانی ساڵی 2021 لە عێراق خولێکی پێشوەختەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت و حزب و پارتە سیاسییەکان  لە تەواوی عێراق لە هەوڵدان دوای ناونووسکردنیان لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بتوانن لەم هەڵبژاردنە زۆرترین کورسی دەستەبەر بکەن و لە داهاتووی سیاسی عێراق زیاتر رۆڵ بگێڕن.

لە راستیدا دەستنیشانکردنی مانگی حوزەیران بۆ بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنە و ئەویش لە لایەن مستەفا کازمی لە ژێر گوشاری خۆپێشاندەرانی عێراق درا و یەکێک لە مەرجەکانی متمانەدان بە کازمی ئەوە بووە بتوانێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە بەرێت. هەرچەند بڕیاری ئەم هەڵبژاردنە دراوە بەڵام ئامادەکارییەکان  بۆ هەڵبژاردن وەک پێویست نەبووە و دۆخی سیاسی و ئابووری عێراقیش زیاتر تێکچووە.

کاوە گەردی بەرپرسی بەشی تەکنیکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەولێر ئاماژەی دا هەموو کات پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردن ئامادە بووە بەڵام ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتو وەک پێویست نەبووە  وتازە بەم دواییانە پەرلەمانی عێراق رەزامەندی لەسەر دابینکردنی بودجە بۆ کۆمسیۆن دەربڕیوە. کۆمسیۆنەکە نوێیە و یەکێک لە بیانووەکان بۆ دواخرانی ئامادەکارییەکان بودجە بووە و لەمەودواش دیار نییە  دەتوانێت تا مانگی حوزەیران خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە بکات یان نا.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی دەزگای هەڵبژاردن لە دوای 2003ەوە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کاتی خۆیدا بەڕێوەچوون و هیچ کامێکیشیان کاریگەرییان لەسەر لەسەر دۆخی سیاسی عێراق نەبووە ، ئەو پێی وایە دەبێت عێراق بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە بچێت و رێز لە دەستوور و بنەمایاساییەکان بگیرێت.

هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە هێشتا دۆخی زۆربەی ناوچە کوردستانییەکان  ئاسایی نەبووەتەوە. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بەهۆی هەمان دۆخ بەشداری لە هەڵبژاردن نەکرد.

گەردی پێی وایە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووش پیویستە دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە. هێشتا بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان رادەست نەکراونەتەوە و هەر دەبێت ژینگەیەک دابین بکرێت کە لە کەشێکی ئازاددا لایەنە سیاسییەکان بتوانن بانگەشەی خۆیان بۆ هەڵبژاردن بکەن.

لە چەند رۆژی رابردوودا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی ئەو حزبانەی را گەیاند کە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی مانگی حوزەیرانی ساڵی 2021ی عێراق ناونووسیان کردووە.

جەمانە غەلای گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان  گوتی ژمارەی ئەو حزبانەی داواکارییەکەیان پێشکەش کردووە 427 حزبن  و لەوانەش مۆڵەتی دامەزراندنی حزبی سیاسی بە 231 یان دراوە. جگەلەمە 80 داخوازی نوێی دامەزراندنی حزبیان پێشکەش کراوە و لێکۆڵینەوەیان لێ دەکرێت کە ئامانجیانە لە هەڵبژاردنەکەدا بەشداری بکەن.

لەوانەی دوای دامەزراندنی حزبیان کردووە 99 دانەیان بە هۆی ئەوەی کە ئەولەویاتەکانیان لەگەڵ یاسای پێوەندیدار یەکتر ناگرنەوە  رەت کراونەتەوە. بە پێی بەندی یەکەمی مادەی 12ی یاسای پارتە سیاسییەکانی عێراق کە لە ساڵی 2015 بە ژمارە 38 دەرکراوە کۆمەڵێک رێنمایی بۆ دامەزراندنی پارتێکی سیاستی خراونەتەروو.

پێشبینی دەکرێت ساڵی 2021 بۆ عێراق ساڵێکی سەخت بێت ئەگەر نرخی نەوت هەر لەو ئاستەدا بمێنێتەوە و بەرز نەبێتەوە یان زیاتر دابەزیت ئەوا تەنگژەکان زیاتر دەبن .

هەفتەی رابردوو رۆژنامەی فۆرن پۆڵسی لە راپۆرتێکدا باسی لە کۆمەڵێک دەرهاویشتەی خراپ کرد کە لە ئاکامی ئەو تەنگژە داراییەی بەربینگی عێراقی گرتووە لەوانەیە لە ساڵی 2021دا تووشی دۆخێکی ناجێگیری بکات.

لە هەرێمی کوردستان هەرچەندە تەنگژەی دارایی هەیە بەڵام بە پێچەوانەی عێراق دۆخی ئاسایش و تەناهی لە کوردستان جێگیرە و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی گرتوویەتە بەر دۆخەکە بەرەو باشی بچێت.

سلێمان تاشان - هه‌‌ولێر

 

© 2017 Hawler