حوزەیران 29, 2022

زۆرترین بینراو

Error: No articles to display

هاووڵاتیانی عێراقی دوودڵ و نیگەرانن لەبارەی دابەزاندنی دینار لەلایەن حکوومەتەوە

قەیرانی ئابووری و دارایی عێراق لە دۆخێکی خراپدایە، حکوومەت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو قەیرانە بوەستێتەوە ڕێکاری جیاوازی گرتووەتەبەر کە یەکێکیان دابەزاندنی نرخی دینارە لەبەرانبەر دۆلاردا، ئەوەش بە زیانی هاووڵاتیانی توێژی مامناوەند و هەژار دەشکێتەوە و باری ژیانیان قورستردەکات.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی (ئیندیپێندێنت) ڕەشنووسە پرۆژەی بودجەی حکوومەتی عێراق دزەی پێکراوە و تیایدا ئەوەی ئاشکراکردوە کە حکوومەت ویستی هەیە بۆ دابەزاندنی بەهای دینار (پارەی نیشتمانی عێراق)، هەروەها خاڵێکی دیکە بریتیە لە کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەوەی حکوومەت بتوانێت دەرەقەتی قەیرانی ئابووری ئێستای وڵاتەکە بێت.

بەپێی ئەو بەڵگەنامە دزەپێکراوە، ڕەشنوسە پرۆژەکەی حکوومەت ئامادەی حکوومەتی نیشانداوە کە دەیەوێ دینار بێنێتەخوارێ، بەجۆرێک هەر (یەک دۆلار)ی ئەمەریکی بەهایەکەی لە (١٤٥٠ دینار)ی عێراقیدا جێگیربکرێت.

ئەو بڕیارەی حکوومەت لە ڕەشنوسی بوودجەدا کاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێناوە بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا نیگەرانی و تووڕەیی هاووڵاتیانی ئاسایی و فەرمانبەرانی لێکەوتۆتەوە، چونکە حکوومەتی عێراق یەکێک لەڕێکارەکانی پڕکردنەوەی کرتهێنانی بودجەی لەڕێگای قوربانیدان بە هاووڵاتیانەوە پڕدەکاتەوە.

دیارە دەبێ ئەو ڕەشنوسە پڕۆژەیە لە پەرلەمانیش بڕوا و پەسندی پێبدرێت، کە هەندێک لە بەرپرسانی عێراقی لەو باوەڕەدان لەوانەیە پەرلەمان متمانەی پێنەدات، چونکە بە توندی و بەشێوازێکی بەرچاو لەلایەن خەڵکیەوە ڕەتدانەوەی لێکراوە و، دژایەتی دەکەن، بۆیە پەرلەمان لەوانەیە خۆی لێ بەدووربگرێت.

عێراق پێویستی بە گرتنەبەری چەند ڕێکارێکی ئابووری و داراییە تاوەکوو بتوانێت ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بێتەوە، بەتایبەتی لەڕووی چاکسازیی و پارەی تەخمینکراو بۆ سێکتەری گشتی و کەمکردنەوەی خەرجیەکان لەو کەرتەدا، بەڵام چۆن و کەی ئەوە دەکرێ بۆ وڵاتێکی وەکوو عێراق کە دامەزراوەکانی بەهێزنین لەوانەیە قورس بێت.

ئەو هەواڵەی دابەزاندنی نرخی دینار توڕەیی و ترسی لەلای خەڵکی کرێکار و فەرمانبەری ئاسایی دروستکردوە کە بەهۆی ئەو بارودۆخەوە کرێ خانوو و، شتومەک و کاڵا و پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان لەسەر بەرزببێتەوە و، ژیانیان قورسترببێت.

لەو بارەیەوە (علی کازم) کە مامۆستایە گوتی، زۆرینەی هێزی کاری عێراقی سەر بە حکوومەتن و ئێمەی فەرمانبەر لە توێژی مامناوەندین، ئەو بڕیارەی حکوومەتیش ئێمە هەژارتردەکات.

هەروەها گوتیشی، من ئێستا دوو قەرزان دەدەمەوە کە دووسێهەک واتە دوو لە سێی مووچەکەم لەو ڕێگایەوە دەڕوا، وە لەدوای ئەو بڕیارەی حکوومەتیش نازانم چەندم دەست دەکەوێ یان چەندم بۆ دەمێنێتەوە.

زۆر لە فەرمانبەرانی سێکتەری گشتی کاردانەوەیان بۆ ئەو بڕیارەی حکوومەت هەبوە و ترسیان لێ پەیدابووە، لەوانە توێژی دکتۆر و مامۆستا و کارمەندانی شارەوانیەکان و، زۆربەی دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەتی عێراق دەنگی ناڕەزایەتیان لەدژی هەڵبڕیوە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە، لەسەرەتاوە حکوومەت و بانکی ناوەندی بەتەمابوون بەهای دینار داببەزێنن بە ئەندازەیەکی زیاتر، بۆ نمونە (یەک دۆلار) بەهایەکەی (١٦٠٠ دینار) بێت، ئەو سەرچاوەیە نەیویستوە ناوەکەی ئاشکرابکرێ گوتی، لەبەر ئاڵۆزی و قورسی دۆخی سیاسی حکوومەت نەیتوانیوە ئەو هەنگاوە بهاوێژێ و ڕازیبوون لەسەر (١٤٥٠ دینار).

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو دابەزاندنەی بەهای دیناری عێراقی دەتوانێت یارمەتیدەربێ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، لەسەر ئەو بابەتە (محمد دراجی) پەرلەمانتار لە لیژنەی دارایی گوتی، ئەو ڕێکارەی حکوومەت یارمەتیدەردەبێ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە بەڵام ناتوانن هەنگاوی پاڵپشتی لەگەڵ بهاوێژن بۆ یارمەتیدانی توێژی هەژاران کە ئەوەش سەرەنجام هەڵاوسانی توندی لێدەکەوێتەوە.

شیاوی باسکردنە، ئەو پڕۆژەیەی بوودجەی حکوومەت کە تیایدا بەهای دیناریشی دابەزاندوە دەبێ لەلایەن پەرلەمانەوە ڕەزامەندی پێبدرێ بۆ ئەوەی ببێتە بڕیار، ئەگەرچی دەگوترێ پەرلەمان لەبەرەی گەلە بەڵام هەژمونی سیاسی لە پەرلەماندا باڵادەستی هەیە و لەوانەیە پشتگیری بڕیارەکەی حکوومەت بکات بۆ دابەزاندنی بەهای دینار.

شارەزایان لەبارەی قەیرانی ئابووری و کورتهێنانی بودجەوە دەڵێن عێراق بژاردەی دیکەی هەن بەڵام زۆر نین، بەرپرسێکی باڵای حکوومەت دەڵێ ئەگەر عێراق ئەو هەنگاوانە نەهاوێژێت ئەوا پارەی حیجزکراوی عێراق لە دەرەوە بۆ (٢٠ملیار دۆلار) دێتەخوارێ کە ئێستا بڕەکەی (٥٠ملیار دۆلار)ە.

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

 

© 2017 Hawler