تشرینی دووەم 27, 2020

لە سەرەتای ساڵی داهاتووعێراق سەرجەم کەمپەکانی ئاوارەکان دادەخات

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرای کرد، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە سەرجەم کەمپەکانی ئاوارەکان دادەخات، جگە لەوانەی دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان.

ئیڤان فائیق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران، دوێنێ (یەکشەممە، 8-11-2020) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند وەزارەتەکەی پلانێکی نیشتمانی داڕشتووە بۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکان لە سەرەتای ساڵی 2021.

بەپێی پلانەکە، سەرجەم کەمپەکان جگە لەوانەی دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان دادەخرێن، وەزارەتەکە هیواخوازە بەو هەنگاوە یەک ملیۆن و 500 هەزار ئاوارە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

ئیڤان فائیق، ئاماژە بەوە دەکات هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی هەیە بۆ پاڵپشتی لە وەزارەتەکەی، تاوەکو یارمەتی خێزانەکان بدەن لە بنیادنانەوەی ماڵە رووخاوەکانی ئاوارەکان لە ناوچە ئازادکراوەکان، هەروەها قەرەبووکردنەوەی ئەو خێزانانەی هیچ جێ و رێگەیەکیان نەماوە، بەهۆی ئەوەی ماڵیان بەتەواوی رووخاوە.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بەگوتەی وەزیرەکەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا کەمپەکانی: کەرکووک، سەڵاحەدین و کەمپێکی پارێزگای ئەنبار و کەمپی عامریە لە فەلوجە دادەخات بۆ ئەوەی ئاوارەکانی نەینەوا بە ویستی خۆیان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

بەپێی داتای نافەرمی، ژمارەی ئاوارەکان لە هەموو عێراق دەگاتە 5 ملیۆن و 500 هەزار کەس، ئەمەش جگە لە نزیکەی ملیۆنێک کەس کە لە ماوەی شەڕی داعشدا عێراقیان بەرەو وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا جێهێشتووە.

© 2017 Hawler