ئاب 07, 2020

ئەتککردنی منداڵێک بە دڕندەترین شێوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بەغدا، هەرادەنێتەوە

هێرشکردنە سەر منداڵێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بەغدا بەدڕندەترین شێوە و سووکایەتیکردن پێی و ئەتککردنی لە ڤیدیۆیەکدا تۆمارکراوە، لەوەتەی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکەش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراقی تەنیوە.

منداڵێکی بێ باوک، کە بە سیمایدا دیارە لە خێزانێکی هەژارە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت، کاتێک کۆمەڵێک "پارێزەرانی یاسا"، دەوریان لێداوە، ئەتکی دەکەن و بەزۆر وایلێدەکەن قسەش بە دایکی بڵێ.

منداڵەکە ناوی محەمەدە، بەرووتی لەژێر بەزەیی "هێزەکانی پارێزەری یاسایە"، بەڵام کەسیان بەزەییان پێیدا نایەتەوە، لەکاتی سووکایەتیپێکردن و قسەپێگوتن و ئەتککردنی، خۆشیان ڤیدیۆی تۆماردەکەن.

محەمەد بە ترسەوە قسە بۆ هێزە ئەمنییەکان دەکات و وەڵامی پرسیارە یەک لەدوای یەکەکانیان دەداتەوە، دەڵێ "باوکم کۆچی دوایی کردووە و دایکم لە ماڵەوەیە"، بەڵام یەکێکیان پرسیاری ئەخلاقی لە بارەی دایکی منداڵەکە دەکات و ناچاری دەکات بڵێ "دایکم دواوەی گەورەیە و سپییە".

ئەمڕۆ (شەممە، 2-8-2020) وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەیاننامەیەکی لە بارەی رووداوەکە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ "ئەو کەسەی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، بەپێی ماددەی 446 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە بەغدا، لە 15-5-2020 بە تاوانی دزینی ماتۆڕسکیلێک راگیراوە، رووداوەکەش 20 رۆژ پێش دەستگیرکردنی روویداوە".

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ "گوتە لە کەسی سکاڵاکار وەرگیراوە، کە داوای سکاڵای کردووە لە دژی ئەوانەی ئەو کارە قێزەون و نائەخلاقی و ناپیشەییەیان ئەنجامداوە".

ئەو کەسانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە، بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ "ناسنامەیان ئاشکرا کراوە و تیمەکان دەستیان بە رێوشوێنەکانی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنیان کردووە"، بەڵام لەنێو راگەیەندراوەکەدا رووننەکراوەتەوە تەنیا ئەوانەی ئەتکی دەکەن، ئەشکەنجەی دەدەن و وایلێدەکەن بە زۆر قسەی نائەخلاقی بکات سزادەدرێن، یان ئەوانەش کە لەوێ بوون، بەڵام دەستەوەستانن و رێگە لەو کارە ناگرن.

© 2017 Hawler