ئاب 12, 2020

حکوومەت ئەنجامی لێکۆڵینەوەی توندیژییەکانی مەیدانی تەحریری بڵاوکردەوە

خۆپێشاندان و گرژییەکانی مەیدانی تەحریر دەستیپێکردەوە

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق:
کەسێک کوژراوە ژمارەیەک بریندار هەیە لە ئەنجامی توندوتیژییەکان دژی خۆپیشاندەران

خۆپیشاندان و توندوتیژییەکانی مەیدانی تەحریر لە بەغدا، سەریهەڵداوەتەوە و، لە دوو شەوی ڕابردوودا، بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپییشاندەران کەسێک کوژراوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار کراون، لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەک و گازی فرمێسکڕێژ و سوتاندنی خیوەتی خۆپیشاندەران.

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ئاشکرایکردووە، بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی هێزە ئەمنییەکانەوە کەسێک بە سەختی بریندار بووە و لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە، هاوکات چەندین برینداری دیکەش لە ڕیزی خۆپێشاندەران هەن، حکوومەتی عێراقیش لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکان کردووە و ئەنجامەکەی بڵاو کردەوە و ئەوەی راگەیاند، ئەو توندوتیژیانە کاری ژێزە ئەمنییەکان نەبوون و کەسانی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ وایانکردووە، چونکە هێزە ئەمنییەکان فەرمانی تەقەکردنیان پێ نییە.

داواکاری خۆپێشاندەران
خۆپیشاندەرانی ئەمجارەی گۆڕەپانی تەحریر کۆمەڵیک دروشم و داواکارییان بەرزکردووەتەوە، کە هەندێکیان داواکاری خۆپێشاندانەکانی پێشوون و هەندێکیان نوێن و تایبەتە بە مستەفا کازمی. تیایدا ناڕەزایی دەردەبڕن بەهۆی کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە پاریزگاکانی عێراق، بە تایبەت کارەبا، کە ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە هاووڵاتیانی عێراق وەزاڵە هاتوون و کارەباش وەک پێویست نییە. خۆپیشاندەران بە سوتاندنی تایەی ئۆتۆمبێل بەربەستیان لە نیوان خۆیان و هیزە ئەمنییەکان دروستکرد ئەوەش بووە هۆی ئەوەی چەندین ڕێگای سەرەکی دابخرێت.

کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ؛ کەسێک کوژراوە و ٢١ کەس بریندارە
کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق؛ لە راگەیەندراوێکدا دەربارەی رووداوەکانی گۆڕەپانی تەحریر، ڕایگەیاندووە؛ رووداوەکانی گۆڕەپانی تەحریر بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی سێ خۆپێشاندەر و برینداربوونی 21 کەسی دیکە کە برینی هەندێکیان بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەوە سەختە. دوێنێ دوو خۆپێشاندەر و ئەمڕۆش خۆپێشاندەرێک گیانیان لەدەستداوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا، ئیدانەی بەکارهێنانی هێزی لەدژی خۆپێشاندەران کردووە، داوای لە حكوومەتی عێراقی کردووە، تۆمەتبارانی ئەو رووداوانە بەزوویی بداتە دادگا، بەکارهێنانی هێزیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر خۆپێشاندەران قەدەخە بکات.

توندوتیژییەکان کاری "گروپی تاوانکارین"
هەر لەگەڵ بلاوکراوەکەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، حکوومەتی عێراقیش بڵاوکراوەیەکی لەسەر ڕووداوەکانی گۆڕەپانی تەحریر بڵاوکردەوە و تیایدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی خۆیان لەبارەی رووداوەکەی گۆڕەپانی تەحریر بڵاوکردەوە. لە بڵاوکراوەکەی حکوومەتی عێراقیدا هاتووە؛ گرووپی تاوانکاری" کە مەبەستیانە پشێوی بڵاوبکەنەوە، هێرشیان کردووەتە سەر خۆپێشاندەران.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی، لەبارەی رووداوەکانی شەوی یەکشەممە دەریانخستووە کە "کۆمەڵەی تاوانکاری مەترسیدار لە گۆڕەپانی تەحریر، هەوڵی نانەوەی پشێوییان داوە لە رێگەی پەلاماردان و هێرشکردنە سەر خۆپێشاندەران و دروستکردنی پێکدادان لەنێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکان".
بڵاوکراوەکە پابەندبوونی هێزە ئەمنییەکانی بە "رێنوێنییەکانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق (مستەفا کازمی) دووپاتدەکاتەوە، لە بەکارنەهێنانی گولـلە لە بەرامبەر خۆپێشاندەران بە هەر بیانوویەک بێت، دووپاتیکردووەتەوە، فەرمانی توند بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دراوەتە هێزەکان".

وەزارەتی ناوخۆ داوای هاوکاری خۆپێشاندەران دەکات؛
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەبارەی ڕووداوەکانی ئەمجارەی گۆرەپانی تەحریر، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا، داوای هاوکاری لە خۆپێساندەران دەکات لە چۆنییەتی دەستگیرکردنی تەقەکەران و دەڵێت: "خۆپێشاندەرەکانمان هاوکاربن لە پاراستنی ئاسایشی گۆڕەپانی تەحریر و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی هەوڵی تیرۆرکردنی خەڵک دەدەن، تا دواتر بیدەنە پاڵ هێزە ئەمنییەکان". لە کۆتاییدا دەڵێ "چاومان لە گەنجە هۆشیارەکانمانە کە بەچاوی بەرپرسیاریەتییەوە تەماشای ئەو ئاراستە مەترسیدارە بکەن، کە گرووپە چەکدارە دەرچووەکان لە یاسا، دەیانەوێت ئەنجامی بدەن و وڵات بەرەو ئامانجە پیسەکانی خۆیان ببەن".

خۆپێشاندەران و کابینە یەک لەدوای یەکەکان
لە ماوەی رابردوودا، چەند سەرۆکوەزیرانێکی نوێ، یەک لە دوای یەک ڕاسپێردران و کابینەی نوێیان پێکهێنا، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی خۆپێشاندانەکان، هەڵوەشانەوە، مستەفا کازمی، لەگەڵ پێکهێنانی کابینەکەی، سەرجەم ئەو زیندانیانەی ئازادکرد، کە لە کابینەکەی عادل عەبدلمەهدی و بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە دەستگیرکرابوون. جێگای ئاماژە پێکردنە، دوای زانینی هەواڵی کوژرانی خۆپێشاندەرێک، خۆپێشاندانەکەی گۆڕەپانی تەحریر توندتر و بەربڵاوتر بووە، کە ئەمەش جێگای مەترسییە لەسەر کابینەکەی مستەفا کازمی، چۆن لەسەر دوو کابینەی پیشووی حکوومەتی عێراق بووە مەترسی و ناچار بە هەڵوەشانەوەی کرد. ئەگەرچی حکوومەتی عێراق، بێ تاوانی هیزە ئەمنییەکانی ڕاگەیاندووە، بەڵام چەندین دیمەنی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، کە تیایدا دەردەکەوێت، هێزە ئەمنییەکان بە فیشەک و گازی فرمێسکڕێژ لە هەوڵی بڵاوە پێکردنی خۆپێشاندەراندان و توندوتیژی بەکاردێنن، ئەمەش زیاتر ڕق ئەستووری لە نێو خۆپێشاندەران دروستکردووە و دروشمەکانیانی توندتر کردووە.

© 2017 Hawler