ئاب 12, 2020

عێراقیەكان داوای خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا دەكەن

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول رایگه‌یاند: ئیستیفزازكردنی هێزە ئەمنییەكان بۆ ئەوەی پەلكێشی رووبەڕووبوونەوە بكرێن، كاری ژمارەیەك لایەنە كە نایانەوێت عێراق سەقامگیر بێت.

لیوا یەحیا رەسول، راگەیەندراوێكی سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەكەی یەكشەممە، نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا بڵاوكردەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە هێزە ئەمنییەكانی عێراق ئەركیان ئەوەیە گیانی خۆپێشاندەرانی ئاشتییخواز بپارێزن، رێنمایی و راسپاردەی توندیش دەركراون سەبارەت بەوەی کە نابێت پەلاماری هیچ خۆپێشاندەرێك و هەوڵی ئیستیفزازكردنیان بدرێت، نابێت پەنا بۆ هۆكاری توندوتیژی ببرێت تەنها لە كاتی زۆر ناچاریدا نەبێت كە كارمەندەكان رووبەڕووی مەترسی كوشتن ببنەوە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول ئەوەی گوتووە ئیستیفزازكردنی هێزە ئەمنییەكان بۆ ئەوەی پەلكێشی رووبەڕووبوونەوە بكرێن كاری ژمارەیەك لایەنە، كە نایانەوێت عێراق سەقامگیر بێت.
ئاماژەی بەوەیش داوە، بەداخەوە هەندێك رووداوی ناخۆش لە گۆڕەپانی تەحریر روویانداوە كە لێكۆڵینەوە لەبارەی ئەو رووداوانەوە دەستی پێ كراوە و هەر كەسێك كەمتەرخەم بووبێت سزا دەدرێت.
گوتیشی: هەموومان هەست بەو رەوشە سەختە دەكەین كە بەرەوڕووی گەلی عێراق بووەتەوە، حكوومەتیش بەو تەمەنە كورتەی هەوڵ دەدات چارەسەری رەوشی ئابووری و تەندروستیی بكات، گلەییش لە هاووڵاتییان ناكەین كە گوزارشت لە بۆچوونی ئاشتیخوازنەیان بكەن كە خاڵی بێت لە ئیستیفزازکردن، هەڵچوون و پێكدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا، هەروەها هەر هێرشێك بكرێتە سەر هەر یەكێك لەو دوو لایەنە لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكەین و لێی بێ دەنگ نابین.
دوێنێ‌ یەكشەممە لە میانی خۆپیشاندانی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شاری بەغدای پایتەختی عێراق كە دژبە خراپی رەوشی كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی دیكە لە ناوەڕاستی شارەكە بەڕێوەچوو، رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا رووی دا و بەھۆیەوە یەك خۆپیشاندەر كوژرا و ژمارەیەكی دیكەیش برینداربوون.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 28 تەمموز 2020 08:19
© 2017 Hawler