تەمموز 10, 2020

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق راگه‌یاندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی رایگه‌یاند  كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، سێزدە ئۆپەراسیۆنیان بە ئامانجی راوەدوونان و ریشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەك ناوچەی عێراق ئەنجامداوە.

لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرای كرد كە سەرجەم ئۆپەراسیۆنەكان، پشت بەستن بە زانیارییەكانی هەواڵگریی ئەنجامدراون و راشیگەیاند كە تیرۆریستان بەردەوام هەوڵدەدەن رەوشی عێراق بۆ ئەنجامدانی كردە تیرۆریستی بقۆزنەوە.

گوتیشی ، راستە تیرۆریستانی داعشمان لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق وەدەرناوە، بەڵام هێشتا شانە نووستووەكانی رێكخراوە تیرۆریستییەكە لە ژمارەیەك ناوچە خۆیان حەشارداوە، بۆیە ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەكان بۆ كۆتایی هێنان بە بوونی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق بەردەوام دەبێت.

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی باسی لەوەش كرد لە میانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی كە تا ئێستا بۆسەر تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی عێراق ئەنجامدراون، دەستكەوتی گەورە بەدیهاتووە.

راشیگەیاند كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە، عێراق لەسەر ئاستی سیاسیی، كۆمەڵایەتیی، ئابووریی و تەندروستیی بە رەوشێكی نائاسایی تێپەڕدەبێت كە ئەویش كاریگەری لەسەر رەوشی ئەمنیی دروست كردووە، چونكە تیرۆریستانی داعش هەوڵدەدەن رەوشی ئێستای عێراق بۆ ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستیی بقۆزنەوە، هەر لەبەر ئەوەیە ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوام دەبێت.

لیوا تەحسین خەفاجی  هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، سێزدە ئۆپەراسیۆنمان بە ئامانجی راوەدوونان و ریشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەك ناوچەی عێراق ئەنجامداوە، ئەویش بەستن بە زانیارییەكانی هەواڵگریی و هاوكاری نێوان هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەكان.

© 2017 Hawler