نیسان 15, 2021

قوم و ڕێکەوتنێک لەنێوان سەدر و گرووپی میلیشیا شیعەکاندا

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

 

بۆ پارێزگاریکردنی لەمانەوەی دەسەڵاتی شیعە لەعێراق ئێران کۆبونەوەیەکی بۆ (موقتەدا سەدر) سەرۆکی لیستی سائیرون و گروپی میلیشیا شیعەکانی نزیک لەئێران ڕێکخستوە، داوای لێکردون ناکۆکیەکانیان وەلانێن و شەقامی شیعە هێوربکەنەوە و، ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان بگۆڕن و، پاڵپشتی حکومەتی نوێی عێراقی بکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) هەوڵەکانی ئێران بۆ کۆکردنەوەی شیعەکان و لەناویاندا گروپەکانی حەشدی شەعبی لەدوای کوژرانی (قاسم سولەیمانی و مەهدی موهندیس) زیادیانکردوە.
(سەدر) و بەرپرسانی گروپەکانی میلیشیا شیعەکان لە (قوم) لەژێر چاودێری ئێراندا کۆبونەوە، وە ئامانج لە کۆبونەوەکە ڕێکخستنەوەی پەرتەوازەیی شیعەکان بوە، هەروەها پاڵپشتیکردنی (سەدر) بوە بۆ قۆناغی داهاتووی عێراق وەکو سەرکردەیەکی ڕوحی کاریگەری شیعەکان.
بەپێی زانیاری چەند بەرپرسێکی عێراقی و، لەناو میلیشیاکانیشدا، لەکۆبونەوەکەدا بەڵێنیانداوەتە (سەدر) کە بتوانێ قسەی زیاتری هەبێ بەسەر حکومەتی نوێی عێراقیەوە و وەکو سەرکردەیەکی ڕوحی شێعەکانیش ڕۆڵی هەبێ لەنێو گروپەکانی حەشدی شەعبیدا.
لەبەرانبەر ئەو بەڵێنانەدا ئەو سەرچاوەیە گوتی، دەبێ (سەدر) ئەو خۆپیشاندانە جەماوەریانەی لەدژی حکومەت و دژی ئێران ئەنجامدەدرێن لاوازبکات، وە ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان لەدژی حکومەت و لەدژی ئێرانەوە بگۆڕێت بۆ داواکاری بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق.
لەو کۆبونەوەیەدا هەردوولا، (سەدر) و گروپەکانی کە لەلایەن ئێران و حیزبوڵلاوە پاڵپشتی دەکرێن ڕێکەوتوون لەسەر پاراستنی دەسەڵاتی شیعە لەعێراقدا، بۆ ئەو مەبەستە گروپە جیاجیاکان بەڵێنی یەکدەنگی و یەکگوتاریی و پاڵپشتی (سەدر) یان داوە.
هەڵبەتە لەدوای کوژرانی (قاسم سولەیمانی) و (مەهدی موهندیس) گروپەکانی حەشدی شەعبی تاڕادەییەک ناڕێکخراوو پەرتەوازەببون، هەروەها (سەدر) یش جۆرێک لەناهاوسەنگی لەهەڵوێست و پێگەکانی دا لەماوەیت ڕابردوودا هەبوون بۆ نمونە خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوو ئەو سەرکردایەتی دەکرن بەڵام کۆنتڕۆڵی ئەو خۆپیشاندانانەی ئێستای لەدەستدا نەبوە، هەروەها ماوەیەک پاڵپشتی شەقامی کردوە ماوەیەکیش کشاوەتەوە، بۆیە ئەو ناڕێکخراوەیەی گروپەکان و ناهاوسەنگی هەڵوێستەکانی (سەدر) هاندەری ئەو کۆبونەوەیەی سەرکردەکانی شیعە بوە لە (قوم) ی ئێران.
لەدوای کوژرانی (سولەیمانی) ئێران هەوڵیداوە ناکۆکیەکانی گروپەکانی میلیشیا شیعەکان لەگەڵ (سەدر) چارەسەربکات، وە داوای لێکردوون دەبێ ناکۆکیەکان وەلانێن و بۆ ئەو دۆخەی ئێستای عێراق یەکگرتووبن.
یاریدەدرێکی (سەدر) کە ئامادەی کۆبونەوەکەی (قوم) بوە بۆ ڕاپۆرتەکە دەڵێ، ئێران (سەدر) بەتەنها چارەسەر دەبینێ بۆ ڕێگرتن لەڕووخانی دەسەڵاتی شیعەی عێراق لەژێر فشارەکانی خۆپیشاندەراندا، وە ئەوان پێیانوایە (سەدر) لەوانەیە بتوانێ کۆنتڕۆڵی شەقام بکات، دەیانەوێ ئەو بەکاربێنن.
وە هەندێک لە سەرچاوەکانی دیکەی حەشد کە زانیاریان لەسەر کۆبونەوەکە هەیە پشتڕاستیان کردۆتەوە کەوا لایەنە ئێرانیەکان داوایان لە (سەدر) کە کەسایەتیەکی بەرچاوی شیعەکانە کردوە شوێنکەوتوەکانی خۆی بەکاربێنێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان، لەبەرانبەر ئەوەدا (سەدر) داوای ئازادی زیاتری کردوە بەسەر حکومەتی نوێی عێراقدا.
هەر لەسەر ئەو کۆبونەوەیە دوو سەرچاوەی گروپەکانی حەشدی شەعبی دەڵێن، سەرکردەکانی گروپەکانی حەشدی شەعبی ڕازیبوون کە (سەدر) ڕۆڵی سەرکردایەتی ڕوحی و ستراتیژی هەبێ بەسەر ئەواندا لەدژایەتیکردنی ئەمەریکادا.
(ناسر الشمری) گوتەبێژی گروپی نوجەبا کە ئێران پاڵپشتیان دەکات گوتی، گروپە بەرهەڵستکارەکان ڕازیبوون کە (سەدر) دەنگێکی سەرەکی بێت لەتیمە بەرهەڵستیەکەیاندا.
هەروەک سەرچاوەکان ئاماژەیان پێداوە سووربوونی (سەدر) لەپێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی بەو شێوەیەی کە (محمد عەللاوی) دەستیپێکردوە لەبەرئەوەیە کە ئەو بۆ خۆی ڕۆڵێکی سەرەکی و کارەکتەرێکی دیار و بەهێز دەبێ بەسەر حکومەتەوە.
لەو بارەیەوە لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، بەرپرسانی حکومی و هەروەها بەرپرسانی حەشدی شەعبیش دەڵێن (سەدر) کاریگەریەکی بەرچاوی دەبێ بەسەر پێكهێنانی کابینەی نوێ بەسەرۆکایەتی (عەللاوی)، کەوایە بێلایەنی یان سەربەخۆیی وەزیرەکان تەنها لەبەرژوەندی ئەودا دەبێ.
بەرپرسە حکومیەکە لەڕاپۆرتەکەدا بەبێ ئەوەی ناوی بهێنرێ دەڵێ، ئەگەر کابینەکە بەسەرکەوتوویی تێپەڕێ ئەوا بۆ (سەدر) باش ئیشدەکات و بەکەیفی ئەو دەبێ، ئەو لەبەرئەوەی ویستی سەربەخۆیی کاندیدەکانی هەیە چونکە ئەوان لاوازدەبن و (سەدر) دەتوانێ بەسەریانڕابگات، ئەو میلیشیا و توانای هەیە بۆ ئەوەی خەڵکی پێ بترسێنێ.
شیاوی گوتنە، (سەدر) بانگەشەی کابینەی سەربەخۆ دەکات بەڵام دانانی وەزیرەکان بەو شێوەیە کە (محمد عەللاوی) دەستی پێکردوە بەقازانجی (سەدر) تەواودەبێ چونکە ئەو پێشتر لەلایەن ئێران و گروپەکانی حەشدی شەعبیەوە بەڵێنی پاڵپشتی پێدراوە لەستراتیژیەتی کارەکان و لەقۆناغی داهاتووی عێراقدا.
سیاسیەکانی کورد و سوننە دژی ئەو شێوە پێکهێنانەی کابینەی حکومەتی نوێی عێراقین، ئەوان ترسیان هەیە کە لەو ڕێگایەوە مافە دەستووری و دەسەڵاتی پێکهاتەیی خۆیان لەدەستدەن.
لەوانەیە (سەدر) لەکورت مەودادا لەو بارودۆخە تازەیەی کە دەستی داوەتێ قازانج بکات بەڵام ئەو ڕێکەوتنەی کە بەپاڵپشتی ئێران و لەگەڵ گروپەکانی حەشدی شەعبی کردویەتی زۆر لەپاڵپشتیکەرانی لێ دەکشێنەوە، هەروەک پێشتریش لەخۆپیشاندانەکاندا بەڕوونی دیاربوە کە بەشێک لەشەقامی توڕەی شیعە لەدژی گروپەکانی حەشدی شەعبی و ئێرانن.
چارەنوسی خۆپیشاندانەکان بەرەوکوێ دەبێ هێشتا دیارنیە بەڵام لەبەغداوە (مهدی عبدولزهرا) کە خۆپیشاندەرێکی شیعەیە و لەڕاپۆرتەکەدا دەڵێ، میلیشیاکان و سەدر شۆڕشەکەیان لێ دزین.

© 2017 Hawler