کانونی دووەم 25, 2020

گرژییەکانی عێراق و ناوچەکە لەبـــــــەرژەوەندی هەستانەوەی داعشدا نییە؟

گروپی دەوڵەتی ئیسلامی داعش دڵخۆشە بەو بارودۆخەی نێوان ئەمەریکا و ئێران کە ناوجەرگەی عێراقی گرتۆتەوە، شارەزایانی بواری ئاسایش و گروپە توندڕەوەکان هۆشداریدەدەن کە هەر گرژییەک لەناوچەکەدا هەبێت دەرفەتی بەهێزتر بۆ هەستانەوەی داعش و گروپە جیهادییەکان دروستدەکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) ئەو بارگرژیانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان ئەمەریکا و عێراقدا چەند بەرەنجامێکی لێدەکەوێتەوە دیارترینیان ئەوەیە کاریگەری بەهێزی دەبێ لەسەر شەڕی تەواونەکراوی داعش لەناوچەکەدا و، خزمەت بەهەستانەوەی توندڕەوەکان دەکات.
بەهۆی کوشتنی (قاسم سولەیمانی) و، کاردانەوە موشەکیەکانی ئێران، عێراق و ناوچەکە کەوتۆتە ناسەقامگیریەوە و ڕوون نیە بارودۆخەکە بەرەو کوێ هەنگاودەنێ، وە لەو نێوەدا و بەهۆی چڕبونەوەی ئەو گرژیانەوە هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی دیکەی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعشیان ڕاگرتوە و ڕایانگەیاندوە ئێستا سەرەکیترین ئەرکیان بەرگریکردنە لەخۆیان. ئەگەرچی لەڕووی سەربازیەوە لەوانەیە ئەو تیۆریە ڕاستبێ بەڵام لەڕووی بەرپرسیاریەتی ناوچەکەوە کە داعش مەترسی تیرۆریستی لەسەر جیهان دروست دەکات زۆر سەرنج و تێبینی هەڵدەگرێ.
ئێران و میلیشیایەکانی سەر بەئێران لەناوچەکەدا هەوڵی تۆڵەکردنەوە لە ئەمەریکا دەدەن، ئەوەش هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانی خستۆتە بارودۆخێکی هەستیار و ئامادەبوون بۆ شەڕەوە، شەڕ لەگەڵ گروپە ئێرانیەکان نەک لەگەڵ داعش.
ئەو دۆخەی ناوچەکە بۆ داعش مایەی دڵخۆشیە و دەرفەتێکی زۆر باشە، ئەوان لەو ژینگەیەدا خێراتر لەدوای ئەوەی بەتوندی تێکشکێنران هەوڵی هەستانەوە دەدەن.
هەروەها ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراقیش کە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا و هێزە بیانیەکان پەسندکرا لەبەرژەوەندی گروپە توندڕەوەکاندایە، چونکە هێشتا عێراق پێویستی بەو هێزانەیە لەڕووی مەشق و ڕاهێنان و لۆجستیەوە و، ئەوان هاوکار و هەماهەنگی گرنگی عێراق بوون لەشەڕی دژی تیرۆردا، ئەو شەڕە هێشتا دوایی نەهاتوە.
ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە دواوە دەبینین لەساڵانی (٢٠١٦) و (٢٠١٧) ئۆپەراسیۆنی گەورەی سەربازی پێویست بوو بۆ کۆتایهێنان و ڕزگارکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش لەعێراق و لەسووریا، لەڕاستیدا زۆر لەجیهادیەکان کوژران یان زیندانی کران بەڵام هێشتا ڕێکخراوەکە هەر ماوە و کۆتایی نەهاتوە.
ڕێکخراوی گروپی تیرۆریستی داعش هێشتا لە عێراق و لەسووریا زیندویە و، هەر دەرفەتێک بۆیان بێتەپێش قوربانی زیاتر دەخەنەوە و، ناوچەکە بەرەو وێرانی زیاتردەبەن.
ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوە لە مەشق و ڕاهێنانی هێزە عێراقیەکان لەشەڕی دژی داعشدا، بەڵام لەدوای کوشتنی (سولەیمانی) و، گرژبونی بارودۆخی ناوچەکە ئەمەریکا مەشق و ڕاهێنانەکانی هەڵپەساردوە، هەروەها دانیمارک و ئەڵمانیش بەهەمان شێوە، بێجگە لەمەشق و ڕاهێنانەکان ئۆپەراسیۆنەکانیشیان ڕاگرتوە.
ئەو بارگرژیانە بۆ عێراق مەترسی و زیانبارن، هێزەکانی عێراقی لەسەر زەوی ڕووبەڕووی مەترسی زۆردەبنەوە لەشەڕی دژی داعشدا، ئەوان لەگەڵ ڕاوەستانی مەشق و ڕاهێنانەکانیان، هاوکات یارمەتیە لۆجستیەکانیشیان لێ ڕادەگیرێن کە پشتیان بەهاوکارییەکانی سوپای ئەمەریکا بەستوە.
ئەو بارودۆخەی ئێستای ناوچەکە کاریگەری خراپی دەبێت لەپەیوەندی و هەماهەنگی هێزە عێراقیەکان و، هاوپەیمانان، چونکە ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی کە بەهۆی بانگەوازی (علی السیستانی) گەورە مەرجەعی شیعەکان و بەپاڵپشتی ئێران دروستبوون و ڕێکخران بۆ شەڕی دژی داعش، لەساڵی (٢٠١٤) بەدواوە ئەو هێزانە و هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لەدژی یەک دوژمن دەجەنگان بەڵام ئێستا میلیشیا شیعەکان لەوە دەڕوانن بگەڕێنەوە سەر ڕیشەی خۆیان کە بریتیە لەشەڕی دژی ئەمەریکا کە لەدوای داگیرکاری عێراق لەساڵی (٢٠٠٣) وە دروستببوو.
شیاوی باسکردنە، ئەو بارودۆخەی ئێستای عێراق و ناوچەکە مەترسیدارە، بەتایبەتی لەخزمەتی گروپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دایە.
لەڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) دا (دۆمینیک ڕێب) وەزیر دەرەوەی بەریتانیا داوای هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانی کردوە و دەڵێ، ئێمە لەوە دەڕوانین گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران هێورببنەوە، دەمانەوێ دڵنیابین لەوەی کە پەیوەندی بەعێراقەوە هەیە ئەو ئاسایش و سەقامگیریە لەدەست نەدرێتەوە کە لەشەڕی دژی داعش بەدەستهاتووە.
هەروەها گوتیشی، نیگەرانین لەو بارودۆخە گرژە و ئەگەر بێتو شەڕی تەواوەتی دروست ببێ ئەوا زۆر زیانباردەبێت، وە لەو دۆخەدا تەنها تیرۆریستەکان بەتایبەتی داعش براوە دەبێ.
لەگەڵ ئەوەیدا ئەمەریکا و هاپەیمانەکانی لەعێراق چالاکیەکانی شەڕی دژی داعشیان هەڵپەساردوە، هاوکات هێزەکانی میلیشیا شیعەکانیش چاویان لەتۆڵەکردنەوە لەئەمەریکایە، بۆیە پێکەوە دەرفەتێکی گونجاویان بۆ داعش دروستکردوە هەتاوەکو خۆی ڕێکخاتەوە و، مەترسی لەسەر داگیرکردنی ناوچەکان دروستبکاتەوە.
مێژوو ئەوەی دەرخستوە کە جیهادی و گروپە توندڕەوەکان هەمیشە لەژینگەی ناسەقامگیر و پڕ ژاوەژاو و، لاوازیدا گەشەدەکەن، دیارە عێراق ئێستا کەوتۆتە وەها دەرفەتێکەوە کە مەترسی زۆری گروپە توندڕەوەکانی لەسەرە، هەڵبەتە ئەوە پێشتریش ڕوویداوە و ئێستاش دەرفەتێکی بەهێز بۆ سەرلەنوێ ڕوودانەوەی لەئارادایە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler