کانونی دووەم 25, 2020

دۆخی ناسەقامگیری عێراق کاریگەری خراپی لەسەر بواری بازرگانی و ئابووری دروستکردووە

لەکاتێکدا عێراق لەدوای شەڕی داعش بەرەو چاککردنەوە و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی بوارە جیاجیایەکانی هەنگاوی دەهاویشت دروستبوونی خۆپیشاندانەکان و چڕبونەوە و بەردەوامیان زەنگێکە لەسەر ئابووری عێراق و، دڵەڕاوکێی بۆ بازاڕ و وەبەرهێنان و بازرگانیەکانیش پەیداکردوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئەی‌بی‌سی نیوز) خۆپیشاندانەکان کاریگەریان لەسەر باری ئابووری عێراق هەیە، ئەگەرچی تائێستا کەرتی نەوت سەلامەت بوە بەڵام بەگشتی کاریگەری لەسەر کاسبکاران و، وەبەرهێنان و، بازرگانیەکان دروستکردوە.
هەندێک لەکۆگایەکانی ناوجەرگەی بەغداد توشی زیانی گەورە بوون، بەشێکیان کەلوپەلەکانیان نەماوە و، بەشێکیان ناتوانن کاڵایەکانیان بگوازنەوە و بفرۆشن.
نزیکەی سێ مانگە خۆپیشاندانەکان لەسەنتەری بەغدا درێژەیان هەیە، وە بازرگانیەکانی ئەو ناوچەیە توشی زیان بوون، هەروەها لەسەر نادڵنیایی لەدواڕۆژی عێراق بەتایبەتی لەبارۆدخی ئاسایشی ئێستادا وەبەرهێنەرانیش بەدوودڵیەوە لەوەبەرهێنانکردنی سەرمایەکانیان لەعێراق نزیک دەبنەوە.
(سەڵاح ڕەزا) باززگانێکی ناو بەغدایە و دەڵێ، ئێمە شتەکانمان کۆدەکەینەوە و بەجێی دێڵین، من کە بازرگانیەکەم بایی زیاتر لە ملیۆن و نیوێک دۆلارە نیوەی زیاتر نەماوە و ئەوەی کەماویشەوە تێکچوە ئایا کێ قەرەبووی ئەو زیانە گەورەیەم دەکاتەوە؟
ئەوە تەنها نمونەیەکە لەڕەوشی بازرگانەکانی ناو بەغدا، کە کاسبکاران بەگشتی توشی زیانی گەورەبوون، بەشێکیان ژیانی ڕۆژانەیان لەسەر ئیشکردنە و، لەو ڕەوشەدا زیاتر کەمدەرامەت بوون.
خۆپیشاندانەکانی عێراق لەبەردەوامیدان، وە شەڕ و توندوتیژیەکان لەسەر شەقامەکان و، ڕاگرتنی ئینتەرنێت و، داخستنی شەقامە سەرەکیان، کەشوهەوایەکی ناسەقامگیرن لەسەر ئابووری عێراق و، ئەو نائارامیانە ئابووری وڵاتەکە و کەرتی تایبەتیان بەرەو دواوە گێڕاوەتەوە، وە بازرگانیەکان ڕووبەڕووی زیان و بێ بازاڕی بوون و، وەبەرهێنەران پارەکانیان لەدوودڵی و نائارامی ناوچەکەدا ناخەنە مەترسیەوە.
هەتا ئێستا نائارامیەکانی عێراق بەتوندی کاریگەریان لەسەر کەرتی نەوت نەبوە کە شادەماری ئابووری عێراقە و مانگانە نزیکەی (٦ بۆ ٧ ملیار دۆلار) دەهێنێتە نێو خەزێنەی وڵاتەوە. بەپێی دوو بەرپرسی سێکتەری نەوت هەتا ئێستا هەناردەکردنی نەوت توشی ئاستەنگ و وەستان بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە نەبوە و ئاستی بەرهەمهێنان بەگرتنی ڕێگای سەر کێڵگە نەوتیەکانی باشووری عێراق زیانی بەرنەکەوتوە.
بەڵام دواڕۆژی وەبەرهێنان لەعێراق کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، لەو بارەیەوە (زئاب سێزنا) کە یەکێکە لەهاو دامەزرێنەرانی هاوبەشی نۆرسرن گەڵف دەڵێ، وەبەرهێنەرە دەرەکیەکان لەمامەڵەکانیان لەکەرتی وزە و کەرتەکانی دیکە کشاونەتەوە و زەنگی وریاکردنەوەیان بەرگوێ کەوتوە بەتایبەتی بەهۆی کاریگەرییەکانی ئێران لەسەر عێراق، هەروەها بەهۆی تێکچونی ئاسایش بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە.
بەشێکی وەبەرهێنەران نیگەرانیان هەیە کە ئێران دەسەلاتی بەسەر عێراقدا گرتوە و بەهۆی کێشەکانی ئێران لەگەڵ ئەمەریکاش نایانەوێ پارەکانیان بخەنە مەترسیەوە لەناو عێراقدا.
هەروەها وەبەرهێنەران نیگەرانن لەو ڕەوشەی ئێستای عێراق بەتایبەتی لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆکوەزیرانی عێراق و، گفتوگۆیەکان و پرۆسەی دانانی سەرۆکوەزیرانی نوێش زۆر بەهێواشی بەڕێوەدەچن، وە خاوی قۆناغی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی ترسێکی دیکەیە و کاریگەری لەسەر بواری بازرگانی و ئابووری عێراق پەیداکردوە.
بەشێکی بەرپرسان لەڕابردوودا هاوبەشی وەبەرهێنانیان لەگەڵ کۆمپانیایەکاندا دروستکردوە و، وە ئەگەر ڕێکارەکانی چاکسازی بچنە جێبەجێکردنەوە هەندێک لەو بەڕێوەبەرە گشتی و بەرپرسانە کە تەمەنیان لەسەرووی شەست ساڵیەوەیە خانەنشین دەکرێن ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی بازرگانی لەسەر کۆمپانیاکان ئەوانەی بازرگانیەکانیان لەگەڵ بەرپرساندا هەیە هێناوەتەپێش.
هەڵبەتە خۆپیشاندانەکان بەشێکی لەسەر گەندەڵی ئیداری و سیاسین و، لەسەر شێوەی حوکمی بیورۆکراتین، بیرۆکراسی و، نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتیەکان بۆ ماوەیەکی درێژە پرسی دڵی ناو عێراقیەکانن و کاریگەرییشیان لەسەر خراپی وەبەرهێنان لەناو عێراقدا هەبوە.
دوو بەرپرسی بواری پیشەسازی کە لەگەرمەی گفتوگۆیەکانیاندا بوون بۆ کۆنتراکتی بواری وزە، مامەڵەکانیان ڕاگرتوون هەتاوەکو ئەو تۆزە لادەچێ و ئارامی دەگەڕێتەوە، هەردووکیان کە نەیانویستوە ناوەکانیان ئاشکرابێ دەڵێن هیچ دواڕۆژێك دیارنیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆیەکانیان لەگەڵ عێراق.
لەڕاستیدا هیچ داتایەک لەبەردەستدا نیە لەبارەی زیانەکانی ئابووری بەهۆی ئەو ڕەوشە ناسەقامگیریەی لەڕێی خۆپیشاندانەکانەوە دروستبون، بەڵام جەنەڕاڵ (عبدولکریم خلف) گوتەبێژی سەربازی سەرۆکوەزیران گوتی، خۆپیشاندانەکان لەماوەی مەودای مانگێکدا زیانی (٦ ملیار دۆلار) یان بەعێراق گەیاندوە، وە بەپێی ڕاپۆرتێکی (ئەسۆشیەتد‌پرێس) ئەو ژمارەیە پەیوەندی بەکەمبونەوەی داهاتی نەوتەوە نیە، بەڵکو بەهۆی نائارامی و خۆپیشاندانەکانەوەیە.
کەرتی تایبەت کە پایەیەکی گرنگی ئابووریە ئەویش بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئێستای عێراقەوە کاریگەری گەورەی پاشەکشێکردنی لەسەر دروستبوە، وە بانکی نێودەوڵەتی لەبارەی گرنگی سێکتەری تایبەتەوە دەڵێ، گەشەپێدانەوەی ئەو سێکتەرە کلیلێکی سەرەکیە بۆ بەربڵاوکردن و فراوانکردنی ئابووری عێراق لەپشتبەستن بەنەوتەوە بۆ ئابووری فرەچەشن و هەروەها دروستکردن زیادکردنی دەرفەتەکانی کارکردن.
بەشێکی لاوازی کەرتی تایبەت بەهۆی ڕێکارە یاساییەکانی بواری بازرگانیەوەن، کە زۆر خەڵک لەناوخۆی عێراقیش ناوێرن خۆی لێدەن بەهۆی خراپی یاسایەکانی بازرگانی و تێچوی دەستپێکردنەوەن، سەرەنجام بەو هۆیەوە لایەنێکیگەورەی ئەو سێکتەرە بەنافەرمی و، بەشێوەیەکی سنورداری کاردەکەن و دواجار بەئاسانی دەکەون.
شیاوی باسکردنە، ڕەوشی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و، هێواشی پرۆسەی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران و حکومەتێکی نوێ کاریگەری گەورەی هەبوە لەسەر بەرەودواوە گێڕانەوەی کەرتی بازرگانی و ئابووری لەعێراقدا.
کاسبکارانی بازاڕی شۆڕیجەی بەغدا بەڕاپۆرتەکەیان ڕاگەیاندوە لەوەتەی خۆپیشاندانەکان لەمانگی ئۆکتۆبەرەوە دەستیان پێکردوە فرۆش و داهاتیان دابەزیوە و، بەشێکی بەهۆی ئەوەیە خەڵکی کەمتر شت دەکڕن، بەڵام لایەنێکی دیکەی بەهۆی ئەو پشێویانەی خۆپیشاندانەکانی شەقامی رەشیدەوەن کە زۆربەی کۆگا گەورەکان کەوتونەتە ئەوێوە.
دوکاندارەکان کە بژێویان لەسەر فرۆشی ڕۆژانەیە بەشێکیان بۆ ماوەی زیاتر لەمانگێکە داخراون و ئاستەنگی ژیانیان بۆ هاتۆتەپێش.
کاردانەوەکانی حکومەت و بڕینی ئینتەرنێتیش کاریگەری لەسەر بازاڕ و بازرگانیەکان هەبوە بەتایبەتی ئەوانەی کە سیستەمی بازاڕی ئۆنلاین بەکاردێنن چ لەناوخۆ یان لەگەڵ دەرەوەی وڵاتدا، دیارە ئەگەرچی ئینتەرنێت کەوتۆتەوە ئیشکردن بەڵام خەڵکی بەهۆی دوودڵی لەو ڕەوشەی ئێستای عێراق دەترسن و دەیانەوێ پارەکانیان خەرج نەکەن.
بەگشتی ڕەوشی ناسەقامگیری عێراق کاریگەری خراپی لەسەر دواڕۆژی گەشەکردنی ئابووری و بازرگانی دروستکردوە و، نەبوونی ئاسۆی دەربازبوون لەو بارودۆخە و گێڕانەوەی بەهێزی و ئاسایش بۆ وڵاتەکە وەبەرهێنەرە دەرکیەکانیشی دوورەپەرێزکردوە لەخستنەگەڕی سەرمایەکانیان لەناو پرۆژەکانی عێراقدا.

 

و/ خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler