ئەیلول 20, 2020

ئەفسانەی شەڕی شیعە سوننە لەپشت قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر لەئێرانەوە هەتا لوبنان بەشەپۆلی خۆپیشاندانەکاندا تێدەپەڕێت، دیارە خۆپیشاندانەکان بەهۆی زۆر فاکتەرەوە دروستبون و تەشەنەیان کردوە.

یەک لەپرسەکانی شەقامی خۆپیشاندانەکان کە لەبەرەی پێشەوەی خۆپیشاندانەکاندا نەبوە بریتیە لە دابەشبویی نێوان شیعە و سوننەکان لەناوچەکەدا، لەکاتێکدا لەماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بارستایی خستۆتە سەر ململانێیەکان و ئاڵۆزی ناوچەکە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (زە هیڵ) شەڕەکانی سی ساڵی ڕابردووی ناوچەکە ناوچەکەی بەسەر چەند بلۆکی ئاینی و سێکتەری و سیاسیدا دابەشکردوە، وە زۆر جار ئەو بلۆکە جیاوازانە لەگەڵ ئەوەیشدا کە دژی یەکتری بوون بەڵام پێکەوە لەدژی دوژمنە هاوبەشەکانیان شەڕیان کردوە.
بڵاوبونەوەیبەڵگەنامە و دۆکیومێنتەکانی هەواڵگری لەبارەی دەستهەبوونی ئێران بەسەر ناوچەکەوە کە نزیکەی (٧٠٠) پەڕە بوو ئەوەی دەرخستوە کە چۆن گروپە سیاسی و ئاینیەکانی شیعە و سووننەکان لەکاتێکدا نەیاری یەکتریش بوون بەڵام لەدژی دوژمنە هاوبەشەکانیان زۆرجار کاری پێکەوەیشیان کردوە.
بۆ نمونە لەدۆکیومێنتەکاندا هاتوە، بەرپرسانی سوپای پاسداران و ئیخوان موسلمین پێکەوە کۆبونەوە لەکاتێکدا سوپای پاسداران یەکێکە لەهێزە هەرە باڵایەکانی شیعە و خاوەن دەوڵەتنی خۆیانن، بەڵام ئیخوان موسلمین هێزێکی ئاینی سوننی کاریگەرن لەجیهاندا و بەربڵاون و بەڵام بێ دەوڵەتن.
بەپێی دۆکیومێنتە بڵاوکراوەکانی (ئینتەرسێپت) لەسەر باڵادەستی ئێران بەسەر ناوچەکەدا، سوپای پاسداران و ئیخوان موسلمین لەساڵی (٢٠١٤) ەدا لەتورکیا کۆبونەتەوە بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتێکی هاوبەشی پێکەوە کارکردن چونکە وایان دەرککردوە هەردووکیان دوژمنی هاوبەشیان لەناوچەکەدا هەیە دەکرێ بەدوو دەست ڕووبەڕووی ببنەوە و لەنێویاندا عەرەبستان و، ڕژێمی (عەبدولفتاح السیسی) میسر و ئیسرائیل، هەروەها لەڕۆژئاواش نەیاری هاوبەشیان هەن لەوانە ئەمەریکا.
زیاتر لەدەیەیەک پێش ئێستا عێراق لەنێو کوشتارگەی چەکدارە یاخیبوەکانی سەر بەالقاعیدە میلیشیا شیعەکاندا کەوتبوە ململانێ و شەڕەوە کە چەکدارە یاخیبوەکان سوننی بوون، هەڵبەتە دابەشبوویی نێوان شیعە و سوننەکان مێژوویەکی دوروبەردرێژی هەیە و گەورەترین و کۆنترین ناکۆکیان هەیە لەمێژووی ئیسلامدا.
بەڵام ئایا ئەوە ناکۆکیە سێکتەریەکانن کەباڵیان بەسەر ململانێیەکاندا کێشاوە کە دەوڵەتە سوننیەکان شەڕی دەوڵەتە شیعیەکان بکەن و بەپێچەوانەوە؟ یان ململانێ تازەکان لەشکستی خودی دەوڵەتەکانەوە دروستبوون بەهۆی بلۆکە سیاسیەکان و، قەومیەکان و، هێزە نەیارەکانی ناوچەکەوە؟ دەکرێ هەردوولایان کاریگەری و هەژمونیان هەبێ.
لەمێژووی نزیکدا هەستی تۆڵەکردنەوە بەدی دەکرا بەتایبەتی لەقوڵبونەوەی کێشە سێکتەریان لەماوەی ڕابردودا لەعێراقدا و بەهۆی باڵادەستی شیعە و سوننەوە. لەدوای ڕووخانی ڕژێمی عێراق شیعە لەعێرادا باڵادەستبوو و، سوننە وەلانرابوو، ئەوەبوو ناکۆکیەکان فراوانتربوون و، گروپە توندڕەوەکان سەریانهەڵدا و لەنمونەی ئەو شەڕانەی نێوان شیعە سوننە خوێنڕێژی داعش بوو لەبنکەی سەربازی سپایکەر کە دەکرێ نوێنەرایەتی خراپترینی سوننە توندڕەوەکانی کردبێت.
ئەگەرچی هێزەکان باککگراوندی مەزهەبگەراییان لەناوچەکەدا هەیە بەڵام ئەو هاوکێشەیە ئەوەندە کاریگەر نەبوە و ئەوە بەرژوەندی و دوژمنە هاوبەشەکانیانن کەزیاتر زاڵبون بەسەر ستراتیژیەتی کارکردنیانەوە، وە ئەو چەمکە بەسەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تەواو دیارە.
بۆ نمونە تاڵیبان لەدژی شیعەی ئەفغانستان بوو بەڵام لەو ماوەیەدا لەگەڵ ئێرانیش کۆبۆتەوە و هەستی کارکردنی پێکوەیان پێکەوە هەیە. وە تورکیا و قەتەر هاوپەیمانن، وە هەردووکیان کار لەگەڵ ئێراندا دەکەن لەدژی عەرەبستان و ئیماڕاتی عەرەبی. تورکیا لەگەڵ حەماسدا بەینی خۆشە چونکە ئاک پارتی دەسەڵاتداری ئێستای تورکیا و حەماس هەردووکیان ئیخوان موسلمین بەهێزێکی باش دەبینن. ئێران یارمەتی دارایی بۆ حەماسی غەززە دابیندەکات، وە دەگوترێ ئەو شەڕە تازەیەی نێوان ئیسرائیل و چەکدارەکانی ئیسلام جیهادی فەلەستینیشی پەیوەندی بەپشتگیری ئێرانەوە هەبوە، کەواتە وێڕای جیاوازی مەزهەبیان بەڵام لەدژی نەیارەکانیاندا پێکەوە کاردەکەن.
لەساڵانی زوودا دابەشبونەکان چەند جۆربوون بۆ نمونە ململانێیەکانی فەلەستین و ئیسرائیل هەبوو، وە وڵاتانی عەرەبی دابەشببون بەسەر دۆستایەتیکردنی یەکیەتی سۆڤیەت یان بەرەی ئەمەریکادا، بەڵام ئێستا قسەکردنەکان لەسەر دابەشبونەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن بەسەر هۆز و گروپە سیاسیەکاندا و، ئنجاو دواتر بەسەر دابەشبونی شیعە و سوننەکاندا. لەڕاستیدا هەموو ئەو شتانەی ئێستای ئەو ناوچەیە وەکو چینەکانی کێکێکە و هەریەکە لە هۆز و، تیرە و، ئایین و، دەسەڵاتی پاشایەتی و، نەتەوەیی و، ناسنامەی ئایینی ڕۆڵیان لەدروستکردنیداهەیە.
لەهەندێک حاڵەتدا لەوانەیە ناسنامەی شیعەبوون هەوەڵ بێت وەکو سەرهەڵدان و ڕووبەڕووبونەوەکانی داعش، وە لەهەندێ کاتی دیکەدا پەیوەندییە باشەکان لەوانەیە تێگەیشتنی زیاتر لەو بارەوە بدەنە دەستەوە.
تورکیا و ئێران کە سەردەمانێک لەزەمانی عوسمانیەکان و ئیمپایەری فارسیدا دوژمن بوون ئێستا پێکەوە لەسەر هەندێک پرسی هاوبەش کاردەکەن چونکە هەردووکیان لەڕووبەڕووبونەوەدان لەدژی عەرەبستان، بۆیە زۆرجار بۆ ئەو گۆڕان و هاوپەیمانیەتیانە لەسەر بنچەی ئاینیەوە سەرکەوتوو نابن.
ئێران دەسەڵاتێکی بەرفراوانی لەناوچەکەدا بەهۆی هێڵەکانی نێوان سوپای پاسداران و گروپە شیعیەکانی ناوچەکەوە دروستکردوە و دەسەڵاتی شیعە لەئێرانەوە هەتا لوبنان درێژبۆتەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا ئێران دەیەوێت لەگەڵ هەندێک وڵاتی دیکەشدا کاربکات بەبێ گوێدانە ناسنامەی ئایینی.
ئەوەش بەمانای ئەوەدێت کەوا گروپی ئیسلامی سیاسی لەوانە سوپای پاسداران و، ئیخوان موسلمین دەتوانن ڕێگایەکی هاوبەش بۆخۆیان بدۆزنەوە بۆ کارکردنی پێکەوەیی لەدژی دوژمنە هاوبەشەکانیان.
ئەو ستراتیژیەتەی ئێستای ناوچەکە، کاریگەری لەسەر قوڵبونەوەی قەیرانەکان و شۆڕبونەوەیان بۆ خواری خوارەوە هەیە و، بەردەوامی بەشەڕ و ململانێیەکانی ناوچەکە لەفۆرمێکی نوێدا دەدات و ڕەوشی ناوچەکە بەناسەقامگیری دەهێڵێتەوە.
زۆرینەی موسڵمانەکانی جیهان سوننە مەزهەبن و ژمارەیان بەزیاتر لە ملیار و نیوێک مەزەندە دەکرێ، وە شیعەکان بەنزیکەیی (١٠%)ن لەکۆی ژمارەی مسڵمانی جیهاندا وە بەپێی ڕاپۆرتە نیودەولەتیەکان ژمارەیان لەنێوان (١٥٤ ملیۆن بۆ ٢٠٠ ملیۆن) کەسدایە.
شیعە و سوننە لەکۆنەوە ڕۆڵیان هەبوە لەسەر قەیرانەکانی ناوچەکەدا و، هەرکاتێک لەو وڵاتانەی کە هەردوو پێکهاتەکەی لەخۆگرتوە ئەوەی کە باڵا دەستبوە سێکتەرەکەی بەرانبەری خستۆتە هەژاری و، جیاکاری و، سەرکوتکردنەوە.
ئەگەرچی بەرژوەندییە سیاسیەکان لەدژی دوژمنە هاوبەشەکان زیاتر دابەشبویی بەلای خۆیدا کێشکردوە بەڵام هێشتاش ململانێ و قەیرانەکانی ناوچەکە تۆنی سێکتەری بەسەریاندا زاڵە، ئەوەش بەڕوونی لەڕابردوودا لەشەر و قەیرانەکانی سووریا و، عێراق و، یەمەن و، لوبناندا ڕەنگدانەوەی هەبوە و ئێستاش هەیەتی.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler