حوزەیران 01, 2020

حەشدی شەعبی ئەو هێزەی عێراقی بەرەو هەڵدێر بردووە

حەشدی شەعبی ئەو هێزەی لە دوای سەرهەڵدانی داعش لە عێراق دامەزرێنرا لە لایەن حزب و لایەنە شیعەکانی عێراق پێشوازی لێ کرا لە کاتێکدا هەر ئەوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی لە دروستبوونی هێزەکە راگەیاندبوو. ئەوکات کە عێراقییەکان گوێیان بە نیگەرانیی کورد نەدا لەوانەیە ئێستا لەوە تێگەیشتبن دامەزراندنی حەشد نەک هیچ سوودێکی بۆ عێراق نەبووە بگرە هۆکارێکی سەرەکییە لەو قەیرانە ئەمنی و سەربازی و سیاسییەی تووشی عێراق بووە.

حەشدی شەعبی کە لە سەرەتا دامەزرێنرا خۆی ئاوێتەی هەندێک دروشمی مەزهەبی شیعە کرد و بە سوود وەرگرتن لەو ناتەبایی و ناکۆکییەی لە نێوان شیعە و سوننە و تەنانەت ئاڵۆزیی پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بە ئامانجی رووبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەستی بە چالاکی کردبوو. ئەم هێزە سەرەتا بەرانبەر داعش هەندێک سەرکەوتنی بەدەست هێنا و بەهۆی ئەوەش کە لە لایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق بە فەرمی ناسێنرا مووچە و بودجەی تایبەتیشی بۆ بڕایەوە و لە جیاتی ئەوەی کەم و کورتییەکانی سوپای عێراق چارەسەر بکرێت، سوپای وڵات پشتگوێ خرا و بودجە و چەکی قورس و تەنانەت هەندێکی چەکی پێشکەوتووی ئەمەریکیش پێشکەش بەو هێزە کرا کە لە دەیان گرووپ پێک دەهات و هەر گرووپە و لە لایەن هیز و حزبێکەوە پاڵپشتی دەکرا و هیچ تایبەتمەندییەکی هێزێکی تۆکمەی سەربازی سەردەمیانەی تێدا بەدی نەدەکرا.
دواتر دەرچوو کە ئەم هیزە ئەوەندەی لە بیری بەرژەوەندی هەندێک وڵاتی دەرەکی دایە بیر لە بەرژەوەندیییەکانی عێراق ناکاتەوە و تەنانەت فەرمان لە بەغدا وەرناگرێت و لە لایەن هیزێکی ترەوە ئاراستە دەکرێت.
ئەگەرچی هەرێمی کوردستان هەر زوو لەگەڵ دامەزراندنی ئەم هێزە نەبوو و بە میلیشیا ناوی دەبرد بەڵام دواتر رووی راستەقینەی بۆ کورد و عێراقییەکانیش ئاشکرا بوو. ئەوان پێش رووداوی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 لە خورماتوو و جەلەولا هەوڵیان دا شەڕ بە کورد بفرۆشن و بۆ ماوەیەکی کورتیش جەنگ هەڵگیرسا بەڵام دواتر جەنگەکە وەستێنرا، لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر ئەو میلیشیایانە بە جۆرێک پەلاماری کوردیان دا کە هێرشەکانی سەردەمی رژێمی بەعسیان بیر کورد هێنایەوە و هەوڵیان دا پێوەندییە مێژووییەکانی نێوان کورد و شیعەش بە تەواوی تێک بدەن.
گرووپە جیاجیاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک و خورماتوو و گوڵاڵە و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەستیان بە تەعریب و کۆمەڵکوژی و رفاندن و کوشتنی خەڵک کرد و چەکی قورسی ئەمەریکییان بەرانبەر بە کورد بەکار هێنا. بە هەزارن هاووڵاتی کورد هێشتا لە ترسی ئەو میلیشیایانە نەیانتوانیوە بۆ ماڵەکانیان بگەرێنەوە.
دواتر کە داعش کۆتایی پێهات هەوڵیان دا لە ژێر کاریگەری دروشمی شیعەگەری پەرلەمان و دەنگی خەڵکیش کۆنترۆڵ بکەن و سەرجەم جومگەکانی دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. نەمانی حەیدەر عەبادی و هاتنە سەرکاری کەسێکی میانرەوی وەک عادل عەبدولمەهدی تارادەیەک پێشی بە هەژموونی زیاتری حەشد گرت هەر چەندە هەوڵەکان سنووردار بوون و سەرکەوتوو نەبوون.
خەڵکی شیعە کە پێشتر بە لاڕێدا بردرابوون و چەپڵەیان بۆ هەندێک سەرکەوتنی حەشد لێدابو ئەمجارە بە خۆ هاتنەوە و زانیان ئەوەی لە عێراق روو دەدات لە سەر حسابی خەڵکی عێراق و لە قازانجی وڵاتێکی دەرەکیدایە و بۆیەش هەر زوو لە چوارچیوەی خۆپێیشاندان نارەزایەتی خۆیان دەربڕی و بڕیاریان دا کۆتایی بە گەندەڵی و بە تاڵانبردنی سامانی وڵات و دەستێوەردانی وڵاتان بێنن.
میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەر زوو دەستیان بە سەرکوتکردنی خەڵک کرد و بێ بەزەییانە تەقەیان لە گەنجانی عێراق کرد و بە دەیان کەسیان لی کوشتن. ئەمە هێندەی تر خەڵکی خۆپێشاندەری توورە کرد وهەر بۆیەش سوور بوون لەسەر ئەوەی درێژە بە خۆپێشاندانەکانیان بدەن و داوای چاکسازی بنەرەتی بکەن و داوای کورتکردنەوەی دەستی وڵاتانی بێگانە لە عێراق بکەن.
لەوەتەی سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە خۆپێشاندانەکان لە عێراق دەستیان پێ کردووە سەرووی 430 کەس لە خۆپیشاندەران گیانیان لە دەست داوە و بە هەزارانی تر بریندار بوون. هەر هەینی رابردوو بوو کە گرووپێکی نەناسراو کە دەگوترێ ئەوانیش لە حەشدی شەعبی بوون لە مەیدانی تەحریری بەغدا بە پیکاب و بی کەیسی هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و 20 کەسیان کوشت و بە دەیانی تریان بریندار کرد.
عادل عەبدولمەهدی دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆک وەزیران خۆی دانی بەوەنا کە دەسەڵاتی نەبووە و عێراق پێویستی بە کەسێک هەیە دەسەڵاتی هەبێت. لێرە دەردەکەوێت کە حکوومەتی عێراق تەنانەت ئاگای لەوە نەبووە چ فەرماندەیەکی تەقەی لە خەڵک کردووە و ئەوانەی تەقەکەرن لە لایەن چ کەسانێکەوە داڵدە دەدرێن و لەوانەیە ئەگەر بیشیزانی دەسەڵاتی ئەوەی نەبووبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات.
دواجار ئەمەریکا هاتووەتە سەر خەت و بە بەڵگە وێڕای ئاشکراکردنی ئەوانەی لە پشتی کوشتنی خەڵکن ژمارەیەک فەرماندە و کەسی ناسراوی خستووەتە لیستی سزاکانی خۆیەوە.
رۆژی هەینی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا جگە لە بازرگانێک، سێ فەرماندەی حەشدی خستە نیو لیستی سزاکانی خۆیەوە کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و دەستیان لە گەندەڵی و کوشتنی خەڵکدا هەبووە. قەیس خەزعەلی فەرماندەی گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق و براکەی لەیس خەزعەلی و حسێن ئەللامی ناسراو بە ئەبوزێنەب فەرماندەی لقی ئەمنی حەشدی شەعبی لە ناو لیستەکەدان.
لە لایەکی ترەوە دێڤدشانکەر جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ تەلەڤزیۆنی "حەدەس" ئاماژەی بەوە کرد سزادانی ئەم چوار کەسە پەیامێکە بۆ حکوومەتی عێراق و ئێران و وێڕای رەتکردنەوەی ئەوەی ئەمەریکا رۆڵی هەبێت لە دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، نیگەرانی خۆیشی لەوە دەربڕی کە قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هەر ئێستا لە بەغدایە و دەیەوێت کەسێک بۆ ئەم پۆستە دەستنیشان بکات.
ئەو روونی کردەوە لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە گەشتی قاسم سلێمانی قەدەغە کراوە و بەڵام ئەمەریکا ناتوانێت دەستگیری بکات و ئەرکی حکوومەتی عێراقە قاسم سلێمانی بگرێت. بەرپرسە ئەمەریکییەکە گوتیشی بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئاگرتێبەردانی کونسوڵخانەی وڵاتان لە عێراق نییە و دژی ئەوەشە لە نەجەف بەرانبەر بە ئێران کرا بەڵام گوتی هۆکارەکەش لەوە سەرچاوە دەگرێ خەڵکی عێراق لە سیاسەتەکانی ئێران بەزاڵە هاتوون.

 

سلێمان تاشان ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler