کانونی یەکەم 07, 2019

چۆن خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڕەشە لەسەر کۆنتڕۆڵە هەرێمیەکانی دەکەن؟

ئێران توشی خۆپیشاندان و دژایەتیکردن بۆتەوە و ، هاووڵاتیەکانی بێ ئارامیان لەسەر هەڵسوکەوت و شێوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و بڕینی ئینتەرنێت و ئازارەکانیان وردە وردە زیاددەبێ، بەڵام خۆپیشاندەران تەنها لە تاران و شارەکانی ئێران نا بەڵکو لە بەغدا و شارەکانی شیعەنیشین و هەروەها لەبەیروتیش هوتافی دژی دەسەڵاتی ئێرانیان بەرزکردۆتەوە کە دەشێ ئەوە هەڕەشە و کێشەیەکی جیدیبێ بۆ پاشەکشێ کردنی دەسەڵات و هەژمونی ئێران لەناوچەکەدا، کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پێکیەوەناوە.

لەڕاپۆرتێکی (ئێکسپرێس) دا هاتوە، لەگەڵ دروستبونی ئاڵۆزییەکانی سووریا ئێران خۆی گەیاندە ئەوێ و وەکو فریادڕەسی حکومەتی سووریا دەرکەوت، هەروەها تازەش کاتێ (ڤلادیمێر پۆتین) سەرۆکی ڕووسیا خۆی وەکو نیوەندگیرێک هاویشتە نێو کێشە هەرێمیەکانەوە لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بەبڕیاری (دۆناڵد ترەمپ) لەسووریا، دیسان ئێران وەکو هاندەرێک هاتەوەپێش.
ئێران و ڕووسیا هەردووکیان لەبارودۆخی سووریا قازانجیان کردوە، وە تاران کاریگەرە هەرێمیەکانی بەهۆی سووریا فراوانتربوون و سووریا بوو بە کلیلی دەروازەی تێپەڕینی دەسەڵاتی ئێران لەتارانەوە هەتا بەیروت و لەو ڕێگایەوە چەک و پێداویستیەکانی دیکەی سەربازی بۆ هاوپەیمانە سیاسیەکانی لەناوچەکدا دەگوازێتەوە و، کاریگەری لەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا دروستکردوە.
بەڵام ڕەوشێکی تازە لەناوچەکەدا دروستبوە و ئێرانی توشی کێشە کردوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەو خۆپیشاندانانەی تازەی ناوچەکە لە عێراق و لە لوبنان، هەروەها لەناوخۆی ئێرانیش تەحەددایەکی گەورەن بۆ دەسەڵاتی (حەسن ڕوحانی) لەئێران.
ئێران لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا لەگەڵ ئەو وڵاتانەی شیعەیان تێدایە خۆی زۆر نزیککردۆتەوە و، لەهەماهەنگیکردن لەگەڵیاندا سودمەندبوە، یەکێک لەو وڵاتانەش وڵاتی عێراقە.
لەدوای ساڵی (٢٠٠٣) ەوە و ڕوخانی ڕژێمی بەعس، ئێران دەرفەتی لەبەردەمدا کارایەوە و هەژمونی خۆی لەناو عێراقدا پەرەپێداوە و، دەستێوەردانەکانی کاریگەری گەورەیان هەبوە تاکو ئێرە بەقازانجی خۆی بەڵام ئێستا بارودۆخێکی دیکە دروستبوە ئەویش پڕبوونی هاووڵاتیانی ناوچەکەیە لەتوڕەیی و لانائارامی لەدژی دەسەڵات و کاریگەرییەکانی ئێران لەناوچەکەدا کە بەسەر حکومەتەکانی ناوچەکەدا باڵی کێشاوە.
هاوشێوەی ئێران، لەعێراقیش ماوەیەکە خۆپیشاندان لەدژی حکومەت لەسەر باری خراپی ژیانی هاوڵاتیان، لەسەر گەندەڵی کەڵەکەبووی ڕابردوو و، دەستێوەردانی ئێران دەستیان پێکردوە.
لەئازارەکانی هاوڵاتیان کەموکورتی خزمەتگوزارییەکان و، کارەبا و، ئاوو و، بێکاری و نەبوونی هیوان، عێراقیەکان لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس چاویان لەدەسەڵاتداریەتێکی باشتر بوو بەڵام عێراق کەوتە شەڕی سێکتەری و، گەندەڵی ئیداری و سیاسیەوە، هەروەها خەڵکی وایدەبینن لەکاریگەرەکانی ئێران بەسەر عێراقدا زەرەرمەندبوون.
حکومەتەکان لەبەغدا و، لە تاران بەهێز خۆپیشاندانەکان دادەمرکێننەوە و هەوڵی گێڕانەوەی سەقامگیری دەدەن بەڵام لەو ڕێگایەوە توڕەییەکان زیاتر ئاڕاستەی حکومەتەکانیان دەکەن و، ئەو هەوڵانەی ئێرانیش بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لەعێراق و لەئێران توڕەییەکانی لەدژی ئێران زیادکردوە و ئەوەش لەشاڵاوی خۆپیشاندەران بۆ سەر بارەگا و باڵەخانەکانی سەر بە گروپەکانی ئێران و، کونسوڵیەتەکانی بەڕوونی دەردەکەوێ.
بەهەمان شێوەی عێراق، لە لوبنانیش ماوەیەکە خۆپیشاندانی تێدا دروستبوون بەهۆکاری هاوشێوەوە لەدژی حکومەتەکەیان، خۆپیشاندەران توڕەییەکانیان دەردەبڕن کە بۆ چی حکومەتەکەیان نەیتوانیوە چارەسەری کێشە ئابوورییەکانی خۆی بکات.
لەناوچەکەدا بەهۆی سیاسەتی دەرەوەی، ئێران دەسەڵاتە هەرێمیەکانی بەرەو بچوکبونەوە دەچن لەهەردوو وڵاتی عێراق و لوبناندا کە ساڵانێکە ئێران کاریان لەسەر دەکات و، هەماهەنگی نزیکی لەگەڵدا هەبوون، کاریگەری گەورەی لەسەر بلۆکی سیاسی عێراق و، هەروەها حیزبوڵلای بەیروتیش هەیە.
سزایەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران کاریگەرییان گەورەیان لەسەر ئەو ڕەوشەی ئێستای ناوچەکە هەیە، بەپێی ڕاپۆرتەکە لەدوای کشانەوەی ئەمەریکا لەڕێکەوتنی ئەتۆمی و، گێرانەوەی سزایەکان بۆ سەر ئێران ئەو وڵاتە توشی کێشەی دارایی و ئابووری بۆتەوە کە بەزەحمەت دەرەقەتی ئەو ڕەوشەی ئێستا دێت، بەهۆی خراپی باری ئابووریەوە خەڵکی لەناوچەکەدا لەدژی ئێران هەستاون.
لەئەنجامی ئەوەدا هێزی حکوومەتی ئێران لەمانەوەی لەسەر کاریگەرە دەرەکیەکانی دەکەوێتە هەڕەشەیەکی جیدیەوە، وە سوپای پاسدارانیش بەهۆی بەرفراوانبونی توڕەییەکانەوە کۆنتڕۆڵی لەدەست دەدات.
لەوانەیە ئێران لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا لەجیۆپۆلیتیکی ناوچەکەدا قازانجی کردبێت  و تێیدا گەشەی کردبێت بەڵام وادەردەکەوێ ئەو دەروازەیەی کەدەسەڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لێ پەیداکردبوو بەرەو گرژبوون و، تەسکبونەوە بچێت.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler