کانونی یەکەم 07, 2019

"داعشە زیندانیەکان کێشەن بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان"

لەناو بارودۆخی ئاڵۆزی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا چارەنوسی یەکلاییکردنەوە چەکدارە زیندانیە داعشەکان و کەسوکارەکانیان لەزیندانەکاندا مەترسین لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و هەروەها جیهان.

وەکو فیلمێکی سینەمایی کاتێک بینیوتە و کۆتاییەکەی دەزانی، ئێستا مێژوو لەگۆشەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ترسی خۆدووبارەکردنەوەی هەیە، بۆیە پێویستە وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێکەوە هەماهەنگی بکەن و دۆخەکە بەهەند وەرگرن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) وڵاتانی ئەوروپا لەبەردەم مەترسی گەڕانەوەی چەکدارە داعشەکانیاندان، ئەوانەی لەزیندانەکانی سووریادا زیندانی کراون، بارودۆخی شەڕی ناوچەکە ترس دروستدەکات لەشکاندنی زیندانەکان، یان دەرفەت وەرگرتن لەئاڵۆزی ناوچەکە و نیگادان بەتۆڕەکانیان.
هێرشی سەربازی تورکیا و چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەستی هەسەدە کاریگەری دروستدەکات لەسەر پاراستنی زیندانەکان، بەپێی شارەزایانی نێودەوڵەتی بواری ئاسایش چەکدارە داعشە زیندانیەکان لەدەرفەتدان بۆ تۆڵەکردنەوە هەم لەوانەی دەستگیریان کردوون، وە لە وڵاتانی ڕۆژئاواش.

ئەوروپا کەمتەرخەم بوە:
کێشەی یەکلاییکردنەوەی زیندانیە داعشەکان و بەتایبەتی ئەوانەی کەهەڵگری ناسنامەی ئەوروپایین کێشەیەکی گەورەی وڵاتانی ئەوروپابوە، بەشێکی چارەسەرنەبوونی ئەو پرسە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی نادیار و، خەمساردی وڵاتانی ئەوروپا لەوەرگرتنەوەیان، یان لەهەوڵدان بۆ دادگاییکردنیان لەوڵاتێک لەوڵاتانی ناوچەکە.
لەدوای ڕووخانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و دوا وێستگەی خەلافەتەکەیان لەباغۆزی سووریا کە لەمانگی ئازاری ئەو ساڵدا بوو تا ئێستا ئەو حەوت مانگ بەسەریدا تێدەپەڕێ، لەو ماوەیەدا دەبوایە جیهان بەجیدی هەوڵیدابایە چارەسەرێک بۆ دادگاییکردنی زیندانیە داعشەکان بدۆزێتەوە و سزایەکانیان ببڕێتەوە، ئەوە دوو شتی ڕووندەکردەوە یەکەمیان چارەنوسی داعشە زیندانیەکان و، دووەمیان گواستنەوەیان بۆ ناوچەیەکی پڕ ئاسایشتر.
لەڕاستیدا زۆربەی زیندانیە داعشەکان سەر بە عێراق و سووریان، وە بڕیاری سزای لەسێدارەدان لەو دوو وڵاتەدا کێشەی دروستکردوە بەتایبەتی لەتێڕوانینی وڵاتانی ئەوروپاوە، دیارە لەماوەی ڕابردوودا دادگای عێراقی سزای لەسێدارەدانی بەسەر چەند چەکدارێکی فەرەنساییدا کە لەگەڵ داعشدا بوون سەپاند، ئەوە مشتومڕێ بەدوای خۆیدا هێنا و، کاریگەریشی هەبوو کە لەوە بەدواوە گواستنەوەی چەکدارەکان بۆ دادگاییکردنیان لەعێراق لە زیندانەکانی سووریاوە ڕابوەستێ.
ڕاگرتنی چەکدارەکان و، ژن و منداڵی داعشەکانیش لەزیندانەکاندا بەبێ یەکلاییکردنەوەی بڕیارێکی یاسایی یان دادگاییکردنیان کارێکی نەگونجاوە و، مەترسیداریشە. منداڵەکان لەوێ بەبێ هیچ پەروەردەیەک گەورەدەبن و، لەهەندێک حاڵەتدا بەهۆی ژینگەی ئایدۆلۆژی توند و توندوتیژیەوە مێشکیان دەشۆرێتەوە و، لەدواڕۆژدا دەبنەوە کێشە بۆ سەر جیهان.
لەبارەی ئەو مەترسیانەوە، (مایکڵ ستیڤان) لە سینک‌تانک لە خزمەتگوزارییەکانی ئەنستیتۆی شاهانەی یەکگرتوو دەڵێ، ئەو خەڵکانەی لەوێن (لەکەمپەکاندان) زۆر توندڕەون.
ئەگەر بێتو هەڵبێن، یان ڕێگابدرێ منداڵەکانیان لەنێو ئەو کەمپانەدا گەورەبکرێن ئەوا کێشەکانیان لە (١٠) ساڵدا زۆر گەورەو مەترسیدار دەبن.
لەماوەی ڕابردوودا ئەمەریکا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیش وڵاتانی ئەوروپایان ئاگادارکردۆتەوە کە چەکدارەکانی داعش ئەوانەی ناسنامەی وڵاتانی ئەوانیان هەیە وەریانگرنەوە، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا ڕەتی ئەوەیان کردۆتەوە و نایانەوێنەوە، وە دەزگا هەواڵگرییەکانیان هۆشداریانداوە ئەوانەی تادوا ساتەکانی داعش شەڕیان کردوە و دواتر گیراون زۆر توندڕەوبوون و زۆر مەترسیداربوون بەهۆی دڕەندەیی ئەو ڕێچکەیەی لەناو داعشدا پێیدا تێپەڕیوون، بۆیە خۆیان لێ بەدووردەگرن.
شارەزایان دەڵێن ئەوروپا لەبەر دوو هۆکار نایەوێ داعشەکان وەرگرێتەوە، یەکەمیان ترسیان هەیە ئەگەر ئەو جیهادیانە بگەڕێنرێنەوە بەردەم دادگایەکانی ئەوروپایی لەوانەیە لەوێ بەڵگەی گونجاویان دەستنەکەوێ تاوەکو پێیان تاوانباربکرێن، وە لەبارودۆخی ئاوادا ئەگەر نەتوانرێ تاوانباربکرێن ئەوا مەترسی ئەوەدەکرێ کە ئازادبکرێن و بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگایەکان ئەوەش توندوتیژی بەرپادەکات.
خاڵی دووەمیان ئەوەیە ئەگەر تاوانباریش بکرێن ئەوا کێشەی توندوتیژی و ڕادیکاڵیبوون لەناو زیندانەکانی ئەوروپادا زیاتر پەرەدەستێنێ، بەتایبەتی لەهەندێک وڵاتانی ئەوروپا بەنمونەش فەرەنسا کە زیندانی زۆری کۆمەڵگای مسڵمانەکانی لەنێو زیندانەکاندا هەن و دۆخەکە مەترسیدارتردەبێ.
لەڕاستیدا ئەوروپا نەیتوانیوە هەنگاوبنێ بۆ چارەسەری گرفتی داعشە زیندانیەکانیان، ئەوەش دۆخەکەی بەمەترسی لەسەر وڵاتەکانیان هێشتۆتەوە، وە هەسەدەش بەو بارودۆخە هەستیاریەی کە هەیەتی ناتوانێ بەردەوامی بەپاراستنیان بەبێ پاڵپشتی نێودەوڵەتی بدات.
لەگەڵ هەبوونی مەترسی جیهادیەکاندا، هاوکات دیاریکردنی چارەنوسی هەزاران ژن و منداڵی داعشەکانیشیان لەنێو کەمپەکاندا گرفتێکی دیکەیە، کە هەندێک لەو ژنانە بەزۆر کراونەتە داعش و، لەو ماوەیەدا منداڵیان بوون و ئەوانیش بەکەسوکاری ئەوان حیسابن بەڵام ئاخۆ دەبێ چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، مامەڵەی دادوەرانە زۆر گرنگە لەگەڵ ئەو زیندانیانە چونکە ئەگەر وانەکرێ ئەوا بەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە.
لەنێو سایکۆلۆژیای جیهادیەکاندا، زیندانیکردنی نادادوەرانە بابەتێکە گرنگی زۆری هەیە و، نابێ پشتگوێ بخرێ چونکە لەڕووداوەکانی مێژووی ڕابردووی ئیخوانەکان و، جیهادی وتوندڕەوەکانیش ئەو نمونانە هەن کە دواجار کارەساتی گەورەیان لێکەوتۆتەوە و مەترسیان خولقاندوە.
لەساڵەکانی شەستەکاندا کاتێ ڕادیکاڵی ئیسلامی میسری (سەید قوتب) زیندانیکرا و لەسێدارەدرا، دواتر نوسینەکانی بونە نەخشەسازی بیرو ڕێچکەی جیهادیەکان.
وە لەدوای گرتنی بەکۆمەڵی ئیسلامیەکان ئەوەبوو تیرۆرکردنی (ئەنوەر سادات) ی سەرۆکی میسری لەساڵی (١٩٨١) ەدا بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە ئەوە دەریدەخات کە مامەڵەکردنی نەگونجاو لەگەڵ جیهادیەکان هەمیشە کێشەی گەورەی لێ دروستدەبێ.
لەعێراقیش لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام لەساڵی (٢٠٠٣)دا، جینی داعشەکانی ئەمڕۆ لەوێوە سەری هەڵدا لە زیندانەکانی ئەبوغرێب و، بوکاوە کە لەلایەن ئەمەریکاوە بەڕێودەبران.
لەنێو زیندانیەکاندا (ئەبوبکر بەغدادی) هەبوو، کە لەنێو زیندانەکاندا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەزیندانیەکان پەیوەندی دروستکرد و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و ژمارەی تەلەفۆنیان گۆڕیوە تا کاتێ لەزیندان هاتنەدەرێ یەکبگرنەوە و لەدژی دەسەلات جیهاد دەستپێبکەن. لەدوای هەشت ساڵ بەهۆی خراپی شێوەی بەڕێوەبردن لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە و جیاکاری لەدژی سوننەکان جیهادییەکانیش گەیشتنە ساتی مێژوویی خۆیان و، ئەوەبوو لەساڵی (٢٠١٤) ەدا داعش موسڵ و ناوچەیەکی بەرفراوانی عێراقیان داگیرکرد، وە نزیکەی پێنج ساڵی ویست تاوەکو توانرا خەلافەتەکەیان لێکهەڵبوەشێنرێتەوە.
کەواتە ئایا دەشێ جارێکی دیکە ئەوە ڕووبداتەوە، و داعش خۆیان دروستبکەنەوە؟ پرفیسۆر (مایكڵ ستیڤان) لەو بارەیەوە دەڵێ نەخێر بەو شێوەیەی پێشتر نا.
هەروەها گوتی، ڕاستی ئەوەیە داعش ناتوانێ خۆی دابڕێژێتەوە و ئەوەی کەئێستا هەیە زیاتر لەچالاکی یاخیبوونیدا دەمێنێتەوە، بەڵام بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەشەڕانی دەمێننەوە.
بەڵام (دکتور ئیمان البداوی) لەو بارەیەوە دەڵێ، داعش ئێستاش وەکو ساڵەکانی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧) نەخشەی کوشتار و ڕوخێنەری هەیە، وە ئەو گروپە لەباری لاوازی حکومەتدا بەقوڵی ڕیشەیان دەبەنە خوارێ و خۆیان دەچێننەوە و، لەو پەنایەوە هەوڵدەدەن خۆیان دابمەزرێننەوە و، خەڵکی ڕابکێشنەوە و، مەشقیان پێبکەن. بێگومان ناسەقامگیری کاریگەری گەورەی دەبێ لەسەرهەلدانەوەیان و دروستبونەوەی شاڵاوەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە و، بۆ سەر جیهانیش.

 

و/خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler