حوزەیران 23, 2018

ئاماژەی بە قوربانیانی هێزی پێشمەرگە نەکردووە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش

رۆژی 20/2/2018 گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە بەناوی (سەرکەوتن لە جەنگی دوای داعش لە بەرژەوەندی عێراق لە سنجار). لە وەڵامی ئەم راپۆرتەی گروپی قەیرانی نێودەوڵەتیدا د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەو قوربانیانە دا کە هێزی پێشمەرگە لە دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر شەنگال و ناوچەکانی دیکەی کوردستان ئەنجامیدا، هەروەها تیشکی خستە ئەو هەوڵانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی داویەتی بۆ بە جینۆساید ناساندنی کەیسی رفاندنی ئێزیدییەکان، ئەوەشی راگەیاند کە پێشمەرگە هێزی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و فەرمان لە وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە وەردەگرێت و هێزی حزبێک یان لایەنێک نییە، هەروەها ئەم هێزە لە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی کوردستانی.

 دیندار زێباری لە بارەی راپۆرتی گروپی ناوبراو، گوتی: رۆژی 20/2/2018 گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە بەناوی (سەرکەوتن لە جەنگی داعش لە بەرژەوەندی عێراق لە سنجار) لەم راپۆرتەیدا بەبێ پشت بەستن بە بەڵگەی درووست چەندین تۆمەتی بێ بنەمای بۆ هێزەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان درووستکردووە وەک پشتگوێ خستنی هاووڵاتیانی ئێزیدی ناوچەکە، بێ ئەوەی ئاماژە بە پێشوازی کردنی حکوومەتی کوردستان لەو ئاوارانە بکات کە لە ئەنجامی هێرشی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای نەینەوا و مەخمور و دیالا و زوممار و چەند ناوچەیەکی دیکە ناچار بوون شوێنەکانی خۆیان جێبهێڵن و روو لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان بکەن و بەشی هەرەزۆریان کوردانی ئێزیدی بوون.
 گوتیشی: یه‌كێك له‌ سه‌روه‌رییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ هه‌موو جیهان به‌ شانازییه‌وه‌ باسی لێده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان باوه‌شی كردۆته‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی (2) ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر سه‌ره‌ڕای بارودۆخی ناله‌بار و قه‌یرانی ئابووری، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵیداوه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك و به‌و توانا سنوورداره‌ی به‌رده‌ستی زۆرترین خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بكات لە هەموو روویەکەوە.
زێباری ئاماژەی بۆ هێرشی تیرۆیستانی داعش بۆ سەر کوردستان کرد، گوتی: دوای هێرشه‌كانی داعش بۆ ده‌شتی موسڵ و داگیركردنی شه‌نگال له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئابی 2014 ته‌نیا ئێزیدییه‌كان نه‌بوونه‌ ئامانجی تیرۆریستان، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وان كریستیان و شه‌به‌ك و توركمانه‌كانی ناوچه‌كه‌ش رووبه‌رووی جینۆساید و نه‌هامه‌تی و كاره‌سات بوونه‌وه‌ و بۆ رزگاركردنی ژیانیان ناچاربوون شوێنه‌كانی خۆیان جێهێشت و روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌ڵام له‌به‌ر تایبه‌تمه‌ندیی ئێزیدییه‌كان هێرشه‌كان زیاتر بۆ له‌ ناوبردنی ئه‌وان بوو. راسته‌وخۆ دوای كاره‌ساته‌كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم پێشوازی كرد له‌ ئاواره‌كان و یارمه‌تیدانیانی به‌ ئه‌ركی خۆی زانی له‌رووی دابینكردنی شوێنی حه‌واندنه‌وه‌ و درووستكردنی كه‌مپ له‌ هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی بۆیان و دابینكردنی خۆراك و ئاوی خواردنه‌وه‌ وخزمه‌تگوزاری وپێداویستییه‌كانی په‌روه‌رده‌ و خوێندن و ته‌ندروستی بۆیان به‌ هاوكاری وهه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌ نا حكومییه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی ئەوەشی خستەڕوو کە به‌پێی پلانێكی ستراتیژی به‌به‌شداری گشت داموده‌زگاكانی هاوكاری به‌ په‌له‌ی پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان كرد له‌ گشت بواره‌كان، چونكه‌ ئێزیدییه‌كان دووچاری هێرشی له‌ ناكاوی داعش بوونه‌وه‌ و ته‌نیا ژیانی خۆیان رزگار كرد ته‌نانه‌ت به‌شێكیان له‌ژێر ده‌ستی داعش له‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كانیان مانه‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ دابینكردنی ئاسایش و شوێنی حه‌وانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هێرشی داعش، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ئاسایش رووبه‌رووی هێرشه‌كانی داعش بوونه‌وه‌ بۆ رزگاركردنی ئێزیدییه‌كان وتوانیان زیاتر له‌ (5000) له‌و ئێزیدییانه‌ی له‌ چیای شنگاڵ گه‌مارۆ درابوون رزگار بكه‌ن و بیانگوازنه‌وه‌ پارێزگاكانی كوردستان.
لە بارەی قارەمانییەکانی پێشمەرگە لە ماوەی شەڕی داعشدا د. دیندار زێباری وتی: هێرشەکانی داعش بۆ سەر شنگال و چەند ناوچەیەکی دیکەی پارێزگاری نەینەوا لە ناکاو بوو و بووە هۆی ئاوارە بوونی خەڵکی ئەم ناوچانە و بۆ ماوەیەکی لاسەنگی هێز بەلای تیرۆریستاندا شکایەوە، بەڵام سەرەڕای نەبوونی چەکی پێشکەوتوو لە دەست پێشمەرگە کە بە بەراورد بە چەکانەی داعش لە ئەنجامی شکستی سوپای عێراق دەستی کەوتبوو زۆر کۆن بوون، بەڵام هەر زوو هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانیی هێرشی تیرۆریستان رابگرێت و شایەدی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش پێشمەرگە بوو بە تاکە هێزی زەمینی کە بتوانێت دژی داعش وەستێتەوە و سەرەڕای راگرتنی هێرشەکانیان توانیی ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵی کردبوون ئازادیان بکاتەوە و سەرەتا لە مەخمورەوە دەستپێکرد تا گەیشتە رزگار کردنەوەی شنگال و دەوروبەری. لە ماوەی شەڕی داعش و هێرشە دڕندەکانیان بۆ سەر کوردستان بە هەزاران پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون و بەشێکیان بە دیلی کەوتنە دەست تیرۆریستان، بەپێی دوایین سەرژمێری ژمارەی قوربانیانی پێشمەرگە لە نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان لە شەڕی تیرۆردا گەیشتە (١٨١٤) شەهید و (١٠٧٢٥) بریندار، هەروەها (٤٤) پێشمەرگەش بە دیل گیران.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.