تشرینی دووەم 12, 2019

هـەوڵی پاراستنی حـکومەتـەکـەی (عەبدولـــمەهدی) ده‌درێت

وێڕای بانگەوازی حکومەتی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بەخۆپیشاندانەکان و هەوڵە نێودەوڵەتیەکانیش بۆ چارەسەرکردن بارودۆخی ناسەقامگیری ئێستای عێراق بەڵام خۆپیشاندانەکان درێژەیان هەیە و خۆپیشاندەران سوورن لەسەر کۆتاییهێنان بەسیستەمی ئێستای سیاسی عێراق.

لە (١ی ئۆکتۆبەر) ەوە بەدەیان هەزار خۆپیشاندەر بەشداریان لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی عێراق لە پارێزگایەکانی بەغدا و خوارووی عێراقدا کردوە و داوای زیادکردنی دەرفەتەکانی کارکردن و کۆتاییهێنان بەگەندەڵی و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان دەکەن، هەروەها بەشێوەی حوکمڕانی ڕابردوو و ئێستای عێراق ڕازینین و دەیانەوێ فۆرمێکی دیکەی حوکمڕانی لەعێراق ببینن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی (ئەسۆشێتد ‌پرێس) خۆپیشاندەران دەڵێن هەتاوەکو ئەو ڕژێمە نەڕوخێنن وازناهێنن، ئایا حکومەتی عێراق دەتوانێ بەو بارودۆخەوە بمێنێتەوە؟
(تحسین ناسر)ی خۆپیشاندەری تەمەن (٢٥ ساڵ) بۆ ڕاپۆرتەکە دەڵێ، ئێمە بڕیارمانداوە وەکو پەیامێک بۆ حکومەت ڕێگایەکان بگرین و بەردەوام بین هەتاوەکو ئەو کاتەی ئەو خەڵکە گەندەڵە و ئەو دزانە دەردەکەین و و ڕژێم دەخەین.
بەهۆی بەستنی ڕێگا سەرەکیەکانی بەغداوە بەشێک لە فەرمانگە حکومیەکان لەئیش و کارەکانیان وەستێنراون، لەو بارەیەوە (تحسین) گوتی، ئێمە ڕێگانادەین کارمەندانی فەرمانگە حکومیەکانیش بچنە سەر کارەکانیان و، دەبێ پەکی دامەزراوەکانیان بخەین.
خۆپیشاندانەکانی ئێستای عێراق گەورەترین شەپۆلی خۆپیشاندانن لە (١٦ ساڵ) ی ڕابردوودا و، ئەو دۆخەی ئێستای عێراق خراپی بەڕێوەبردنی چەندین حکومەتی پێش خۆیەتی و بەسەریەکدا کەڵەکەبوە و بەڵینەکانی چاکسازی دەستاودەستیانکردوە و جێبەجێ نەکراون، وە شارەزایان دەڵێن ئاسان نیە بەو بارودۆخەی ئێستاوە و، بەبێ پشتیوانی ناوخۆیی سیاسی بتوانرێ ڕەوشەکە چارەسەربکرێ.
هەتا ئێستا بەهۆی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە نزیکەی زیاتر لە(٢٥٠) کەس کوژراون، هەندێک ڕاپۆرت ئاماژە بە برینداربوونی نزیکەی (٨ هەزار) کەسیش دەدەن.

ئێران لەکوێی ڕووداوەکاندایە؟
هەندێک لەڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ئاماژە بۆ هەوڵەکانی ئێران دەکەن لەهێشتنەوەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆکوەزیران لەڕێگای ڕازیکردنی بەدەستهێنانی پاڵپشتی باڵە سەرەکیەکانی شیعەکانەوە، وە بۆ ئەو مەبەستە بەرپرسانی سوپای پاسداران لەگەڵ بەرپرسان لەعێراق کۆبونەوە هەتاوەکوو کۆتایی بەو بارودۆخەی ئیستای عێراق بهێنن، وە پێیانگوتوون ئێمە شارەزایمان هەیە لەدامرکاندنەوەی شەپۆلی نارەزایتەیەکانی شەقام و، دەبوایە خۆپیشاندانەکانتان کۆتایی پێ بهێنایە.
ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) لەو بارەیەوە ئاماژەی بەڕۆڵی ئێران کردوە و دەڵێ ئێران هەنگاوەکانی دەستپێکردون بۆ چارەسەرەکردنی دۆخی ئێستای عێراق و، ڕێگریکردن لەلادانی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە هەوڵەکانی ئێران بۆ هێشتنەوەی (عادل عەبدولمەهدی) لەڕێگای هەردوو باڵە سەرەکیەکەی شیعەوەیە، لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی نزیک لەهەردوو کەسایەتیە کاریگەرەکەی شیعەکان کە ( موقتەدا سەدر) و، (هادی عامری) ین ئاماژەی بۆ هەوڵەکانی ئێران کردوە.
لەسەرەتاوە، (موقتەدا سەدر) سەرۆکی کوتلەی سائیرون داوای لەحکومەتی عێراق کرد هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕابگەێنێ، هەروەها داوای لە (هادی عامری) سەرۆلی لیستی هاوپەیمانیەتی بیناش کرد کە یارمەتیدا تاوەکو گوشارەکانیان پێکەوە بخەنە سەر (عادل عەبدولمەهدی) بۆ ئەوەی دەستلەکاربکێشێتەوە.
لەڕاپۆرتەکەی (ڕۆیتەرز) دا هاتوە، وێڕای ئەو هەوڵانەی سەدر بەڵام کۆبونەوەیەک لەڕۆژی چوارشەممە لە بەغدا لەوانەیە ڕەوتی پێشهاتەکانی گۆڕیبێ، بەپێی پێنج سەرچاوە کە زانیاریان لەسەر کۆبونەوەی (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی هێزەکانی قودس و بەرپرسانی عێراق هەبوە دەڵێن (سولەیمانی) داوای لە (عامری) و سەرکردەی گروپەکانی دیکەی شیعەکان کردوە تاوەکو پاڵپشتی بەردەوامبونی (عادل عەبدولمەهدی) بکەن.
ڕاپۆرتەکە نەیتوانیوە بگاتە گوتەبێژەکانی (سەدر و عامری)، بەڵام بەرپرسانی ئاسایشی ئێرانی ئەوەیان پشتڕاستکردۆتەوە سولەیمانی لە کۆبونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بوە بۆ پێدانی ڕاوێژ بە بەرپرسانی عێراقی لەبارەی دۆخی ئێستاوە.
هەر ئەو بەرپرسانەی ئێران ئاماژەیان بەوەداوە، ئاسایشی عێراق بۆ ئێمەش گرنگە و لەڕابردووشدا لەو بارەیەوە یارمەتی عێراقمان داوە، وە فەرماندەی قودس بەشێوەیەکی ڕێکوپێک سەردانی عێراق و ناوچەکەی کردوە بەتایبەتی کاتێک هاوپەیمانەکانمان پێویستیان بەیارمەتی هەبوە.
(سولەیمانی) کەوا فەرماندەی هێزەکانی قودسی ئێرانە، ڕێکخەری پەیوەندییەکانی تاران و، میلیشیایەکانی عێراق و سووریا و لوبنانیشە، ئەوسەردانەکەرێکی سەرەکی و بەردەوامی عێراقە، هەروەها ئەو دەستێوەردانە ڕاستەخۆیەی ئێستایشی نیشانەی زیادبونی کاریگەرییەکانیەتی لە عێراق و لەسەرانسەری ناوچەکەدا.
شارەزایان لەو باوەڕەدان ئێران بەجیدی لەسەر خەتە بۆ کۆتایهێنان بەدۆخی ناسەقامگیری ئێستای عێراق، چونکە ئەگەر عێراق زیاتر بچێتە قەیرانەوە ئەوا مەترسی دەبێ بۆ ئێرانیش کە کاریگەرییەکانی له‌سەر ئەو وڵاتە لەدەستبدات کە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەلایەن ئەمەریکاوە دروستیکردوە.
ئەگەر (سەدر) پاڵپشتی (عامری) بەدەستنەهێنێ بۆ لادانی (عەبدولمەهدی) ئەوا بەتەنیا سەرکەوتوو نابێ، لەو بارەیەوە ڕاپۆرتەکە دەڵێ، هەتاوەکو سەرەتای حەفتەی ڕابردووش وادەردەکەوت (عامری) کە هاوپەیمانێکی سەرەکی ئێرانە و، سەرۆکی ڕێکخراوی (بەدر) ی عێراقە و دووەم کوتلەی پەرلەمانیشی لەژێردەستدایە ئامادەیی پاڵپشتی (سەدر) بێ بۆ دەرچوونی (عەبدولمەهدی)، وە لە شەوی سێشەممەی حەفتەی ڕابردووشدا لە بەیاننامەکەیاندا پێکەوە جەختیان لەسەر هەماهەنگی پێکەوەیی لەگەڵ (سەدر) کردۆتەوە بۆ یارمەتی لادانی سەرۆکوەزیران بەڵام کۆبونەوەکەی چوارشەممەی (٣٠ی ئۆکتۆبەر)ی (قاسم سولەیمانی) لە بەغدا وادەردەکەوێ گۆڕانکاری بەسەر ڕەوشی ڕووداوەکانی عێراقدا هێنابێت.
فەرماندەیەکی نزیک لە (عامری) یەکێک بوە لەو پێنج سەرچاوەیەی کە قسەیان بۆ (ڕۆیتەرز) کردوە و دەڵێ، ڕێكەوتن هەیە کە کاتی زیاتر بدرێتە عادل عەبدولمەهدی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازی و، هێورکردنەوەی شەقام.
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی دیکە لە کۆبونەوەکەدا، زۆربەی بەرپرسی گروپە شیعەکان هۆشداریان بەرزکردۆتەوە کە لادانی (عەبدولمەهدی) دەبێتەهۆی لاوازبوونی باڵی شیعە و گروپەکانی حەشدی شەعبی، ئەوەش دواجار بۆ دەسەلاتداریەتی شیعە لەناوچەکەدا بەخراپ دەشکێتەوە.
لەدوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ (سولەیمانی) گۆڕانکاری بەهەڵوێستەکاندا هاتوە و، (عامری) بیروڕای لەسەر پاڵپشتی بۆ لادانی سەرۆکوەزیران لەگەڵ (سەدر)دا گۆڕیوە، لەو بارەیەوە کەسایەتیەکی سیاسی نزیک لە (سەدر) بە ڕاپۆرتەکەی گوتوە، (عامری) بە (سەدر) ی گوتوە لادانی (عەبدولمەهدی) دەبێتەهۆی ئاڵۆزی زیاتر و هەڕەشەی زیاتر دەکەوێتە سەر سەقامگیری عێراق، وە لەبەرانبەردا (سەدر) یش گوتویەتی بەبێ دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران خوێنی زیاتر دەڕژێت و ئەو جارێکی دیکە ئامادەنیە کار لەگەڵ (عامری) یدا بکاتەوە، وە لەڕاگەێنراوێکدا دەڵێ، هەرگیز لەدوای ئەمڕۆ لەگەڵ تۆدا نایەمە نێو هاوپەیمانیەتیەوە.
شیاوی گوتنە، وێڕای بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و ناوچەکانی دیکەی خوارووی عێراق بەڵام ئێران هەوڵەکانی چڕکردونەتەوە بۆ هێشتنەوەی (عادل عەبدولمەهدی) لەشوێنەکەی خۆی، وە هانی باڵە سەرەکیەکانی شیعەی داوە تاوەکو پێکەوە ڕەوشی شەقام هێوربکەنەوە و، کار بۆ پشتیوانی حکومەت بکەن.
لە ماوەی شانزە ساڵی ڕابردوودا و لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سوننەی (سەددام حسێن) لەلایەن ئەمەریکاوە، شیعەکانی ئێران وەکو هێزێکی سەرەکی نێوەندگیر و کاریگەر لەپشت بلۆکی سیاسی عێراقەوەن، کاریگەرییان لەئەمەریکا زیاترە لەسەر شیعەکان و دانانی شێوەی حوکم لەعێراقدا.
شەڕی هێزەکان بەوەکالەت لەمەیدانی عێراقدا کاریگەری گەورەی هەبوە لەسەر ڕۆچونی باری ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئاسایی، عێراقیەکان ڕەخنە لەسیاسیەکانیان دەگرن لەسەر دابەشبونیان بەسەر ئێران و ئەمەریکادا و توڕەن لەسەر گەندەڵی کەڵەکەبووی دەستەبژێری سیاسی لەوڵاتەکەیاندا و، پێیانوایە ئەوەندی پێشبڕکێی دڵسۆزی بۆ هاپەیمانیەتیەکانیانە لەگەڵ ئەو دوو هێزانەدا ئەوەندە بەخەم دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیانەوە نین.
سەرەڕای دەوڵەمەندی و زەوەندی سەروەتی نەوتی عێراق بەڵام زۆربەی عێراقیەکان لەهەژاریدا دەژین و کێشەی کەموکورتی ئاوی خواردنەوە و، کارەبا و، خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردەیان هەیە و لەبەرئەوەشە پەنا بۆ خۆپیشاندان دەبەن، وە زۆربەی ئەوانەی ئێستا لە مەیدانی تەحریری بەغدان گەنجن و بێکارن و ئیشیان دەوێت.
ئەوە نزیکەی دوو ساڵە شەقامی توڕەی عێراق بەرەو توندوتیژی دەچن و هەڕەشەی تێکدانی سەقامگیری دەکەن لەسەر ئەو وڵاتە، ئەو جارەیان خۆپیشاندانەکان لە بەغداوە بڵاوبونەوە و سەرانسەری ناوچەکانی شیعەکانیان گرتۆتەوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکی و هێزەکانی ئاسایش کوژراون و برینداربوون.
لەئەگەری بەردەوامی خۆپیشاندانەکاندا کاریگەری خراپ دەکەوێتەسەر مەترسیەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و، تێكچونی سەقامگیری و ئاسایش و پەلکێشکردنی وڵات بۆ شەڕی سێکتەری زیاتر، هەروەها زیانی ئابووری گەورەش بەوڵات دەکەوێت و ژێرخانی ئابووری عێراق دەگەڕێنێتەوە دواوە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler