سەرۆك وەزیرانی عێراق، ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا داوای كۆتایهاتنی خۆپیشاندانەكان دەكات و جەختیش لەوە دەكاتەوە، بەردەوامیی خۆپێشاندان قوربانیی زیاتری لە هەردوولا لێدەكەوێتەوە.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 3/11/2019 راگەیێندراوێكی لەبارەی بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی وڵاتەكەی بڵاوكردەوە و تێیدا جەختی لەوە كردەوە، خۆپێشاندان زیانی زۆری لە خاوەنكار و دامودەزگاكان داوە و دەڵێت”بەردەوامیی خۆپێشاندان قوربانیی زیاتری لە هەردوولا لێدەكەوێتەوە”.
عەبدولمەهدی ئەوەش دەخاتەڕوو، بەردەوامیی خۆپێشاندان كوژراو و برینداری زیاتری لێدەكەوێتەوە و رێگە بۆ خەڵكانێكی دەرەوەی یاسا خۆشدەكات تاوان و تاڵان و دزی بكەن.
هەروەها دەشڵێت”بەردەوامیی خۆپێشاندان بووە هۆی دواكەوتنی پەسندكردنی بودجەی 2020 و بەردەوامیی خۆپێشاندان دەبێتە هۆكاری لەكارخستن دامودەزگا خزمەتگوزایی هاووڵاتییان”.