تشرینی دووەم 12, 2019

شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندانەکانی عێراق

لایەنیکەم 40 کەس لە شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندانەکانی عێراقدا، دژ بە حکومەتەکەی مەهدی، کوژران و ناڕەزایەتیش بەردەوامە.

سەرچاوەیەکی بە ئاژانسی بی بی سی بەریتانیی ڕاگەیاند دەیان کەس لە خۆپیشاندەرەکان هەوڵیانداوە هەڵبکوتنە سەر نووسینەگەی سەر بە میلیشیاکان و بارەگا حکومییەکان. دەیانیشیان چوونەتە نێو ئەنجومەنی پارێزگای واسیت و نووسینگەکانی سەر بە بەرەی نەسری سەرۆکوەزیرانی پێشوو "حەیدەر عەبادی"ـیان سووتاندووە، هەروەها نوسینگەی "کازم سەیادی و ئیناس مەکسوسی جێگری سەرۆکوەزیرانیان سووتاندووە''.
لەم میانەیەدا بە دەستڕێژی گوللە لە بارەگای "عەسائیبی ئەهلی حەق"ـی سەر بە "قەیس خەزعەلی"ـەوە لە پارێزگای ناسرییە و ناوەندی پارێزگای زیقار، سێ خۆپیشاندەر کوژران و دەیانی تریش بریندار بوون، بەڵام خۆپیشاندەران دەستیان بەسەر بارەگای پارێزگادا گرتووە و ئەنجومەنەکە و بارەگای دەستەی زیندانە سیاسییەکان و چەند ئۆتۆمبێلێکی حکومییان سەراپا سووتاندووە.
لە گۆڕەپانی تەحریر و شەقامی سەعدون و گۆڕەپانی فڕۆکەوانیی نزیک لە گۆڕەپانەکەی تەحریر، هێشتا ڕووبەڕووبوونەوەکان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا هەر بەردەوامە. لەم شەپۆلەیشدا نزیکەی هەزار کەس لە سەراپای وڵاتدا برینداربوون.
داواکاریی سەرەکیی خۆپیشاندەران چارەسەری کێشەی بێکاری، چاککردنی خزمەتگوزارییەکان، لەنێوبردنی گەندەڵییە. لە خۆپیشاندانەکانی پێشتریشدا بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، هێزە ئەمنییەکان و چەکدارە نەناسراوەکان نزیکەی 150 کەسیان لە خۆپیشاندەران کوشت، بەڵام لە سەرچاوە نافەرمییەکانەوە باس لە ژمارەیەکی زۆر زیاتر دەکرێت. حکومەتیش دانی ناوە بەوەدا کە دەسەڵات هێزێکی زیادەڕەوانەی بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران بەکارهێناوە. وێڕای هەموو ئەو بەڵێنانەیش کە ڕۆژێک پێشتر عادل عەبدولمەهدی دای بە گەلانی عێراق، بەڵام خەڵک بڕوایان بە بەڵێن و چاکسازییە درۆیینەکان نەماوە.
وێڕای ئەوەی لە شوێنە جیاجیاکانەوە خۆپیشاندەران کوژراون، بەڵام 12 کەسیان بە جارێک لە گڕتێبەردانی یەکێک لە بارەگاکانی باشووری شاری دیوانییەدا بوونە قوربانی. تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی ئاماری کوژراو و بریندارەکانی ڕانەگەیاندووە، وەزارەتی ناوخۆ باس لە برینداربوونی 68 کەسی هێزە ئەمنییەکان لە سەرەپای وڵاتدا دەکات. بەڵام کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق (کە سەر بە حکومەتە) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە 2312 کەس لە هەموو شارە عێراقییەکاندا برینداربوون، زیانیش بەر 50 بارەگای حکومی و حزبی لە پارێزگاکانی دیوانییە، میسان، واسیت، زیقار، بەسرە، بابل کەوتووە. بۆیە کۆمیسیۆن داوای لەوە کردووە هەردوولا لە تووندوتیژی دوور بکەونەوە و پارێزگاری لە موڵکی ماڵی حکومەت بکەن. داوای لە هێزە ئەمنییەکانیش کرد تووندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارنەهێنن.

سەرچاوە:
https://www.bbc.com/arabic/middleeast-50191356

 

هاوار محه‌‌مد ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler