حوزەیران 23, 2018

عێراق بەهێز ئاوارەکان دەگێڕیتەوە

هێشتا زیاتر لە (٢ ملیۆن) کەس بەهۆی شەڕی داعشەوە لەئاوارەییدان و لەکەمپەکاندا دەژین، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری ماڵەکانیان تێکڕوخاون، وە لەژێر خانوە ڕووخاوەکانیاندا و لەناوچەکانیان مین و تەقەمەنی چێنراو و شاراوە هەیە، هەروەها ئاسایش و سەقامگیریش نەچەسپێنراوە هەر بۆیە ئاوارەکان ژیانی ناو کەمپەکانیان بەلاوە سەلامەتترە و نایانەوێ لەو بارودۆخەدا بگەڕێنەوە.

لەڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) دا ڕێکخراوەکانی کاروباری پەنابەران هۆشداریدەدەن لەشێوەی گێڕانەوەی ئاوارەکان لەلایەن بەرپرسانی عێراقیەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە دەسەڵاتدارانی عێراق فشار و زۆری لەهەزاران ئاوارەی عێراقی دەکەن تاوەکو بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و ئاوارەیی نێو کەمپەکان کۆتایی پێ بێنن.
لەحەفتەی ڕابردوودا گروپەکانی فریاگوزاری ئاوارەکان ڕایانگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هێشتا مەترسی لەسەر گیانی خەڵکی هەیە بەهۆی ئەوەی ناوچەکانیان پڕە لەمین و تەقەمەنی بەڵام بەرپرسانی عێراقی زۆری لەخەڵکی ئاوارەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەکەن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
بەسەڕاگەیشتنی زیاتر لەدوو ملیۆن ئاوارەی عێراقی کارێکی ئاسان نیە، بەشێکی زۆری ئەو ئاوارانە لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان کەمپیان بۆ کراوەتەوە و لەئەمان و سەلامەتیدا دەژین لەکاتێکدا کە حکومەتی هەرێم بۆ خۆیشی گیرگرفتی دارایی گەورەی هەیە بەڵام سیاسەتی ناردنەوەی پەنابەرانی پەیڕەو نەکردوە.
ئەو حاڵەتانەی گێرانەوەی ئاوارەکان بەزۆری کەڕوویانداوە لەناوچەکانی پارێزگای ئەنبار بوون، لەماوەی ڕابردووشدا ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ئەو حاڵەتانەیان بەمەترسیدار ناوبردبوو.
لەدوای کۆتایهێنان بەشەڕی داعش، ئەرکێکی گەورە لەبەردەمی حکومەتی عێراقیدایە ئەویش گێڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ ناوچەکانیان، بەڵام پێش گێڕانەوەیان دابینکردنەوەی سەقامگیری و خزمەتگوزارییەکانە کەبەگوتەی شاهیدحاڵان لەئاوارەکان و هەروەها ڕێكخراوەکانی فریاگوزاری ئاوارەکان هێشتا کارێکی ئەوتۆ نەکراوە بۆ ئەوەی ڕێگاخۆشکەربێ تاوەکو ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، بەشێک لەئاوارەکان دەڵێن دوای گەڕانەوەشیان هەست بەنائارامی و هەڕەشەی گروپە چەکدارەکان دەکەن.
عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنەکانی گشتیدایە لەمانگی (ئایار)دا، وە یەکێک لەستراتیژیەکانی تاوەکو سوننەکان ڕازیبکات بەشداری لەدەنگداندا بکەن، گێرانەوەی ئاوارەکانە جا بەهەر نرخ و شێوەیەک بێ، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا لەناوچەکانی ئەنبار هێزەکانی ئاسایشی عێراقی فشاریان لەسەر ئاوارەکان دروستکردوە تاوەکو بگەڕێنەوە بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان.
ئەگەر بێتو عێراق پاشبکەوێت لەگێڕانەوەی ئاوارەکان، ئەوا ئەگەری بەهێز هەیە لەدواخستنی هەڵبژاردنەکان کە بڕیارە لە (١٢ی مانگی ئایار) ی ئەو ساڵدا ئەنجامبدرێ.
لەڕاپۆرتە هاوبەشەکەی گروپەکانی فریاگوزاری ئاوارەکاندا هاتوە، ئەوە شتێکی ڕوونە کەزۆربەی ئەوانەی دەگێڕێنەوە بەشێوەیەک ئەنجامدەدەرێن کە دوورن لەستانداردە نێودەوڵەتیەکان لەسەلامەتی و شکۆمەندی و گەڕانەوەی ئاوارەکان بەویستی خۆیان.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەماوەی شەش حەفتەی کۆتایی ساڵی (٢٠١٧) ەدا نزیکەی (٨٧٠٠) کەس لەئاوارەکانی عێراقی لەپارێزگای ئەنبار کە سوننەن، لەژێر فشار و زۆریدا لەکەمپەکانەوە گەڕێندارونەتەوە بۆ ناوچەکانی ڕەسەنی خۆیان.
وە لەڕاپرسیەکدا کە گروپەکانی فریاگوزاری لەدوو کەمپ لەپێنج کەمپی ئەو ناوچەیە ئەنجامیانداوە، نزیکەی (٨٤%) ی ئاوارەکان زیاتر هەست بەئارامی و سەلامەتی دەکەن لەکەمپەکاند تاوەکو لەناوچەکانی ڕەسەنی نیشتەجێبونی خۆیان.
نیوە زیاتری ئاوارەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە خانوەکانیان تێکچون و ڕووخاون و بەشێکی زۆری کەلوپەلەکانیان دزراون.
وە هەروەها یەک کەس لەهەر پێنج کەسێکی گەڕێنراوە دواتر جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە کەمپەکان بەهۆی ئەوەی لەدوای گەڕانەوەیان لەناوچەکانی ڕەسەنی نیشتەجێبونی خۆیان هەڕەشەیان لێکراوە.
لەو بارەیەوە (پیتەر کۆستۆریز) بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئاوارەکانی نەرویجی کە یەکێک لەگروپەکانی فریاگوزاری ئاوارەکانە گوتی، ئەوە تراژیدیا و ناسۆرە کە خەڵکی لەکەمپەکاندا هەست بەئارامی زیاتر بکەن تاوەکو لەماڵەکانیان لەکاتێکدا دەبوایە ئەو ئاڵۆزی و شەڕانە کۆتاییان پێبهاتبایە.
هەروەها گوتیشی، ناتوانرێ هیچ هیوایەک لەئارادابێ بۆ ئاشتی لەعێراق ئەگەر بێتو بەرپرسان نەتوانن گەرەنتی دابینکردنی سەلامەتی خەڵکەکە بکەن تاوەکو بتوانن بگەڕێنەوە.
شیاوی باسکردنە، لەمانگی ڕابردوودا (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراقی دانی بەناردنەوەی پەنابەران بەزۆر و فشاردا نا، بەڵام ئەو تۆمەتەی خستەپاڵ پارێزگاکان و گوتی، هەندێک حاڵەتی بەزۆری ناردنەوە هەبوە، بەڵام ئەوانە تەنها چەند کەیسێکن، وە لەئەنجامی بڕیاری تایبەتی پارێزگاکانەوە ڕوویانداوە کەدژی سیاسەتی حکومەتی فیدڕاڵین.
ئەو گوتەی (عەبادی) لەکاتێکدایە، کەڕاپۆرتەکان لەماوەی ڕابردووشدا ئەو حاڵەتی بەزۆری ناردنەوەی پەنابەرانیان بڵاوکردۆتەوە و، بەشێک لەبەرپرسانی بەشداربوی ئەو هێزانەی سەرپەرشتی ناردنەوەی ئاوارەکانیان کردبوو ئاماژەیان بەوەدابوو کە فەرمانیان لەحکومەتی ناوەندی وەرگرتوە بۆ ناردنەوەی ئاوارەکان و تێکدانی بەکەمپەکان.
هەروەها لەمانگی کانونی دووەمی ئەو ساڵدا، (ڕۆیتەرز) ڕاپۆرتێکی دیکەیشی لەسەر بەزۆری ناردنەوەی پەنابەران بڵاوکردبۆوە، کە هێزەکانی ئاسایشی عێراقی فشاریان بۆ پەنابەران دروستکردوە تاوەکو بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بەوهۆیەوە (ژن) ێک لەدوای گەڕانەوەی لەماڵەکەی خۆیدا بۆمبێکی پێدا تەقیوەتەوە و کوژراوە، کچەکەیشی سوتاوە و، هاوژینەکەیشی چاوێکی لەدەستداوە.
مەرجی سوننەکان بۆ بەشداریان لەهەڵبژارنەکان گێرانەوەی ئاوارەکانە کە زۆرینەی زۆریان سوننەن بۆ ناوچەکانی ڕەسەنی نیشتەجێبونی خۆیان لەناوچەکان پارێزگای موسڵ و هەروەها لەپارێزگای ئەنبار.
حکومەتی عێراقی دەیەوێت بۆ ئەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردنەکانی دیاریکردوە، بەشێکی زۆری ئاوارەکان بگێڕێتەوە تاوەکو بیانوی سوننەکان ببڕێت و، هەروەها شەرعیەتی هەڵبژاردنەکانیش بەڕووی دەرەوە نیشانبدات، بەڵام ئەو شێوە و ستراتیژیەی حکومەتی عێراقی بەڕای چاودێرانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ناکۆکیەکان قوڵتر دەکاتەوە و، چارەسەری بارودۆخەکە ناکات.
کورد و سوننەکان دوو پێکهاتەی عێراقن کە لەسەر دەستی حکومەتی زۆرینەی شیعە پەراوێزی سیاسی و شایستەکانی ژیانیان لێکراوە، عێراقی دوای داعش ئەگەر ئەو گرفتانە چارەسەر نەکات ئەوا ڕێگای گەیشتنی بەسەقامگیری و ئاشتەوایی زۆر دوور و بەردرێژدەبێ

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.