حوزەیران 23, 2018

عێراق بەهۆی گرفتی ئاسایشەوە جارێ ناتوانێ نەوتی کەرکوک بۆ ئێران ڕەوانەبکات

لەمانگی (کانونی یەکەمی ٢٠١٧) ەدا بەرپرسانی عێراقی پلانی ناردنی نەوتی کەرکوکیان بۆ پاڵاوگەکانی کرماشانی ئێران لەڕێگای تانکەرەوە ڕاگەیاند وەکو ڕێکەوتنێکی فەرمی نێوان عێراق و ئێران.

بەپێی ڕێکەوتنەکەی نێوانیان دەبوایە عێراق گواستنەوەی نەوت لەڕێگای تانکەرەوە سەرەتا بەبڕی (٣٠ هەزار بەرمیل) وەکو قۆناغی سەرەتایی لەکۆتایی مانگی کانونی دووەمەوە دەستپێبکات بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پلانە نەتوانراوە جێبەجێ بکرێ بەهۆی گرفتی تەکنیکی و هەروەها ئاسایشەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) پلانی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لەلایەن عێراقەوە بۆ ئێران لەئێستادا ناتوانرێ بەهۆی گیرگرفتی ئاسایشەوە جێبەجێ بکرێ، ژووری بازرگانی (ئێران-عێراق) لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەداوە کە لەقۆناغی ئێستادا ئەو پلانە جێبەجێ ناکرێ.
لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی کێلگە نەوتیەکانی کەرکوک لەلایەن عێراقەوە، عێراق ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ئێراندا واژۆکردوە کە نزیکەی (٦٠ هەزار) بەرمیل لەنەوتی خاوی کەرکوک هەناردەی پاڵاوگەکانی ئێران بکرێن و دواتر بگوێزرێنەوە بۆ باشوری عێراق، وە لەیەکەم قۆناغدا (٣٠ هەزار) بەرمیل دەبێ هەناردەی پاڵاوگەکانی کرمانشان دەکرێ.
(حەمید حوسێنی) سکرتێری گشتی ژووری بازرگانی (ئێران-عێراق) گوتی، ئێران ڕووبەڕووی چەند کێشەیەک بۆتەوە لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەدا. هەروەها گوتیشی ئێران جیهازی (ئێکس‌ڕەی) نیە بۆ سکانکردنی ئەو تانکەرانەی کە بڕیار وایە نەوتەکە لەعێراقەوە بگوێزنەوە بۆ ئێران، بۆ چارەسەری ئەو گرفتە لەگەڵ عێراقدا لەقسەکردندان.
شیاوی باسکردنە، (جەبار ئەل لوعەیبی) وەزیری نەوتی عێراقی پێشتر ڕایگەیاندبوو، هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ ئێران لەکۆتایی مانگی کانونی دووەمی (٢٠١٨) ەدا دەستپێدەکات، بەڵام هێشتا ئەو ڕێکەوتنە نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەسەرەتای مانگی (شوبات) دا بەرپرسانی عێراقی گوتیان لەبەر هەبونی گیرگرفتی ئاسایشی لەبەردەم ڕێگای تێپەڕینی تانکەرە نەوتیەکان بۆ گوستنەوەی نەوت بۆ ئێران ڕێکەوتنی نەوتی کەرکوک جێبەجێ ناکرێ، بۆ ئەو مەبەستە لەناوچەکانی چیای حەمرین و دەوروبەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیان لەدژی ئاڵا سپیەکان و هەروەها چەکدارەکانی داعش لەو ناوچەیەدا دەستپێکرد، هەڵبەتە لەو ناوچانەدا چەند گروپێک چالاکی چەکداری تێدا ئەنجامدەدەن و بوونی ئەو گروپانە لەو ناوچانە بەمەترسی و هەڕەشەی ئاسایشی دادەنرێن.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن لەهەردوو دیوای عێراق و ئێران لەو ناوچانەی تێپەڕینی تانکەرەکان گرفتی ئاسایش هەیە، بۆیە ئەو ناوچانە پێویستیان بەپاراستن هەیە بەر لەوەی پلانەکە جێبەجێبکرێ.
لەداهاتوودا بۆ جێگرتنەوەی ڕێگای گواستنەوەی نەوت بەهۆی تانکەرەوە و هەروەها بۆ گرتنی بۆڕی نەوتی باکور بۆ تورکیا، ئێران و عێراق بەتەمای دروستکردنی هێڵێکی (بۆڕی) گواستنەوەی نەوتن بۆ گواستنەوەی نەوتی کەرکوک بۆ ئێران، ئەو هێڵە وەکو جێگرەوەی هێڵی گواستنەوەی نەوتی کەرکوک بۆ تورکیا و دەریای ناوەڕاستیشەوە دەبێ

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.