تەمموز 16, 2019

عێراق چالاکی ملشیاکـــان سنووردار دەکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق کارکردنی هەموو هێزە بیانی و ملشیاکان دەرەوەی چوارچێوەی سوپای عێراق قەدەغە دەکات و، بەناراستەوخۆش ئاماژە بە کۆتایی هێنانی دەستێوەردانی وڵاتان لەخاکی وڵاتەکەی دەکات.
 
عادل عەبدولمەهدی لەراگەینراوێکدا کە لەماڵپەری فەرمی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڵاو کراوەتەوە ڕاگەینراوە " ڕێگە بەهیچ هێزێکی بیانی یاخود پێکهاتەیەکی چەکداری نادرێت لەدەرەوەی سوپای عێراق لەسەر زەوی جموجۆڵ بکات".جەختی لەوەشکردۆتەوە " دووبارە دووپاتیدەکەینەوە، ڕێگە نادرێت بەهیچ هێزێکی بیانی کار بکات یاخود لەسەر خاکی عێراق بەبێ ڕەزامەندی و ڕێکەوتن و کۆنترۆڵکردنی حکومەتی عێراقی، چ لەوڵاتانی هەرێمایەتی بێت یاخود دەرەوەی ئەو ناوچەیە".
عەبدولمەهدی، کە هاوکات فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە باسی لەوەش کردووە " ئەو هێزانە بۆیان نییە چالاکی دژی هەر لایەنێک چ دەوڵەتی دراوسێ بن، یاخود مانەوەی هێزە بیانییەکانی نێوخۆی عێراق یاخود دەرەوەی بێت".ئەمەش لەکاتێکدایە لەدوای داگیرکردنی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق لەلایەن گرووپی چەکداری داعشەوە، بە فەتوای عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شێعەکان، بۆ جیهادکردن لەپێناو پاراستنی خاکی عێراق سەدان ملشیای شێعەی تایفەگەری و، نزیک لەئێران دروست بوون.
دوای دوو ساڵ لەو فەتوایە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەیاسایەکی تایبەت چوارچێوەی یاسایی بۆ ملشیاکانی حەشدی شەعبی دروستبوون، بەڵام ئەو یاسایە نەیتوانی هاووڵاتیانی مەدەنی لەدەست ئەو ملشیانە ڕزگار بکات، کە بەفەرمانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس قەتلوعامێکی گەورەیان دژی تایفەی سوننەکان ئەنجام دا.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی بەغدا، ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە سەرووی ١٠٠ هەزار چەکدار دەبن و، لەچەندین هێزی جیاوازەوە پێک هاتووە، کەزۆربەیان سەر بە حزبە تایفییە شێعە تووندڕەوەکانن. عەبدولمەهدی هێمای بەوەش کردووە "وڵات لەقۆناغی ڕابردوو، بەڕەوشێکی ئاڵۆزو شەڕی ناوخۆ و دەرەکیی تێپەریوەو، سوپای تێدا هەڵوەشاوەتەوەو، داگیرکردن بەسەر عێراقدا سەپێنراوەو، هێزی بیانی تێدا جێگیر بووە".
ئاشکراشی دەکات دەستێوەردانی دەرەکی و پێکهێنانی هێزی چەکداری و بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکەی بۆ ئامانجکردن وهێزە بیانیەکان ڕووی داوە. بەگووتەی خۆیشی "لەدەرەوەی ئیرادەی دەوڵەت بوونە". باس لەکردەوەکانی داعش و بەرەنگاربوونەوەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سوپا، پۆلیس و پێشمەرگەو خۆبەخشەکانیشی کردووە، کە لەپاڵ وڵاتانی هاوپەیمان و دۆست ودراوسێیەکانەوە ئەنجام دراون.
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەڵێت "واقیعی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی کۆمەڵێک دیاردەو هەڵسوکەوتی نابەجێی دەرخستووە، کە پێویستە ئەمرۆ کۆنترۆڵ بکرێن و، هەموو پێوەرەکانیش دەریدەخەن کە وڵات شکۆمەندی و هێزو کۆنترۆڵەکانی بەسەر خاکەکەی دەگەڕێنێتەوە".

 

کارزان حەمید ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler