ئەم پەڕەیە چاپ بکە

سەرژمێری ساڵی داهاتووی عێراق، بۆ کورد زۆر مەترسیدارە

بڕیارە ساڵی داهاتوو سەرژمێری گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان وهەموو ئەو ناوچانەش بەڕێوەبچێت کە بە سنووری مادەی 140 ناسراون. بڕیارەکە کە دەبوایە ساڵی 2007 جێبەجێ بکرێت و بۆ ساڵی 2017 و دواتر بۆ ساڵی 2020 دواخرا و لە کاتێکدا جێبەجی دەکرێت کە کورد لە ناوچە کوردستانییەکان دووبارە تووشی تەعریب و ئاوارەیی بووەتەوە و ئەگەر دۆخەکەی ئاسایی نەکرێتەوە ئەوا زیان بە کورد و چارەنووسی دانیشتووانی سنووری مادەی 140 دەگەیەنێت.

حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دوای دانانی دەستووری هەمیشەیی عێراق هیچ کات بەگوێرەی دەستوور کاریان نەکردووە و کۆمەڵیک مادەی گرنگی دەستووری کە دەکرا لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکرێن جێبەجێ نەکراون و چاوەڕوانی ئەوە کراوە لە کاتێکدا جێبەجێ بکرێن کە پێگەی کورد لاواز بێت.
گرنگترین مادەی دەستووری کە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و بەشێکی کەم لە بڕگەکانی جێبەجێ کراوە بڕیارە بە پیلانێکی نوێ بە زیانی کورد بشکێنرێتەوە.خۆی مادەکە کۆمەڵێک قۆناغی ئاساییکردنەوە و قەرەبووکردنەوە و دواجار سەرژمێری تێدا دەستنیشان کراوە بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە بە خەڵکە رەسەنەکەی خۆی بسپێردرێت و ئەوان بڕیار بدەن بەشێک دەبن لە کوردستان یان سەر بە حکوومەتی ناوەندی دەبن.
دوای ئاساییکردنەوەیەکی سنوورداری دۆخەکە و قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە هاووڵاتیان و گەڕانەوەی کوردە رەسەنەکان، بڕیار بوو لە ساڵی 2007 لەو ناوچانە راپرسی بکرێت بەڵام بە کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق شانی بەر بڕیارەکە نەدا و بۆ کاتێکی تر دواخرا و ساڵی 2017 بۆ سەرژمێری گشتی دەستنیشان کرا.
ساڵی 2017 کە پێشمەرگە رۆڵی باڵادەستی لە ناوچە کوردستانییەکان هەبوو حکوومەتی عێراق رازی نەبوو بە بەڕێوەبردنی هیچ راپرسی و سەرژمێری و ریفراندۆمێک، هەرچەندە خەڵکی کوردستان لەو ساڵەدا ریفراندۆمیان بەڕێوەبرد و سەلماندیان ئەم ناوچانە بەشێکی دانەبڕاون لە کوردستان بەڵام رووداوە نەخوازراوەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەر و داگیرکرانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، ئەمجارە عێراقی هان داوە تا بەپەلە سیاسەتی تەعریبی بەعس لە ناوچەکە تەواو بکات و هەرچی زووە سەرژمێریی گشتی عێراق بکات و لە قازانجی خۆیدا مادەکە یەکلایی بکاتەوە.
سەرژمێری ساڵی داهاتووی عێراق لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە کورد هیچ رۆڵێکی لە ناوچە کوردستانییەکان نییە و دووبارە بە دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەم ناوچانە شوێنی خۆیان جێهێشتووە و ئیدارە و سەرجەم کایەکانی سەربازی و ئەمنی کەوتووەتە دەستی حکوومەتی ناوەند و حەشدی شەعبی وهیچ گەرەنتییەک بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێرییەکی بێلایەن نییە جگە لەوەی دۆخەکە خۆی بۆ سەرژمێری ناشێت.
حکوومەتی عێراق بە ئانقەست نەیهیشتووە لە رابردوودا سەرژمێری گشتی لە عێراق بکرێت و هەموو کات ترسی لەوە هەبووە کەرکووک بە تەواوی لەدەست بدات چونکە ژمارەی دانیشتووانی کورد لە پێکهاتەکانی تر زیاتر بوون و ئێستە کە کورد ئاوارە بووە و لە زۆربەی ناوچەکان تووشی ماڵوێرانی و دەرکردن و تەعریب بووەتەوە دەرفەتەکەی بۆ ناوەند خۆش کردووە دەرەنجامی سەرژمێرییەکی ئەرێنی بۆ دەستەبەر بێت.
عەدالەت عومەر، راوێژكاری دەستەی ناوچە كوردستانییەكانیش بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پێویسیتی زانیوە ھەرێمی كوردستان گوشار بخاتە سەر حكوومەتی فیدڕاڵ بۆ ئەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە شێوەی ھاوبەش بەڕێوە ببرێن، تا ئەو كاتەی چارەسەری گونجاو بۆیەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانە دەدۆزرێتەوە، ئەویش بەپێی ئەو پلانەی لە چوارچێوەی ماددەی١٤٠ی دەستووری عێراقدا ھاتووە.
بە بۆچوونی ئەو راوێژکارە ئەو خەڵكەی سەردەمی رژێم دەركرابوونیان راگوێزرابوون، كە رژێم نەما، گەڕانەوە شوێنەكانیان، بەغدا ئەوەی بە بارگرانی زانی، چونكە رێژەی كورد لە ھەموو ئەو ناوچانەدا بەرز بووەوە و دەستەڵاتدارانی عێراقیش نەیانویست سەرژمێری بكەن.
هەر خۆی ئەو ئاگرتێبەردانەی دەغڵ و دانی جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان بە بەشێک لە ئامادەکاریییەکانی شۆڤێنییەکان بۆ بەڕێوەبردنی سەرژمێری هەژمار دەکرێت و ئەو چەند مانگەی لەبەردەستدا ماوە، حکوومەتی عێراق و گرووپ و میلیشیاکان و لایەنە شۆڤێنییەکان دەیانەوێت هەموو هەوڵەکانی خۆیان بۆ دەرکردنی کورد لە کەرکووک و زیاترکردنی رێژەی عەرەب بخەنە گەڕ.
پێویستە بگوترێت كۆتا سەرژمێری لە عێراق ساڵی 1997 بەڕێوەچووە و ئەوكات ھێشتا رژێمی بەعس لە دەستەڵاتدا بوو و پڕۆسەی سەرژمێریش ھەرێمی كوردستانی نەگرتەوە.

سلێمان تاشان - هه‌ولێر